ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
شاخەوانی ناسراوی كورد “سیامەند جەعفەر”، لە گەشتێكی سەخت و سەركەوتووی شاخەوانیدا، لە شاری ھەولێرەوە توانیی خۆی بگەیەنێتە لووتکە چیای كازبێك لووتکەیەکی هەرە بەرزی چیاكانی وڵاتی جۆرجیا لە ئەوروپای ڕۆژھەڵات كە بەرزییەكەی لە ئاستی دەریاوە (٥٠٤٧) مەترە و بەھۆی سەختی ڕێڕەوەكانیشیەوە بە (ئێڤێرێستە بچووك) ناوبانگی دەركردووە.
لووتکە چیای كازبێك یەكێكە لە لووتکە چیا گرنگ و بەرزەكانی ناوچەی قەفقاز و كەوتۆتە باكووری وڵاتی جۆرجیا. ھەروەھا ئەو چیایە لەنێوانی سنووری ھەردوو وڵاتی جۆرجیا و ئۆسیتیای ڕووسیا ھەڵكەوتووە و بۆیەكەم جار لە ساڵی ١٨٦٨ شاخەوانان توانیویانە پێ بنێنە سەر ئەو لووتکە شاخە.
بەپێی وتەی ئەو شاخەوانە كوردە، گەشتەكەی لە سەرەتای مانگی ئاب کراوە كە دوای بڕینی ڕێڕەوێكی سەخت و دژوار و لە كاتژمێر(١١:٤٥)ی نێوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە(٨ی ئابی ٢٠٢٢) بە سەلامەتی گەیشتوونەتە لووتکە چیای كازبێك.
ئەو شاخەوانە كوردە كە ھاوكات بەرپرسی بەشی تەكنیكی ناوەندی ھەولێر ـ فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستانە و لەگەڵ كۆمەڵێك ھاوڕێی دیكەیدا لە ئێرانەوە ئەو گەشتەی ئەنجام داوە، جەختی لەسەر ئەوەكردەوە، چیای كازبێك چیایەكی سەختە و لە وەرزی ھاوینیشدا بەبێ بوونی كەرەسەتەی تەكنیكی شاخەوانیی ناتوانیت بە لووتکە شاخەكە بگەیت، چونكە بەشی زۆری لووتکە شاخەكە لەھەموو وەرزەكانی ساڵدا بە بەفر و سەھۆل داپۆشراوە.
بە پێی راگێیەنراوێكی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان وا بڕیار بوو تیمێكی ھاوبەشی گرووپەكانی شاخەوانیی تۆمار لە فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان لە ھەرێمی كوردستانەوە گەشتی شاخەوانیی بۆ لووتکە چیای كازبێك ئەنجام بدەن، بەڵام بەھۆی كۆمەڵێك گرفتی تەكنیكی و لە سەرووی ھەمووشیانەوە، بەھۆی نەبوونی سەفارەتخانە و كونسوڵخانەی وڵاتی جۆرجیا لە عێراق و ھەرێمی كوردستاندا، بەرنامەی گەشتەكە ھەڵوەشایەوە.
سیامەند جەعفەر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە ڕێكخستنی ئەم جۆرە گەشتانە بۆ لووتکە شاخە بەرزەكانی دەرەوەی وڵات، دەرس و ئەزموونێكی نوێ دەبێت بۆ كاروانی وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانی لە ھەرێمی كوردستاندا و ڕۆڵی بەرچاویشی دەبێت بۆ پێشخستنی ئەم وەرزشە لە كودستاندا.