پێشمەرگەی سلێمانی بەستافێکی نوێ ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ خولی پلەیەکی عێڕاق ده‌ستپێكرد

هەفتەی ڕابردوو یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەشاری سلێمانی ستافی نوێی ڕاهێنەرانی یانەکەی بۆ وەرزی نوێی خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق ڕاگەیاند، ڕۆژی شەمەیش یانەکە بە ئامادەبوونی سەرجەم یاریزانەکانی یەکەم یەکەی مەشق و ڕاهێنانی بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق دەسپێکرد، پلان و ئامانجی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ ئەم وەرزە گەیشتنیانە بە خولی نایابی عێڕاق و بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی یانەکەیش یاریزانی پیشەگەر دەهێنن.

پێنج یاریزانی نوێی گواستۆتەوە
بۆ پێکهاتەی ئەم وەرزەی یانەکە دەستەی کارگێڕی پێشمەرگەی سلێمانی لەسەر داواکاری ڕا‌هێنەری نوێی یانەکە قوسەی هاشم چەند یاریزانێکی نوێی گواستۆتەوە، بەتایبەت ئەو یاریزانانەی کە وەرزی رابردوو لە یانەکانی تر لە خولی پلەیەکی عێڕاقی یارییان کردووە و ئەزموونیان هەیە، بەگوتەی سەرپەرشتیاری تیپەکە یانەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی هەموو ئەو داواکاریانەی ڕاهێنەر جێبەجێ دەکات کە داوای کردووەن، بەتایبەت هێنانی یاریزان لەو ‌هێڵانەی کە تیپەکە پێویستیەتی.
پێشمەرگە تاوەکو ئێستە پێنج یاریزانی نوێی هێناوە کە ئەوانیش یاریزانی لاو شێروان کوردستان کە وەرزی ڕابردوو لەیانەی هەولێر لەخولی نایابی عێڕاق یاریدەکرد، هەروەها یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی پێشووی یانەکانی دەربەندیخان و پێشمەرگەی هەولێر هەڤاڵ مەحەمەد، یاریزانێکی تریش یاریزان ساڵح موتلەکە کە لە‌هێڵی هێرشبەر یاریدەکات و وەرزی ڕابردوو گۆڵکاری خولی پلەیەکی عێڕاقی بووە و لەگەڵ یانەی کەربەلا گەیشتۆتە خولی نایابی عێڕاق، هەروەها یاریزان عەلی کەنوش یەکێکی ترە لە گرێبەستەکانی پێشمەرگەی سلێمانی، بەڵام بەگوتەی ڕاگەیاندنی یانەکە ئەو یاریزانە نزیکە لەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پێشمەرگە هەڵبوەشێتەوە، یاریزانێکی تری پیشەگەر کە ماوەی دوو وەرزە لەو یانەیە یاریدەکات، ئیبراهیم حوسێنی ئێرانیە، هەروەها یاریزان نیاز مەغدید یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی پێشووی یانەکانی دهۆک و هەولێر و گازی باکوور گرێبەستی لەگەڵ پێشمەرگەکان واژوو کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر، پێشمەرگه‌ی سلێمانی لە گفتووگۆدایە بۆ هێنانی سێ یاریزانی پیشەگەری ئەفریقی، بەڵام کاتی هاتنیان دیارنیە بەهۆی تەواو نەبوونی کارەکانی گواستنەوەیان، هەرچەندە قۆناغی واژووکردنی گرێبەستەکانیان لەم چەند ڕۆژە دەبێت.

١٢ یاریزانی وەرزی رابردوو لە پێکهاتەی تیپەکە ماون
دەربارەی ئامادەکاری پێشمەرگەی سلێمانی بۆ وەرزی ئەمساڵی خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق شاڵاو عەبدولواحید ڕاگەیاندنکاری یانەکە به‌ ڕۆژنامەی هەولێری راگه‌یاند دوازدە یاریزانی وەرزی ڕابردوو لە پێکهاتەی یانەکە ماون و گرێبەستەکانیان نوێکراوەتەوە، هەروەها هەریەک لە یاریزانان ڕاوێژ جەلال و ئەحمەد وەهاب کە وەرزی ڕابردوو توشی پێکان بوون تا ئێستە لە تیپەکەن و بەم نزیکانە چارەنوسیان ئەوانیش دیاری دەکرێت.
عێڕاق شاڵاو عەبدولواحید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد لە ئێستەدا ئامادەکارییەکانی تیپەکە دەستی پێکردووە و ماوەی چەند هەفتەیەک بەشێوەیەکی چر لە شاری سلێمانی مەشق و ڕاهێنانەکانیان ده‌كه‌ن و دواتر ئەگەر پێویستی کرد کەمپی مەشق و ڕاهێنان بۆ یانەکە ده‌كه‌نه‌وه‌، چی لە کوردستان بێت یان دەرەوەی کوردستان شوێنی کەمپەکەیش ڕاهێنەر دیاری دەکات کە چ شوێنێکی پێباشە.
له‌ باره‌ی یاریزانه‌ لاوه‌كانی پێشمه‌رگه‌، ئه‌و راگه‌یاندكاره‌ی یانه‌كه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ تیپی لاوانی یانەکەیان کە پاڵەوانی خولی لاوانی کوردستان بوون، چەندان یاریزانی بەتوانای تێدایە، بە ئەگەرێکی زۆر چوار بۆ پێنج یاریزان بۆ پێکهاتەی تیپی یەکەم سه‌رده‌خه‌ن، دەستنیشانکردنی یاریزانانیش لەسەر داوای ڕاهێنەر دەبێت و ئەو یاریزانەکان دەستنیشان دەکات.
شاڵاو ئاماژەی بەوەیش کرد کە قوسەی هاشم و ستافەکەی لەگەڵ یانەی کەربەلا سەرکەوتوو بوون ئەو یانەیان گەیاندە خولی نایابی عێڕاق، بۆیە ئەزموونی ئەو ڕاهێنەرە و پێکهاتەی تیپەکەیان وادەکات کە ئامانجمان گەیشتن بێت بۆ خولی نایابی عێڕاق.
ستافی تیپەکە لەمانە پێکهاتوون: وسام مەحەمەد: سەرپەرشتیار، قوسەی هاشم: ڕاهێنەر، تەحسین فازڵ: یاریدەدەری ڕاهێنەر، عەباس سەلمان: یاریدەدەری ڕاهێنەر، کەیوان قادر: ڕاهێنەری گۆڵپارێزان.

ھەواڵی زیاتر