ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید “ئیسکۆ” بە فەرمی لەگەڵ سێڤییا گەیشتە رێککەوتن

ئیسکۆی ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید بە فەرمی لەگەڵ سێڤییا گەیشتە رێککەوتن، گرێبه‌سته‌كه‌ی تا 2024 ده‌بێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 7 ئابی 2022، یانه‌ی سێڤییا لە بەیاننامەیەکی فەرمی رایگەیاند بە گرێبەستێکی خۆڕایی توانیان ئیسکۆی ناوەڕاستکاری ئیسپانی ببەنە ریزەکانیان.

یانەکەی هەرێمی ئەندەلوس ئاشکراشی کردووە ئیسکۆ سبەی دووشەممە دەگاتە سێڤییا و پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێتە موڵکی یانە ئیسپانیەکە.

ئیسکۆی ته‌مه‌ن 31 ساڵ، بۆ ماوەی نۆ ساڵ درێسی ریال مەدریدی پۆشی و لە کۆتایی گرێبەستەکەشی لە کۆتایی وەرزی رابردوو لە یانەکەی جیابووەوە.

ئیسکۆ له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2013 لە یانەکەی مالەگاوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، له‌گه‌ڵ یانه‌ی شاهانه‌كان له‌ كۆی 353 یاری، 53 گۆڵ و 56 ئاسیستی كرد.