گەنجێكی كورد پلەی یەکەمی لەشجوانانی بەریتانیای بردەوە

بەھێز جەمال پاڵەوانی ناسراوی لەشجوانی كە خەڵكی شاری دەربەندیخانە و لە شاری مانچستەری بەریتانیادا دژیێت، توانیی ببێتە پاڵەوانی یەكەم لە پاڵەوانێتی ناسراوی IFBB، لە كێشی ٧٥ بۆ ٨٠ كیلۆگرام.

پاڵەوانیەتییەكە لەلایەن فیدراسیۆنی لەشجوانیی بەریتانیا، كە سەر بە فیدراسیۆنی لەشجوانیی جیهانییە پاڵەوانێتییەكی بۆ هەموو لەشجوانانی ناوخۆی وڵاتەكەی لە شاری مانچێستەر ساز دابوو، بەهێز جەمال لە كێشی 75 كیلۆگرام بەشداری كرد، دوای ركابەراتیکردنی 30 یاریزانی دیكە، كە لە هەمان كێش هاتنە سەر ستەیجی پاڵەوانێتیەكە، بەهێز توانیی پلەی یەكەم و نازناوی پاڵەوانێتییەكەی بردەوە.
لە لێدوانێكیدا بەهێز جەمال بە “هەولێر”ـی گوت: هەستێكی یەكجار دڵخۆشكەرم هەیە بە بردنەوەی ئەم دەستكەوتە مەزنە، هەرچەندە لەبەرئەوەی ئاسان نەبوو ركابەرایەتیی سی پاڵەوانی دیكە بكەی، بەڵام متمانەم بەخۆم هەبوو كە دەتوانم پاڵەوانی ئەو كێشە بم”. ئەم نازناوەیش گرنگی خۆی هەیە بە تایبەت بۆ منێكی كورد كە ئێستا نیشتەجێ بەریتانیام، دڵخۆشییەكی گەورەی پێ بەخشیوم.
جەمال زیاتر گوتی”كەس هاوكاریی نەكردووم و هەموو ئامادەكاریی و ئەركێكم لەسەر خۆم بووە، خەونی گەورەترم هەیە و دەمەوێت بەشداری پاڵەوانێتی ئارنۆڵد كلاسیك بكەم”.

ھەواڵی زیاتر