لەسەرجەم شارەکانی کوردستان و عێڕاق نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی شارەکان هەیە، کەسەرپەرشتی کاروچالاکیەکانی یەکێتیە وەرزشیەکان دەکات، نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی لقی هەولێر ماوەی حەوت ساڵە دوای شەڕی داعش وەکو پێویست هاوکاری ناکرێت و کۆمەڵێک کێشەو گرفتی هەیە، سەرۆکی نوێنەرایەتی هەولێر لەبارەی کاروچالاکیەکان و کێشەو گرفتەکانیان قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد
بیست و هەشت یەکێیەتی وەرزشیمان هەیە
کامەران مەحەمەد سەرۆکی نوێنەرایەتی هەولێری لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: نوێنەرایەتی هەولێری لیژنەی ئۆڵۆمپی ساڵانێکی زۆرە بوونی هەیە، بەڵام ئێمە لەساڵی ٢٠١٥ وە دەسبەکارین ٢٨ یەکێیەتی وەرزشی لە نوێنەرایەتیەکەی ئێمە هەن کاروچالاکیە وەرزشیەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن، لەڕوی کارگێڕیە ئێمە سەر بە لیژنەی ئۆڵۆمپی عێڕاق و کوردستانین، بەڵام لیژنەی ئۆڵۆمپی عێڕاق چەندین ساڵە هاوکاری ئێمەی نەکردووە، ئێستە نەسریەی ئێمە کە لیژنەی ئۆڵۆمپی عێڕاق دەینێرێت ٢٥٠ هەزار دینارە کە ئەو بڕە پارەیە شتێکی ڕەمزیە و ناکرێ هەر باسیشی بکەین.
هەر یەکێتیەکی وەرزشی لەڕێگەی سپۆنسەرەوە چالاکی بکات، ئێمەوە ڕێگەی پێدەدەین
دەربارەی کردنەوەی خول و پاڵەوانیەتیەکان و دابینکردنی بودجەی یەکێتیە وەرزشیەکان گووتی: لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو بەهۆی کێشەو گرفتەکانی دارایی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان ئێمەشی گرتۆتەوە، چونکە ئەگەر پارە نەبێت یەکێتیە وەرزشیەکانیش ناتوانن خول و پاڵەوانیەتی بکەنەوە، ئەم ماوەیە کە بودجەی ئۆڵۆمپی کوردستان خەرجدەکرێت، ئێمەش لەڕێگەی یەکێتیە وەرزشیەکانەوە خەریکی ئەنجامدانی پاڵەوانیەتین و خولەکانین، ئەگەر پارە هەبێت دەتوانین بەبەردەوامی هەموو مانگێک چەند یەکیەتێکی وەرزشی چالاکیەکانی خۆی ئەنجامبدات، هەر یەکێتیەکی وەرزشیش لەڕێگەی کۆمپانیاو سپۆنسەرەوە چالاکی ئەنجام بدات، لەلایەن ئێمەوە ڕێگە پێدراوەم بەمەرجێک بەکتابێکی فەرمی ئێمە ئاگاداربکاتەوە و ئامەژە بە ناوی سپۆنسەر و ئەو لاینە بکات کە سپۆنسەری دەکات.
یەکێتیە وەرزشیەکان هیچ بودجەیەکیان هەیە؟
کامەران مەحەمەد سەرۆکی نوێنەرایەتی هەولێری لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان زیاتر باسی دۆخی یەکێتیە وەرزشیەکان و دابینکردنی بودجەی کرد و گووتی: یەکێتیە وەرزشیەکان بودجەی هەیە، بەمەرجێک پارە هەبێت، بەڵام ئەو چەند ساڵە کە پارە نەبووە ئێمەیش نەماتوانیوە بودجە بۆ یەکێتیە وەرزشیەکان دابین بکەین، جاران لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان بودجەکەی ٣٦٠ میلیۆن بوو، دواتر کەمکرایەوە بۆ ١٨٠ جارێکی تر کەمکرایەوە بۆ ٨٠ ملیۆن لەو بڕە ئێمە ٥ ملیۆن نیو وەردەگرین ئەو پارەیە بەشی ئەوە ناکات هاوکاری ٢٨ یەکێتی وەرزشی پێ بکەین.
هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە کێشەی سەرەکی ئەوان نەبوونی پارەیە، لەو بارەیەوە گووتی: کە پارەت نەبوو هیچت پێناکرێت ناتوانی هیچ کاروچالاکیەک بکەیتەوە، ململانێی سیاسی هۆکارێکی تر بووە و کاریگەری لەسەر دۆخی وەرزشی کوردستان کردووە، بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە کە دەستێوەردانی سیاسی کەمبکەینەوە و کاریگەری لەسەر وەرزش نەبێت.
بەڵێن دەدەن، بەڵام جێبەجی ناکەن
سەرۆکی نوێنەرایەتی هەولێری لیژنەی ئۆڵۆمپی باسی ئەویشی کرد کە بەدواداچونیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان کردووە، لەو بارەیەوە گووتی: چەند جارێک سەردانی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێڕاقمان کردووە و باسی نەبوونی بودجەو کێشەکانمان بۆ کردوون، بەڵێن دەدەن، بەڵام جێبەجێی ناکەن، ئەوان بە ئێمە دەڵێن حەقی هەولێر و دهۆک و سلێمانی لەو ٪١٧ یە وەرگرن کە حکومەتی ناوەندی بۆ کوردستانی دەنێرێت، ڕاستە لە عێڕاق خول و پاڵەوانیەتیە وەرزشیەکان زیاتر دەکرێت وەک لە کوردستان، بەڵام لە هەموو یارییەکان یاریزانانی کورد بەشدارن و ئەنجام و دەسکەوتی باشیش بەدەست دەهێنن.
هەڵبژاردنی یەکێتیە وەرزشیەکان دەکرێت
دەربارەی ئەوەی کە بۆ هەوڵی ئەوەیان نەداوە کە کێشەکانی خۆیان بگەیەنن بە حکومەتی کوردستان، ئەستێرەکەی پێشووی یانەی هەولێر گووتی: هەوڵمانداوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری دۆخی وەرزشی و یەکێتیە وەرزشیەکان بکات، بەڵام بێ ئەنجام بووە، لە ئێستەدا سەرقاڵی هەڵبژاردنی یەکێتیە وەرزشیەکانین، دوای تەواو بوونی هەڵبژاردنی سەرجەم یەکێتیە وەرزشیەکان، هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی هەولێری لیژنەی ئۆڵۆمپیش دەکرێت، ئەگەر ئێمە لەو پۆستەدا ماینەوە، پلانمان هەیە کە هەوڵی زیاتری چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە وەرزشیەکان بدەین، لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستانیش ماوەی ١٧ ساڵە هەڵبژاردنی بۆ نەکراوە پێم باشە ئەوانیش هەڵبژاردن بکەن.