هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

یانەی دهۆک گۆڕانكارییه‌كانی بۆ گه‌یشتن به‌ خولی نایابی عێراق ده‌ستپێكرد

یانه‌ی دهۆك له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خولی نایابی عێراق ستافی نوێی راهێنه‌رانی ده‌ستنیشان كرد، دوای ئه‌وه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری لەسەر سیستەم و شێوازی بەڕێوەچوونی وەرزی داهاتووی خولی نایابی عێراق دا.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌یدا به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و ته‌واوی سه‌رۆكی یانه‌ به‌شداربووه‌كانی خولی نایابی عێراق بڕیاریاندا یانەی دهۆک وەکو پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی لە خولی پلەیەکی عێراق یارییەکی یەکلاکەرەوە لە بەغدا بەرامبەر ناسریەی پلەی دووەمی دووەمی کۆمەڵەکەیان بكه‌ن.
دواتر براوەی ئەو یارییە بەرامبەر ئەمانەی بەغدا یارییەکی یەکلاکەرەوە دەکەن بۆ ئەوەی ناسنامەی بلیتی سێیەمی خولی نایابی عێراق یەکلا بکەنەوە کە کەربەلا و حدود سەرکەوتنیان بۆ خولی نایابی عێراق مسۆگەر کردووە و سامەڕا و میناش دابەزینە خولی پلەیەک.

یانه‌ی دهۆك ستافێكی راهێنه‌رانی دیاریكرد
یانه‌ی دهۆك هه‌ڵگری تاكه‌ نازناوێكی خولی نایابی عێراق، ستافێكی نوێی راهێنه‌رانی ده‌ستنیشان كرد، سلێمان ره‌مه‌زان ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی دهۆكی وه‌رگرت، ئه‌حمه‌د جه‌ده‌یح و هومام ساڵح ده‌بنه‌ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر، حسێن جه‌بار به‌ راهێنه‌ری گۆڵپارێزه‌كانی یانه‌ی دهۆك ده‌ستنیشان كرا.
خالید موشیر جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی دهۆك له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند كه‌ هێشتا دڵنیانین له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان ده‌توانن به‌چی پلان و میكانیزمێك به‌شداریی له‌ قۆناخی پله‌ی ئۆف ده‌كه‌ن.
گوتیشی: ده‌بێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆمان روون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ هه‌مان سیسته‌م و پێكهاته‌ی به‌شداریكردنمان له‌ خولی پله‌یه‌كی عێراق یاریی ده‌كه‌ین یان به‌ كۆمه‌ڵێك رێنمایی نوێ.
خالید موشیر ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق گوتیشی: دڵخۆشین كه‌ هیوای گه‌یشتنمان بۆ زیندووبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌ركی ئێمه‌ی ناڕوون كردووه‌ هیچ شتێك له‌ باره‌ی یارییه‌كانی پله‌ی ئۆف دیار نییه‌، له‌ باره‌ی كات و شوێنی یارییه‌كان هیچ به‌رچاوڕوونییه‌كمان نییه‌، چونكه‌ پێویستیمان به‌ ئاماده‌كاری و گۆڕانكاری هه‌یه‌.
خالید ده‌شڵێت: ئێستا ده‌ستبه‌رداری هه‌موو یاریزانه‌كانمان بووین، پیشه‌گه‌ره‌كانمان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین بزانین له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق له‌ باره‌ی ته‌راخیس و پله‌ی ئۆف چی بڕیارێك ده‌دات.
بڕیاره‌ وه‌رزی 2022 ـ 2023ـی خولی نایابی عێراق به‌ به‌شداری 20 یانه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت، سیسته‌می ته‌راخیس به‌سه‌ر یانه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌مه‌ش هه‌ر یانه‌یه‌ك مه‌رجه‌كانی پێویست له‌ یاریگه‌كه‌یدا نه‌بێت، له‌ خوله‌كه‌ دووریده‌خه‌نه‌وه‌، هه‌ر یانه‌یه‌كیش دووربخرێته‌وه‌، یه‌كێك له‌ یانه‌كانی دهۆك، ناسڕیه‌ و ئه‌مانه‌ی به‌غدا شوێنی ده‌گرنه‌وه‌، به‌ڵام یانه‌ی دهۆك له‌ هه‌موو یانه‌كان زیاتر چانسی هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌موو مه‌رجه‌كان له‌ یاریگه‌كه‌یدا هه‌یه‌.