نەورۆز بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێڕاق کۆمەڵێک گرێبەستی ڕاگەیاند

دوای ساڵانێکی زۆر وەرزی ڕابردوو یانەی نەورۆز لە خولی پلەیەکی عێڕاق خۆی گەیاندە خولی نایابی عێڕاق، دواجار یانەیەکی پارێزگای سلێمانی بەشداری خولی نایابی عێڕاقی کرد، نەورۆز بەسەرکردایەتی وەلی کەریمی ڕاهێنەر لە یەکەم وەرزی خولی نایابی عێڕاق ئەنجامێکی باشی بەدەستهێناو لە پلەی هەشتەمی خولی نایابی عێڕاق بوو، وەک ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێیش لە ئێستەدا یانەکە گرێبەستی لەگەڵ چەندین یاریزان واژۆ کردووە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندان ئه‌ستێره‌ی له‌ده‌ستداوه‌ و یانه‌كه‌یان جێهێشتووه‌، به‌ڵام سوورپۆشه‌كانی سلێمانی پلانی ئەوەیان هەیە بە پێکهاتەیەکی باش بەشداریی وه‌رزی داهاتووی خولەکە بكه‌ن.

نەورۆز بەمزوانە چەند گرێبەستێکی تر دەکات
دوای كۆتایی هاتنی خولی نایابی عێراق، یه‌كه‌مین كاری كارگێری یانه‌ی نه‌ورۆز كه‌ كردی، به‌خشینه‌وه‌ی متمانه‌ بوو بە وەلی کەریمی ڕاهێنەر، لە ئێستەیشدا یانەکە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ وەرزی نوێ و گرێبەستی کۆمەڵێک یاریزانی یانەکە کە وەرزی ڕابردوو لە تیپەکە یارییان دەکرد نوێکردۆتەوە و گرێبەستیشیان لەگەڵ چەندی یاریزانێکی تر واژۆ کردووە.
هەر یەک لە یاریزانان محەمەد دلاوەر یاریزانی هێڵی بەرگری و ڕێكان ڕزگار لەهێڵی ناوەڕاست و ئیبراهیم مەحەمەد و شوانە مەحەمەد گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکەی شاری سلێمانی نوێ کردۆتەوە، هەروەها یاریزانانی لاوی یانه‌ی سیروانی نوێ باکۆ عومەر گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەورۆز واژۆ کرد، نەورۆز گرێبەستی لەگەڵ پیشەگەری بەڕازیلی ماتیاس لیمایش ئه‌نجام دا کە ناوبراو لە یانەی کاڵداسی پرتوگالی یاری ده‌كرد، هەروەها ئیدریسا تراوری مالی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی نەوتی میسانیش گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەورۆز واژۆ کردووە، بەگوتەی بەرپرسانی یانەکەیش نەورۆز گەرەکیەتی بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق ژمارەیەکی قورس بێت و لە بەهێزکردنی پێکهاتەی یانەکەی بەردەوامە و پلانی ئەوەیان هەیە کە بەم نزیکانە گرێبەست لەگەڵ چەندی یاریزانێکی تری پیشەگەر بکەن.
یانه‌ی نه‌ورۆز گرێبه‌ستی رێكان رزگار، شوانه‌ قادر و ئیبراهیم محه‌مه‌دی بۆ وه‌رزی داهاتوو درێژ كرده‌وه‌.

ئەنجامەکانی نەورۆز لەم وەرزەدا
لەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق یانەی نەورۆز لە کۆی ٣٨ یاریدا کە ئەنجامی داوە ١٤ یاری بردۆتەوە و لە ١٥ یاریدا توشی شکست بوو، لە ٩ یاریشدا یەکسان بوو، ٤٠ گۆڵی تۆمارکرد و ٤٣ گۆڵیشی لێ تۆمارکرا.
نەورۆز لە قۆناغی دووەمی دوای ئەوەی کە یارییەکانی گەڕاندەوە یاریگەی زانکۆ ئەنجامەکانی باشتر بوو هیچ یارییەکی نەدۆڕاند، لە کۆی ١٠ یاری کە لە یاریگەی خۆی ئەنجامیدا ٩ یاری بردەوە و ١ یاری یەکسان بوو، لە قۆناغی یەکەم نەورۆز لە کۆی ١٩ یاری ١٢ یاری تووشی شکست بوو تەنیا ٣ یاری بردەوەو لە ٤ یاریشدا یەکسان بوو، لەو قۆناغەدا تەنیا ١٣ خاڵی کۆکردەوە، بەڵام لە قۆناغی دووەم ئەنجامەکانی یانەکەی سلێمانی زۆر باش بوو، بەجۆرێک لە کۆی ١٩ یاری لە ١١ یاریدا براوە بوو لە ٥ یاریشدا یەکسان بوو، تەنیا ٣ یاری دۆڕاند، نەورۆز بە کۆی گشتی خولەکە بە کۆکردنەوەی ٥١ خاڵ پلەی هەشتەمی خولەکەی بەدەستهێنا، ئاسۆ ڕۆستەمی هێرشبەری یانەکەیش بە ١٨ گۆڵ بووە دووەم گۆڵکاری خولەکە و بوو بە تاکە یاریزانی کورد لەمێژووی خولی نایابی عێڕاق ئەو ژمارە گۆڵە تۆمار بکات.

ھەواڵی زیاتر