دیبالا پێشوازی له‌ داواكارییه‌كه‌ی خۆزێ مۆرینیۆ كرد

لیڤاندۆڤسكی دوای ئه‌وه‌ی به‌ فه‌رمی په‌یوه‌ندی به‌ بارسێلۆنا كرا، راسته‌وخۆ ئه‌ڵمانیای جێهێشت و خۆی گه‌یانده‌ ئه‌مریكا و په‌یوه‌ندی به‌ راهێنانه‌كانی بارسێلۆنا كرد، له‌ یه‌كه‌مین لێدوانیشدا لیڤا گوتی: له‌گه‌ڵ چاڤی قسه‌م كرد و به‌ ئاسانی بڕیارم دا. له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، دی لیخت خۆی پێشكه‌شی بایرن میونشن ده‌كات، دیبالاش گوێڕایه‌ڵی خۆزێ مۆرینیۆ ده‌بێت.

لیڤا گەیشتە ئەمریکا و چاوی بە یاریزانانی بارسێلۆنا کەوت
دوای ئەوەی بەفەرمی بایرن میونشن و بارسێلۆنا گەیشتنە رێککەوتن، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە مایۆرکاوە بەرەو میامی گەشتی کرد و سەرلەبەیانی دوێنێ گەیشتە ئەمریکا.
لیڤاندۆڤسکی لە نزیکەوە چاوی بە سەرۆکی یانە و یاریزانانی یانە کەتەلۆنییەکە کەوت و ئەو هێرشبەرە پۆڵەندییە بۆ ماوەی چوار ساڵ دەبێتە یاریزانی بلاوگرانا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لەوانەیە رۆژی سێشەممە لیڤا بەرامبەر ئینتەر میامی یاریی بکات، بەڵام هێشتا تەواو یەکلا نەبووەتەوە.

لیڤاندۆڤسکی: ئاماده‌م بۆ ركابه‌رییه‌كی نوێ
رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی هێرشبه‌ری پۆڵه‌ندی نوێی بارسێلۆنا له‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی دا رایگه‌یاند ئاماده‌یه‌ بۆ ركابه‌رییه‌كی نوێ، ده‌شڵێت: دەمەوێت لە یانەیەکی گەورە یاریی بکەم، لێرەم بۆ ئەوەی یارمەتی بارسێلۆنا بدەم لە گەڕانەوەی بۆ لوتکە، قسەم لەگەڵ چاڤی کردووە، لە بڕیاردان بۆ یاریکردن لەگەڵ بارسێلۆنا دوودڵ نەبووم و بە ئاسانی بڕیارمدا، دەمەوێت لەگەڵ ئەم یانەیە ناسناوەکان ببەمەوە.
لیڤا گوتیشی: من دەمویست جگە لە خولی ئەڵمانی لە خولێکی دیکە یاریی بکەم، دەمێکە ئەو بڕیارەم داوە بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەیەکی نوێ بکەم، دەمەوێت پێشتان بڵێم بڕیاری جیهێشتنی بایرن و بۆندزلیگا قوڕسترین بڕیاربوو لە ژیانمدا.
لیڤا ده‌شڵێت: دەمەوێت لە شوێنێکی دیکە بژیم و خێزانەکەم ژیانێکی نوێی هەبێت، لە ساڵی داهاتووش کلارای کچم دەست بە خوێندن دەکات و پێویست بوو ئەم بڕیارە بدەم، رەنگە لە کاتێکی دیکە هەرگیز رێک نەکەوتبایە، هەندێك دەرفەتیش لە ژیاندا تەنیا یەکجارە.

بایرن میونشن له‌ گواستنه‌وه‌ی دی لیخت نزیك بووه‌ته‌وه‌
فابریزۆ رۆمانۆ پسپۆری بازاری گواستنەوەی یاریزانان بڵاوی کردەوە بایرن میونشن لە گواستنەوەی دێ لێختی به‌رگریكاری یوڤێنتۆس نزیکە.
لە رابردوو بایرن میوشن 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی بەرگریکارە هۆڵەندییەکە پیشکەشی یوڤێنتۆس کرد، بەڵام لە لایەن خانمە پیرەکە رەتکرایەوە.
بەپێی سەرچاوە ئەڵمانییە، بایرن میونشن ئۆفەرەکەی بۆ 80 ملیۆن یۆرۆ زیاد کردووە و هەردوو یانە نزیک بۆ رێککەوتن.
له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، دێ لێختیش بە یوڤێنتۆسی گووتووە ئامادەیە پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە بکات، چاوەڕێ دەکرێت ئەمرۆ بەتەواو بگەنە رێککەوتن و دێلێخت پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە بکات و بەرەو ئەڵمانیا گەشت بکات.

دیبالا پێشوازی له‌ داواكارییه‌كه‌ی خۆزێ مۆرینیۆ ده‌كات
جیانلوکا دی مارزیۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی رایگەیاندووە، رۆما لەگەڵ دیبالا گەیشتە رێککەوتن و ئەو ناوەڕاستکارە ئارجێنتینییە تا هاوینی ٢٠٢٥ پەیوەندی بە ریزەکانی رۆما دەکات.
لەلایەن خۆشیەوە فابریزۆ رۆمانۆ بڵاوی کردەوە خۆزێ مۆرینهۆ لەگەڵ دیبالا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و پڕۆژەی داهاتووی رۆمای بۆ روونکردووەتەوە و هەموو شت یەکلا بووەتەوە، مووچەی ساڵانەی دیبالا لەگەڵ رۆما شەش ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
دیبالا مانگی رابردوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتۆس بەکۆتاهات و بریاریدا یانەکە جیبێڵێت، نزیکبوو پەیوەندی بە ریزەکانی ئینتەر میلان یان ئەیسی میلان بکات، بەڵام دواجار رۆما بە هەوڵی مۆرینهۆ توانی پەلکێشی ریزەکانی بکات.
پاوڵۆ دیبالای ته‌مه‌ن 28 ساڵ، له‌ یانه‌ی ئینستیتیوتۆی ئارجێنتینا پێگه‌یشتووه‌، دواتر له‌ 2012 له‌ ده‌رگه‌ی یانه‌ی پاڵێرمۆ به‌ گرێبه‌ستێك به‌ به‌های 11 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ پاڵێرمۆ، دوای 3 وه‌رز ئه‌و یانه‌یه‌ به‌ 41 ملیۆن یۆرۆ به‌ یانه‌ی یوڤێنتۆسی فرۆشت، له‌گه‌ڵ یانه‌ی یوڤی له‌ كۆی 293 یاری، 115 گۆڵ و 48 ئاسیستی تۆمار كرد.

ھەواڵی زیاتر