ئەمڕۆ کەرنەڤاڵێکی جەماوەری بۆ ناساندنی یاریزانە‌ نوێیه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر ساز ده‌كرێت

ئەمڕۆ چوارشەممه‌، 24ـی ئابی/ئۆگه‌ستی 2022، یانه‌ی هه‌ولێر بۆ یه‌كه‌مجار له‌ یاریگه‌ فره‌نسۆ هه‌ریری له‌ کاتژمێر 7:30ـی ئێوارە، لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا یاریزانه‌ نوێیه‌كانی بۆ به‌شداریكردن له‌ خولی نایابی عێراق ده‌ناسێنێت.

گرێبه‌سته‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر
یانه‌ی هه‌ولێر بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ شوێنی شێركۆ كه‌ریم، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ مازن فه‌یاز یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و یانه‌ی زه‌ورا كردووه‌، به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست هه‌ولێر كه‌وتووه‌، تێچووی گرێبه‌سته‌كه‌شی 185 ملیۆن دیناری عێراقییه‌، كه‌ له‌سه‌ره‌تادا مازن داوای بڕی 25 ملیۆنی له‌ یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كرد، گرێبه‌سته‌كه‌ی بۆ دوو وه‌رزە، چونكه‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق له‌سه‌ر یانه‌كانی كردووه‌ته‌ مه‌رج كه‌ ده‌بێت گرێبه‌ستی یاریزانان له‌ دوو وه‌رز كه‌متر نه‌بێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ خولی عێراق ببێته‌ خولێكی پیشه‌گه‌ری، به‌مه‌ش ئه‌م یاریزانه‌ بۆ وه‌رزی نوێی خولی نایابی عێراق له‌ شوێنی شێركۆ كه‌ریم له‌ باڵی راست به‌ درێسی یانه‌ی هه‌ولێر یاری ده‌كات. هه‌ولێر تا ئێسته‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ 25 یاریزان ئه‌نجامداوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رزی 2022-2023 ببێته‌ ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی خولی نایابی عێراقی، یاریزانه‌كان بریتین له‌ ره‌ونه‌د عجیلی گۆڵپارێز، له‌ هێڵی به‌رگری یانه‌ی هه‌ولێر له‌م یاریزانانه‌ پێكدێت: (بڕۆنۆ ئۆلیڤێرا، ئه‌حمه‌د ئیبراهیم، هه‌ردی سیامه‌ند، هیلیۆ مۆنتێرۆ، كه‌رار فالح، نیاز محه‌مه‌د، ئه‌حمه‌د مه‌كه‌نزی و کۆسرەت بایز).
له‌ هێڵی ناوه‌ڕاست گرێبه‌ستی له‌گه‌ل ئه‌م یاریزانانه‌ كردووه‌، (ئه‌یمه‌ن ته‌ڕابلسی، نه‌بیل سه‌باح، ئاكام هاشم، حه‌سه‌ن چه‌لوب، محه‌مه‌د موحسین، محه‌مه‌د ساڵح، ره‌وا یوسف، دیدار غازی و عەلی شاخەوان).
بۆ هێڵی پێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م یاریزانانه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ رێككه‌وتنی كۆتایی: (مازن فه‌یاز، جاسم محه‌مه‌د، سه‌فین مه‌نسوڕ، دانا عوسمان، موئه‌یه‌د عه‌بدولباست، عەبدولقادر ئەیوب و ئەمجەد رازی).
هه‌ولێر له‌ 1968 دامه‌زراوه‌، تا ئێسته‌ 4 جار بووه‌ته‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی عێراقی، ئه‌م وه‌رزه‌ش ده‌یانەوێت هه‌ولێر بگه‌ڕێنەوە سه‌ر رێچكه‌ی ده‌ستكه‌وت و نازناوه‌كانی. هانده‌رانی هه‌ولێر ده‌یانه‌وێت جارێكیتر هه‌ولێر له‌ پێشه‌نگی یانه‌كانی عێراق ببینه‌وه‌، چونكه‌ له‌م ساڵانه‌ی دوایی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ولێر باش نه‌بووه‌، هه‌ولێر تاكه‌ یانه‌ له‌ پارێزگایه‌كی دیكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا 4 جار نازناوی خولی نایابی عێراقی بردبێته‌وه‌.
نزار مه‌حرووسی راهێنه‌ر به‌ڵێنی به‌ هانده‌رانی هه‌ولێر داوه‌، ئه‌م وه‌رزه‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ولێر زۆر له‌ وه‌رزی رابردوو باشتربێت، به‌ تایبه‌تی وه‌رزی رابردوو به‌ هۆی گرفتی دارایی و هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ولێر ئه‌نجامه‌كانی له‌سه‌ه‌رتای خوله‌كه‌ باش نه‌بوو.