چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئاسۆ رۆسته‌م بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌كرێت و شێركو كه‌ریمیش دوورده‌خرێته‌وه‌

بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا عێراقییەکان، لە رۆژانی داهاتوو رازی شنەیشل راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی دۆستانەی ئوردن ئاشکرا دەکات کە زۆربەیان لە یاریزانە پیشەگەرەکان پێک دێن، لەو لیستەی وابڕیارە ئاشکرا بکرێت ئاسۆ رۆستەم هێرشبەری کوردی یانەی سالمیەی کوەیتی تێدا دەبێت کە وەرزی رابردوو بووە گۆڵکاری یاریزانە عێراقییەکان لە خولی نایابی عێراق و لەدوای مەحموود مەواس بە تۆمارکردنی ١٨ گۆڵ بووە دووەم گۆڵکاری خولەکە لەگەڵ یانەی نەورۆز.
جگە لە ئاسۆ رۆستەم، رازی شنەیشل هەریەکە لە مێرخاس دۆسکی و هیران ئەحمەد و کاردۆ سەدیق یاریزانانی کورد بانگهێشتی پاڵەوانێتییەکە دەکات و زیدان ئیقبالیش بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا عێراقییەکان لەو لیستەدا دەبێت، بەڵام بانگهێشتی شێرکۆ کەریم هێرشبەری کوردی یانەی کوەیتی کوەیتی ناکرێت.
هه‌ڵبژارده‌ی عێراق دوای به‌شداریكردنی له‌ پاڵه‌وانێتی دۆستانه‌ ئوردن، له‌ داهاتوو، بڕیاره‌ دوو یاریی دۆستانه‌ش به‌رامبه‌ر به‌لجیكا و مه‌كسیك ئه‌نجام بدات، یارییه‌كه‌ی مه‌كسیك له‌ رۆژی 9/11/2022 له‌ ئیسپانیا ده‌بێت، عێراق و به‌لجیكاش ره‌نگه‌ له‌ بروكسل یان له‌ به‌سره‌ رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه‌، هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیاش یه‌كێك بوو له‌و هه‌ڵبژاردانه‌ی ره‌تی كرده‌وه‌ یاریی دۆستانه‌ به‌رامبه‌ر عێراق بكات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، راهینه‌ر رازی شنه‌یشلی وه‌ك راهینه‌ری یه‌كه‌م ده‌ستنیشانكردووه‌، یاریده‌ده‌ره‌كانیشی هه‌ره‌یك له‌ نزار ئه‌شره‌ف و جبار هاشم ده‌بن، ساڵح حه‌میدیش وه‌ك راهینه‌ری گۆلپارێزان ده‌ستبه‌كارده‌بێت.
باشترین ده‌ستكه‌وتی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بردنه‌وه‌ی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئاسیای 2007 بوو، كاتێك له‌ یاریی كۆتایی به‌ گۆڵیكی بێوه‌ڵام له‌ هه‌ڵبژارده‌ی سعودیه‌ی برده‌وه‌، جگه‌ له‌م ده‌ستكه‌وته‌ له‌ 1986 هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ جامی جیهانی له‌ مه‌كسیك سه‌ركه‌وت و ته‌نها یه‌ك گۆڵی تۆماركرد، ئه‌وه‌یش یاریزان و هێرشبه‌ری به‌ناوبانگی عێراقی و جیهانی ئه‌حمه‌د رازی له‌ دژی به‌لجیكا تۆماریكرد، دوای ئه‌مه‌ هیچ جارێكیتر عێراق بۆ مۆندیال سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.
گرفتی سه‌ره‌كی عێراق له‌ فیدراسیۆنه‌كه‌ی دایه‌، كه‌ بوونه‌ته‌ دووبه‌ره‌ی جیاواز و به‌ ئاشكرا له‌میدیاكان دژایه‌تی یه‌كترده‌كه‌ن، جه‌ماوه‌ری تۆپی پێی عێراقی باوه‌ڕیان به‌م فیدراسیۆنه‌ نه‌ماوه‌ ئه‌نجامی دڵخۆشكه‌ر بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌یان به‌ ده‌ستبهێنن