هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سه‌نته‌رێكی خۆبه‌خشی شه‌تره‌نج چه‌ندان یاریزانیان گه‌یاندووه‌ته‌ لوتكه‌

بارزان ئەکرەم – هەولێر

سه‌نته‌ری مه‌لیك بۆ یاریی شه‌تره‌نج له‌ شاری هه‌ولێر، بووه‌ته‌ مه‌ڵبه‌ندی پێگه‌یاندنی یاریزانان، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ له‌ دواین پاڵه‌وانییه‌تی له‌سه‌ر ئاستی عێراق، له‌ ته‌مه‌نه‌ جیاوازه‌كانی به‌شداربووان زۆرترین ئه‌نجامیان به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ پله‌كانی پێشه‌وه‌ی پاڵه‌وانییه‌تیه‌كه‌ ده‌بیرنێن و ئه‌نجامه‌كانیان به‌مشێوه‌یه‌بوو.

ـ به‌هره‌ سه‌میر له‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵی پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا
ـ لاره‌ سه‌میر له‌ ته‌مه‌نی 12 ساڵی پله‌ی یه‌كه‌م
ـ راز ره‌وه‌ز پله‌ی سێیه‌م له‌ ته‌مه‌نی 10 ساڵی
ـ ژه‌نین نه‌سه‌ره‌وه‌ پله‌ی پێنجه‌م له‌ ته‌مه‌نی 10 ساڵی

له‌سه‌ر ئاستی كوڕانیش له‌ پله‌كانی پێشه‌وه‌بوون
ـ یه‌حیا دڵشاد پله‌ی دووه‌م له‌ ته‌مه‌نی 12 ساڵی
ـ لاوین محه‌مه‌د پله‌ی دووه‌م له‌ ته‌مه‌نی 12ساڵی
ـ دانیال نه‌سه‌ره‌و پله‌ی دووه‌م له‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵی
له‌م پاڵه‌وانییه‌تیه‌ كه‌ له‌سه‌نته‌ری خانزاد به‌ڕێوه‌ده‌چوو یاریزانانی 16 پارێزگای عێراق به‌شداریانكردبوو، كه‌ ژماره‌ی به‌شداربووان نزیكه‌ی 100 سه‌د یاریزان ده‌بوو، یاریزانانی سه‌نته‌ری مه‌لیك به‌ نوێنه‌رایه‌تی شاری هه‌ولێر به‌شداریانكردبوو، ئه‌نجامی باشیان تۆماركردووه‌، ئه‌م پاڵه‌ونیه‌تیه‌ بۆ 28 یانه‌ بۆخوار ته‌مه‌نی 14 ساڵی كرابووه‌وه‌.

سه‌رپه‌رشتیاری سه‌نته‌ره‌كه‌ گله‌یی هه‌یه‌
سه‌باره‌ت به‌ په‌ره‌پێدانی سه‌نته‌ری مه‌لیك و چۆنیه‌تی كاركردنیان و كردنه‌وه‌ی خوله‌كان، دانا جه‌مال سه‌رپه‌رشتیاری سه‌نته‌ره‌كه‌ به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند ئه‌وان به‌بێ پاڵپشتی و پشتگیری هیچ كه‌س و لایه‌نێك خۆیان كاره‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و كاره‌كان به‌ڕێده‌كه‌ن، ده‌شڵێت: نه‌ حكومه‌ت و نه‌هیچ كه‌س پاڵپشتیمان ناكه‌ن، له‌ كاتێكدا زۆر جێگه‌ و شوێنی دیكه‌ هه‌یه‌ راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پاڵپشتیان ده‌كرد.
دانا جه‌مال گوتیشی: ئیمه‌ زۆربه‌ی كات له‌سه‌ر توانا داراییه‌كه‌ی خۆمان خول ده‌كه‌ینه‌وه‌ و راهێنه‌ر بۆ فێرخوازان ئاماده‌ده‌كه‌ین، له‌ هه‌موو ته‌مه‌نه‌ جیاوازه‌كان به‌شداربووی خوله‌كانمان هه‌یه‌، له‌ ته‌مه‌نێكی بچووك تا ته‌مه‌نی گه‌وره‌، زۆربه‌شیان سوودیان له‌ خوله‌كان بینیوه‌ و فێری یاریی شه‌تره‌نج بووینه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ وه‌رزی هاوینان قوتابییه‌كی زۆر روو له ‌سه‌نته‌ره‌كه‌مان ده‌كه‌ن بۆ فێربوونی یاری شه‌تره‌نج.
سه‌رپه‌رشتیاری سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌شڵێت: به‌شداریكردن له‌ خوله‌كان لای سه‌نته‌ری مه‌لیك به‌ خۆڕاییه‌، كه‌ ئامانجی ئێمه‌ فێربوون و پێگه‌یاندنی یاریزانانه‌، چونكه‌ به‌ شێك له‌و مناڵانه‌ی دێنه‌ سه‌نته‌ری مه‌لیك یاریزانی باشیان بۆ داهاتوو لێ دروست ده‌بێت، به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامبن و په‌ره‌ به‌ تواناكانی خۆیان بده‌ن.
دانا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كه‌ له‌ كوردستان ژینگه‌یكی له‌باری هه‌یه‌ بۆ فێربوون و پێگه‌یاندنی یاریزانان، ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و باشتر خول و پاڵه‌وانییه‌ته‌یه‌كان بكرێنه‌وه‌ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوو له‌ یاریی شه‌تره‌نج له‌ پله‌كانی پێشه‌وه‌ی جیهان ده‌بینرێن، پێشووتریش چه‌ند كه‌سێكمان گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م قۆناغه‌.
سه‌نته‌ری مه‌لیك ته‌مه‌نی دامه‌زراندنی ته‌نها 3 ساڵه‌، له‌گه‌ل ئه‌مه‌شدا له‌ پێگه‌یاندنی یاریزانان بۆ یاریی شه‌ترنج قۆناغی باشی بڕیوه‌، بۆیه‌ش له‌ لایه‌ن زۆرترین یانه‌كانی كوردستان یاریزانانه‌كانی سه‌نته‌ری مه‌لیك داواكراوه‌، كه‌ بۆ ئه‌وان به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان بكات، له‌ ماوه‌كانی رابردووش به‌شداری هه‌ر پاڵه‌وانیه‌تیه‌كیان كردبێت ئه‌نجامی باشیان تۆماركردووه‌.