چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئایا ڕۆناڵدۆ بڕیاری خۆی داوه‌ و په‌شیمان نابێته‌وه‌؟

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان. له‌م به‌شه‌ی كۆهه‌واڵدا، باسی بڕیاری ڕۆناڵدۆ بۆ رۆییشتنی له‌ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد ده‌كه‌ین.

ڕۆناڵدۆ بڕیاری خۆی داوه‌ و په‌شیمان نابێته‌وه‌؟
به‌شێكی زۆری ڕاپۆرته‌ مێدیاییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئه‌م هاوینه‌ ریزه‌كانی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد جێ ده‌هێڵێ، چونكه‌ ده‌یه‌وێ له‌ یانه‌یه‌ك بێ به‌شداریی یارییه‌كانی چامپیۆنس لیگ بكات، له‌و رووه‌وه‌ تیگ هانی راهێنه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد بۆچوونی خۆی خسته‌ روو. كاتێك رۆژنامه‌نووس له‌ تین هاگ، راهێنه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتدی پرسی، ڕۆناڵدۆ خواستی رۆییشتنی هه‌یه‌، ده‌ڵێ: ئه‌و شته‌ی لای من نه‌وتووه‌.
راهێنه‌ره‌ هۆڵه‌ندییه‌كه‌ ده‌ڵێ: مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و یاریزانانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هه‌مانن، پلانیش بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ بوونی ڕۆناڵدۆوه‌ داده‌نێین، پێویستیسته‌ وابه‌سته‌ی یانه‌كه‌ی بكه‌ین بۆ ئاماده‌كاری.
گوتیشی: پێویسته‌ ڕۆناڵدۆ بگاته‌ ئاستێكی به‌رز و گونجاوی توانای جه‌سته‌یی، تا بتوانێ ئه‌و كاره‌ بكا و ئه‌و ڕۆڵه‌ بگێڕێ، كه‌ لێی چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین. پێشتر تین هاگ گوتبوی، كه‌ ڕۆناڵدۆ له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می خولی ئینگلته‌را به‌ شێوه‌ی سه‌ره‌كی به‌شداریی ناكات، كه‌ یارییه‌كه‌یان به‌رانبه‌ر برایتۆن 1-2 گۆڵ دۆڕان، به‌هۆی كه‌میی توانای جه‌سته‌ییه‌وه‌.
چه‌ند كه‌سێكی نزیكی ڕۆناڵدۆ، پێشتر رایانگه‌یاند، ڕۆناڵدۆ پێی خۆش نییه‌ له‌ تیپێك بێ كه‌ به‌شداریی چامپیۆنس لیگ نه‌كا و چاوه‌ڕێش ناكرێ له‌ پرێمه‌ر لیگیش ركه‌به‌ری بكا، بۆیه‌ به‌ نزیك داده‌نرا كه‌ بچێته‌ یانه‌یه‌كی به‌شدار له‌ چامپیۆنس لیگ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ناوی چه‌ند یانه‌یه‌ك ده‌هێنرا، به‌ڵام ئێسته‌ راهێنه‌ری مان یوو، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ رۆناڵدۆ لای ئه‌و، باسی رۆییشتنی نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی له‌ مان یوو، زۆره‌.