دوای شەش ساڵ یانەی دهۆک چاوی لە گەڕانەوەیە بۆ خولی نایابی عێڕاق

ماوەی 20 ڕۆژە یانەی دهۆک بە ڕاهێنەرایەتی سلێمان ڕەمەزان دەستی کردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ یاری قۆناغی گەیشتن بە خولی نایابی عێڕاق، کە بڕیاروایە لە یەکی مانگی داهاتوو لە شاری بەغدا ڕووبەڕوی یانەی ناسڕیە ببێتەوە، بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی تیپەکەیش دهۆک چەندان یاریزانی لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق و دەرەوە هێناوە، ڕۆژنامەی هەولێر دواین ئامادەکارییەکانی یانەی دهۆک دەخاتە ڕوو.

پێنج یاریزانی نوێی گواستۆتەوە
دوای بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق کە بڕیاریدا یارییەکی یەکلاکەرەوە لە نێوان هەردوو یانەی دهۆک و ناسڕیە ئەنجام بدرێت کە پلەی دووەمی هەردوو کۆمەڵەی خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاقیان بەدەستهێنا بوو، ماوەی زیاتر لە بیست ڕۆژە یانەی دهۆک دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ ئەو یارییە، بۆ پێکهاتەی ئەم وەرزەی یانەکە دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک گرێبەستی لەگەڵ چەندین یاریزان واژوو کرد جگە لەو یاریزانانەی تیپەکە کە وەرزی ڕابردوو یارییان کردووە، ڕاهێنەر سلێمان ڕەمەزان لە قۆناغی یەکەم ٤٠ یاریزانی تاقیکردەوە، بۆ گەیشتن بە پێکهاتەیەکی گونجاو بۆ یاری چارەنوسسازەکەیان بەرامبەر بە یانەی ناسڕیە.
دەربارەی دواین ئامادەکارییەکانی یانەی دهۆک، مەحەمەد بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەکە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ دەستەی کارگێڕی بە هەموو شێوەیەک ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خولی نایابی عێراق، له‌م پێناوه‌شدا یانەکە کۆمەڵێک یاریزانی ناسراو و بەتوانای هێناوە.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی راگه‌یاندنی یانه‌ی دهۆك گوتیشی: ڕاهێنەرێکی توانای جەستەی بیانی هاتووه‌ و یاریزانان بە ڕوحەیەتێکی زۆرەوە بۆ ئەو یارییە ئامادەن، تا ئێستە هاوکاری پارێزگای دهۆک بۆ یانەکە وەکو پێویست نەبووە، هیوادارین هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوی بتوانین لەو قۆناغە چارەنوسسازەدا سەربکەوین و دڵی هاندەران بە گەڕانەوەمان بە خولی نایابی عێڕاق شاد بکەین.

دهۆک لەقۆناغی کۆتایی ئامادەکارییەکانە
لە ئێستەدا ئامادەکارییەکانی تیپەکە لە قۆناغی کۆتایدایە و ماوەی چەند هەفتەیەک بەشێوەیەکی چر لە شاری دهۆک ڕاهێنانەکان ئەنجامدەدەن و لەو ماوەیەیشدا یانەکە چوار یاری دۆستانەی ئەنجامداوە، بڕیاریشە تاوەکو ڕۆژی ٢٨ مانگ کە یانەکە گەشتی بەغداد دەکات، تیپەکە چەند یارییەکی تر بکات بۆ ئەوەی بگاتە پێکهاتەی کۆتایی بۆ یاری چارەنوسسازی خۆی لەبەرانبەر بەیانەی ناسریە.
پێکهاتەی دهۆک تاوەکو ئێستە بەمشێوەیە دەبێت، یاریزانانی وەرزی ڕابردوو بریتن لە (دلۆڤان ساڵح، سیابەند عەگید، سەعد غانم، وەلید سەلمان، موسا شوکری، مورتەجا عادل، هەنگاو مەحەمەد، نورۆ سولێ – غانی).
یاریزانانی خولی کوردستان کە بۆ تیپەکە سەرخراون ئەمانەن: (ڕەمەزان فەیسەڵ، گۆڵپارێز، زانا جەوزەل، گۆڵپارێز، ئەحمەد کەریم، سابر عەبدولکەریم، ئیڤان سلێمان).
یاریزانانی نوێی یانەکە بریتین لە (ئەحمەد عادل، کەریم دەلی، ئەیاد سەدیر، عەباس مەحەمەد، گۆڵپارێز، ژیار گۆڤەند، دیار عەلی، هەریم تەحسین، ئەحمەد بەشار)
یاریزانە پیشەگەرەکانیش ئەمانەن: (یونیک زاکری- کۆدیڤوار، پرێنس ئۆپۆکۆ ئاگیمانگ – غانا)
ستافی تیپەکە لەمانە پێکهاتوون: خالید موشیر: سەرپەرشتیار، سلێمان ڕەمەزان: ڕاهێنەر، ئەحمەد جدەیەع: یاریدەدەری ڕاهێنەر، هومام ساڵح: یاریدەدەری ڕاهێنەر، کاوە ئیبراهیم: ڕاهێنەری گۆڵپارێزان، ڕیکاردۆ ئەلمێدا، ڕاهێنەری توانای جەستەیی.

دهۆک چۆن دەگاتە خولی نایابی عێڕاق؟
بۆ ئەوەی جارێکی تر یانەی دهۆک لە خولی نایابی عێڕاق ببینین پێویستە یانەی دهۆک بەربەستی هەردوو یانەی ناسریە و ئەمانەی بەغداد ببڕێت، لەیاری یەکەمدا دهۆک و ناسریە لە بەغداد لە یەکی مانگی داهاتوو بەیەک دەگەن و یەک یاری ئەنجامدەدەن، براوەی ئەو یارییە یارییەکی پلەی ئۆف لەگەڵ یانەی ئەمانەی بەغداد ئەنجامدەدات کە پلەی حەڤدەیەمی خولی نایابی عێڕاقی بەدەستهێناوە، براوەیان دەبێتە یانەی هەژدەیەم و دەگاتە خولی نایابی عێڕاق. دهۆک پێویستە لەهەردوو یاریەکە براوە بێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ڕیزی یانە نایابەکانی عێڕاق.

ھەواڵی زیاتر