دوای ئاشکراکردنی وادەی دەسپێکی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، یانەکان سەرقاڵی دروست کردنی پێکهاتەی تیپەکان و هێنانی یاریزانانن، یانەی سەیدسادقیش کە وەرزی ڕابردوو پلەی سێیەمی خولەکەی بەدەستهێنا خەریکی ئامادەکارییەکانە و گرێبەستی ڕەمزی ساڵحی ڕاهێنەر و چەند یاریزانێکی تیپەکەی نوێ کردەوە و پلانی ئەوەیشیان هەیە کە چەند یاریزانێکی پیشگەر بگوازنەوە بۆ تیپەکە.
پێکهاتەیەکی بەهێز دروست دەکەن
دوای ئەوەی لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان یانەی سەیدسادق بە ئاستێکی بەرز دەرکەوت و تا دواین گەڕی یارییەکانی خولەکە ڕکەبەری پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی یانەکانی دەکرد، سەیدسادق توانی پلەی سێیەمی خولەکە بەدەست بهێنێت، یانەکە لە ئێستەدا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ خولی نایابی کوردستان بۆ ساڵی سێیەم لەسەر یەکتر یانەکە گرێبەستی ڕاهێنەری تیپەکە ڕەمزی ساڵحیان نوێکردەوە، ئەمە جگە لەوەی کە چەند یاریزانێکیش بۆ ساڵی دووەم و سێیەم لەگەڵ یانەکە بەردەوام دەبن گرێبەستەکانیان نوێکردەوە، کە بریتین لە یاریزانان (ئەحمەد حوسێن، عەبدوڵڵا غەزبان، ئیبراهیم چەچان و مستەفا مەحمود) دەربارەی ئامادەکارییەکانی سەیدسادق بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان ڕەمزی ساڵح ڕاهێنەری یانەکە بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: دوای دیاریکردنی وادەی خولی نایابی کوردستان وەکو یانەی سەیدسادق دەستمان کردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێی خولەکە، دوای ڕاوێژ و گفتووگۆی دەستەی کارگێڕی یانەکە بڕیارماندا بەنوێکردنەوەی گرێبەستی کۆمەڵێک یاریزانی یانەکە کە وەرزی ڕابردوو لە یانەکە یارییان کردووە، تا ئێستە زیاتر لە چوار یاریزان گرێبەستەکانیان نوێکراوەتەوە و لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوویشدا شەش تا حەوت یاریزانی تریش گرێبەستەکانیان نوێدەکرێتەوە، پلانی ئەوەیشمان هەیە کە پێکهاتەیەکی بەهێز بۆ یانەکە دروست بکەین و جگە لە یاریزانانی خۆمان چەند یاریزانێکی تریش بۆ یانەکە دەگوازینەوە، سێ تا چوار یاریزانیش کە وەرزی ڕابردوو لە تیپەکەی ئێمە بوون ڕویان کردۆتە یانەکانی تر بۆ خولی عێڕاق.
کەمپی مەشق و ڕاهێنان لە دەرەوە دەکەن
ڕاهێنەرەکەی سەیدسادق باسی دەسپێکی یەکەم یەکەی مەشق و ڕاهێنان و کردنەوەی کەمپی ڕاهێنانیشی کردو گووتی: دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانانیش دەسدەکەین بە ئامادەکارییەکانی تیپەکە و مەشق و ڕاهێنانی چڕ و پڕ دەسپێدەکەین، لەسەرەتای مانگی داهاتوو پلانی ئەوەمان کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان لە وڵاتی ئێڕان یاخوود لەشارۆچکەی شەقڵاوە بکەینەوە، بۆ زیاتر بەهێز کردنی پێکهاتەی تیپەکەیش دوو یاریزانی پیشگەر لەهێلی بەرگری و ناوەڕاست دەهێنین و کۆمەڵێک یاری دۆستانەیش لە میانی ئامادەکارییەکانی تیپەکە ئەنجام دەدەین.