بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ کەمپی مەشق و ڕاهێنانی هەڵبژاردەی پایسکیلسواریی عێڕاق لە هەولێڕ بەڕێوە چوو

بەبەشداری زیاتر لە بیست و سێ یاریزان لەشاری هەولێر بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ کەمپی مەشق و ڕاهێنانی هەڵبژاردەی پایسکیلسواری عێڕاق بۆ ئاستەکانی لاوان و تازەپێگەیشتوان و کچان بەڕێوەچوو، کەمپەکە بەیانیان و ئێواران ئەنجامدەدرا، پشکی شێری هەڵبژاردەکەیش لەیاریزان و ڕاهێنەران بۆ کوردستان بوو، ئامانجیش لەو کەمپی مەشق و ڕاهێنانە خۆ ئامادەکردنی هەڵبژاردەکەیە بۆ پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە .

چۆن یاریزانان هەڵدەبژێرن؟
دەربارەی ئەنجامدانی کەمپی مەشق و ڕاهێنانی هەڵبژاردەکە و چۆنیەتی دەستنیشانکردنی یاریزانان و ڕاهێنەران بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی عێڕاق لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر موسا موحسین جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیل سواری عێڕاق بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: بەبەشداری٢٣ یاریزان بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لەشاری هەولێر کەمپی مەشق و ڕاهێنانی هەڵبژاردەی پایسکیل سواری عێڕاق بۆ ئاستی کچان و لاوان و تازەپێگەیشتوان لەسەر شەقامی ١٥٠ م و شێخ توڕاب بەڕێوەچوو، سەرجەم خەرجی خواردن و هاتووچۆ و مانەوەی یاریزانان و ڕاهێنەران لە ئەستۆی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق بوو.
پشکی شێری هەڵبژاردەکە بۆ یاریزانان و ڕاهێنەرانی کوردستان بوو کە لە هەرسێ ئاستەکە ١١ یاریزانی کوڕ و کچ و ٣ ڕاهێنەری کورد بەشداری مەشقەکانیان دەکرد و لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێڕاقن، هێمای بۆ ئەوەیش کرد دەستنیشانکردنی ئەو یاریزانەن لەسەر بنەمای ئەنجامەکانیانە لە پاڵەوانیەتیەکانی عێڕاق لە پلەی یەکەم تا سێیەمی هەر ئاستێک بۆ هەڵبژاردەی عێڕاق بانگهێشت دەکرێت، تاریق سەعید ڕاهێنەری تازەپێگەیشتوان خەڵکی شاری دهۆکەو کوردە، کەنعان ئیسماعیل ڕاهێنەری کچانەو عەبدولقادر نورەدین ڕاهێنەری تیپی لاوانی ‌هەڵبژاردەکەیە و هەرسێ ڕاهێنەریش کوردن.
گوتیشی مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو کەمپی مەشق و ڕاهێنانە لە هەولێر ئەوەیە کە شەقامی ١٥٠م و شێخ توراب گونجان بۆ ئەمجۆرە مەشقانە، ئاماژەی بەوەیش کرد کە هەڵبژاردەکە خۆی بۆ دوو پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی ئامادە دەکات.

عێڕاق بەشداری چەند پاڵەوانیەتیەک دەکات
جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیل سواری عێڕاق هێمای بۆ ئەوەیش کرد بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە بڕیارماندا ئەو کەمپی مەشق و ڕاهێنانە بۆ ئاستەکانی کچان و لاوان و تازەپێگەیشتوان هەڵبژاردەی عێڕاق لەشاری هەولێر ئەنجامبدەین، لە ماوەی ٢٠ ی ئەم مانگە تاوەکو ٣٠ ی مانگ بۆ ماوەی ١٠ بەڕێوەچوو، هەر یەک لە عەبدولقادر نورەدین وەک ڕاهێنەری لاوان و سیروان سامی و كەنعان ئیسماعیل وەک ڕاهێنەری کچان، زیرەک جوتیار وەک میکانیک دەستنیشانکران.
گوتیشی بڕیاری دروستکردنی هەڵبژاردەی عێڕاق لەسەر ئاستی پێشکەوتوان درابوو، کە بەشداری پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی تورکیا بکات کە لەشاری قەیسەری سەرای بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەهۆی ڕوداوەکانی ئەم دوایەی زاخۆ و گرژی و ئاڵۆزی سیاسی نێوان هەردوو وڵات هەڵبژاردەی عێڕاق پاشەکشەی لەپاڵەوانیەتیەکە کرد، دواتریش هەڵبژاردەکە لە مانگی ١٠ بەشداری پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی دەکات لەشاری قاهیرەی پایتەختی میسر، دوای ئەوەیش هەڵبژاردەی عێڕاق لە مانگی ١١ لە وڵاتی ئیماڕات بەشداری پاڵەوانیەتی عەرەبی دەکات بۆ هەر چوار ئاستی یاری پایسکیلسواری بەڕێوەدەچێت.
جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق ئاماژەی بەوەیش کرد کر قۆناغی سێیەمی پاڵەوانیەتی عێڕاق لەسەر ئاستی کچان هەر لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، لە ماوەی ١١ تا ١٤ مانگی داهاتوو، پاڵەوانیەتیەکەیش جگە لە کچان بۆ ئاستەکانی و لاوان و تازەپێگەیشتوانیش دەبێت.
لەکۆتایدا گووتی: جێگەی خۆشحاڵی ئێمەیە کە ئەو ژمارە زۆرەی یاریزان و ڕاهێنەری کورد لە هەڵبژاردەی پایسکیلسواری عێڕاق دەبینین و وەک سەرۆک و جێگری فیدراسیۆنەکەیش هەموو هەوڵێکمان بۆ زیاتر بەرەو پێش بردنی یاریزانی کورد لە هەڵبژاردەکە و بەشداری لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان داوە.

ھەواڵی زیاتر