یانەی سلێمانی خۆی بۆ خولی پلە یەکەکانی کوردستان و عێڕاق ئامادە دەکات

دوای دابڕانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ئێستەدا یانەی سلێمانی سەرقاڵی گەڕانەوەیەتی بۆ نێو کێبڕکێکانی تۆپی پێ و دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو بە بڕیارێک فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان ئەو یانەیەی گەڕاندەوە خولی پلە یەکی کوردستان یانەکە ئامانجی ئەوەیە بەبەهێزی بەشداری خولەکانی کوردستان و عێڕاق بکات.

سلێمانی بەبەهێزی دەگەڕێتەوە
وەرزی ڕابردوو یانەی سلێمانی بە پێکهاتەیەکی لاو بەشداری خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستانی کرد، ئەگەرچی ئەنجامەکانی باش نەبوون و لە خانەکانی کۆتایی ڕیزبەندی کۆمەڵەکەی بوو، بەڵام بەرپرسانی یانەکە ئەمە بە گەڕاندنەوەیەکی باش دەزانن.
یانەکە ئەم وەرزە پلانێكی جیاوازی هەیە و جگە لە خولی پلە یەکی کوردستان مەبەستیەتی لە خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاقیش بەشداری بکات، لەچەند ڕۆژی ڕابردویشدا سلێمانی ستافی نوێی ڕاهێنەرانی دەست نیشان کرد.
دواتر و بە کۆمەڵ زیاتر لە ١٣ یاریزانی نوێی لە یانەکانی تر گواستەوە تیپەکە و ئامانجی ئەوەیە کە ئەنجام و دەسکەوتی باش بەدەسبهێنێت و جارێکی تر بگەڕێتەوە سەر سەکۆی ناسناوەکان، بە گوتەی بەرپرسانی یانەکە ئەمساڵ سلێمانی جیاواز دەبێت و رکەبەری گەیشتن بە خولی نایابی کوردستان وعێڕاق دەکات.

کۆمەڵێک یاریزانی ناسراو هاتونەتە تیپەکە
گرێبەستەکانی یانەی سلێمانی کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ئەنجامی داون بەمشێوەیە دەبن، یانەکە ڕاهێنەری بە ئەزموون خەسرەو گرونی وەک سەرپەرشتیاری گشتی هونەری دەست نیشانکردووە، هەروەها ئەیاد شەمسوڵا وەک ڕاهێنەری یەکەمی یانەکە دیاریکرا، وەک راهێنەری گۆڵپارێزانیش عومەر حەمە ئەمین دیاریکراوە، فەرمان کەرەم یاریدەدەری ڕاهێنەری تیپەکە دەبێت، شڤان مەحەمەد وەک کارگێڕی تیپ لەگەڵ یانەکە بەردەوام دەبێت، هەروەها یانەکە لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک یاریزانی بە ئەزموون و ناسراوی کوردستانی بۆ تیپەکە هێناوە کە ژمارەیان سێزدە یاریزانە، کە ئەمانەن (بەهادین بەکر، هەردی سەیفەدین، شێرکۆ جەبار، بەرهەم جەبار، یاسین جەوهەر، حەیدەر جەلیل، ئەلەند دارا، هاوبەش عومەر، دانیار ئیسماعیل، شکار یاسین، مەحەمەد جەمال، پێشڕەو شەریف، بابان عەلی) چەند یاریزانێکی وەرزی ڕابردووی تیەکە کە بەشداری خولی یانە پلە یەکەکانیان کرد و لەگەڵ چەند یاریزانێکی تیپی لاوان لەگەڵ ئەو ١٣ یاریزانە لە تیپەکە دەبن، بڕیار وایە لەماوەی داهاتوودا تیپەکە دەست بەیەکەم یەکەی مەشق و ڕاهێنان بکات، ئەگەرچی ماوەی زیاتر لە دوو مانگ ماوە بۆ دەسپێکردنی یارییەکانی خولی پلە یەکی کوردستان و عێڕاق.

ھەواڵی زیاتر