ئاکرێ وەک یەکەم یانە دەستی کرد بە مەشقکردن وەک ئامادەکاری بۆ خولی نایابی کوردستان

یانەی ئاکرێ وەک یەکەم یانە دەستی کرد بە مەشق و ڕاهێنانەکان بۆ خولی نایابی کوردستان کە دوو مانگی تر یارییەکانی دەست پێدەکات، ئاکرێ وەرزی ڕابردوو هاوشانی یانەی چوارقوڕنە لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنا و گەیشتە خولی نایابی کوردستان، ئاکرێ لەم وەرزەدا مەحموود مەجیدی کردۆتە ڕاهێنەری تیپەکە بە هێنانی کۆمەڵێک یاریزانی ناوخۆی و پیشەگەر چاویان لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە خولەکە.

پێکهاتەیەکی بەهێز دروست دەکەن
دوای ئەوەی لە یارییەکانی وەرزەی ڕابردووی خولی پلەیەکی کوردستان یانەی ئاکرێ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنا جارێکی تر گەیشتەوە خولی نایابی کوردستان، یانەکە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ خولی نایابی کوردستان و مەحموود مەجید وەک ڕاهێنەر تیپەکە دەستنیشانکراوە و یەکەم یەکەی مەشقی خۆیشی ئەنجامدا لە ئێستەیشدا یانەکە سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی گەورەی ئاکرێن و بۆ ئەم وەرزە بە یاریگەیەکی نوێ بەشداری خولی نایابی کوردستان دەکات، دەربارەی ئامادەکارییەکانی ئاکرێ هۆزەڤان زاید ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەکە کۆمەڵێک زانیاری نوێی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر باسکرد و گووتی: دوای دیاریکردنی وادەی خولی نایابی کوردستان وەکو یانەی ئاکرێ دەستمان کردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێی خولەکە، وەک دەستەی کارگێڕی یانەکە گرێبەستمان لەگەڵ ڕاهێنەری بە ئەزموون مەحموود مەجید واژوو کردووە کە ناوبراو پێشتریش ڕاهێنەرایەتی یانەی ئاکرێی کردووە، گرێبەستەکەی بۆ ماوەی یەک وەرز دەبێت، وەک یەکەم یانەی بەشدار لە خولی نایابی کوردستان دەستمان کرد بە ئەنجامدانی یەکەم یەکەی مەشق و ڕاهێنان کرد.

چەند یاریزانێک دەگوازنەوه‌
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی یانەی ئاکرێ باسی پێکهاتەی ئاکرێیشی کرد بۆ وەرزی نوێ و گووتی: لە ئێستە لەگفتووگۆداین لەگەڵ چەند یاریزانێک بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ واژوو بکەین، بڕیار وایە شەش تا حەوت یاریزانی نوێ بهێنینە یانەکەوە و لەچەند ڕۆژی داهاتوو گرێبەستی ئەو یاریزانانە ڕادەگەیەنین، دەمانەوێت کۆمەڵێک یاریزانی لاوی ئاکرێ بهێنینە تیپەکە و زیاتر گرنگی بە لاوەکانی خۆمان بدەین، لەسەر داوای ڕاهێنەر لە مەشقەکان چاودێری یاریزانانی وەرزی ڕابردوو دەکات و ئەو یاریزانانە دەست نیشان دەکات کە بۆ پێکهاتەکەی ئەو گونجاون، وەک یانەی ئاکرێ ئەم وەرزە گەرەکمانە ببینە ژمارەیەکی قورس و چاومان لە ئەنجامی باشە بۆ یانەکە.

ئاکرێ بە یاریگەیەکی نوێوە بەشداری خولی نایاب دەکات
لە ساڵانی ڕابردوو یانەی ئاکرێ کێشەی یاریگەی هەبوو لەبەر خراپی یاریگەکەی زۆر جار یارییەکانی دەگواستەوە شارەکانی تر، لە ئێستەدا یانەکە خەریکی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی گەورەی ئاکرێن و بە گوتەی ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی یاریگەکە لە قۆناغی کۆتای دایەو ڕەنگە دوای ئەنجامدانی چەند یارییەکی ئەم وەرزە یاریگەکە بۆ یاریکردن ئامادە بێت.
هۆزەڤان زاید ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەکە کە پێشتر یاریزانی ئاکرێ بووە زیاتر باسی یاریگە نوێیەکەی ئاکرێی کرد و گووتی: هیچ کەس و لایەنێک بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە هاوکاری نەکردووین و لەسەر داهاتی مانگانەی یانەکە یاریگەکە نۆژەن دەکەینەوە، چینی ژێرەوەی یاریگەکە و سیستەمی ئاوی تەواو بووە و لەماوەی داهاتوودا چیمەنی یاریگەکە کە چیمەنێکی سروشتیە بۆ یاریگەکە دادەندرێت و قۆناغ بە قۆناغ کارەکانی یاریگەکە بەردەوام دەبن بڕی ٤٠ تا ٥٠ ملیۆن خەرجی نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە دەبێت.

بۆ باشکردنی یانەی ئاکرێ هەموو هەوڵێک دەدەین
بەرگریکارەکەی پێشووی یانەی ئاکرێ باسی لایەنی دارایی یانەکەشی کردوو گووتی: بۆ خزمەتکردنی یانەی ئاکرێ پەنا بۆ هەموو کەس و لایەنێک دەبەین بۆ باشترکردنی ناوی یانەی ئاکرێ تاوەکو هاوکاری ئێمە بکەن، ئێمە داهاتێکی مانگانەمان هەیە کە چەند دوکانێکە بەو بڕە پارەیە تا ئێستە خەرجیەکانی یانەکە جێبەجێ دەکەین، کەس تا ئێستە هاوکاری ئێمەی نەکردووە نە بەرپرسانی شارەکە و نا پارێزگای دهۆک، تەنانەت دوای گەیشتنیشمان بە خولی نایابی کوردستان کەس بە فەرمی پیرۆزبایشی لێنەکردووین.
بە داهاتی یانەکە بەشداری خولی نایابی کوردستان دەکەین و هیوادارین بەرپرسانی شارەکە و لایەنی پەیوەندیدار هاوکاری یانەکەمان بکەن و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو نەکەوینە دۆخێکەوە کە لە ناوەڕاستی خولەکە بڕیاری کشانەوە بدەین.

ھەواڵی زیاتر