چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

زێدان ئیقبال ئامانج و داهاتووی خۆی ئاشكرا ده‌كات

زیدان ئیقبال، یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد داهاتووی خۆی ئاشكرا كرد، دوای ئه‌وه‌ی به‌شداریی دوو یاریی ئاماده‌كاری یانه‌كه‌ی كرد له‌ ئاسیا به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول 4 ـ 0، به‌رامبه‌ر مێلبۆرنی ئوسترالیا 4 ـ 1 سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا.

زیدان ئیقباڵ ئێستا له‌گه‌ڵ شاندی مانچێسته‌ر یونایتد له‌ شاری مێلبۆرنی ئوسترالیایه‌، له‌ زنجیره‌یه‌ك لێدوان بۆ رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانیا رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر ئۆفه‌رێكی باشی پێشكه‌ش كرا بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی خواستن بچێته‌ یانه‌یه‌كی تر، بێگومان هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كات و ڕه‌تی ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو بیری لێ ده‌كاته‌وه‌ و لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كان لێكده‌داته‌وه‌ پاشان بڕیار له‌ باره‌ی چاره‌نووسی خۆی ده‌دات.
زیدان ئیقباڵ له‌ باوكێكی پاكستانی و دایكێكی عێراقی له‌ دایكبووه‌، ده‌شڵێت: نازانم چاره‌نووسم چی به‌سه‌ر دێت، به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ئێستا له‌ یانه‌كه‌م بۆم هاتووه‌ته‌ پێش شه‌ڕی بۆ ده‌كه‌م و نامه‌وێت له‌ده‌ستی بده‌م.
ئیقبال هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌و له‌ مانچێسته‌ر یونایتد گه‌وره‌ بووه‌ و له‌ ته‌مه‌نی 9 ساڵییه‌وه‌ له‌و یانه‌یه‌ یاریی ده‌كات، ده‌شڵێت: خه‌ونه‌كه‌م هاته‌ دی كه‌ توانیم له‌ بانكۆك به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول له‌به‌رده‌م 90 هه‌زار هانده‌ر یاریی بكه‌م.
زیزۆی یاریزانه‌ ته‌مه‌ن 19 ساڵه‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد له‌گه‌ڵ تێن هاگی راهێنه‌ری نوێی مانچێسته‌ر یونایتد زۆر ئاسووده‌یه‌ و له‌ ماوه‌ی ئه‌و 3 هه‌فته‌یه‌ی كاری له‌گه‌ڵ كردووه‌ زۆر شتی نوێی لێ فێربووه‌.
زێدان گوتیشی: زۆر سووپاسی ئه‌و هانده‌رانه‌ ده‌كه‌م كه‌ هانیان داوم و له‌ سۆشیاڵ میدیاش ستایشیان كردووم‌، هه‌ستێكی زۆر خۆشه‌ كه‌ ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستی و پشتگیرییه‌ هه‌ست پێده‌كه‌م، بۆیه‌ هه‌میشه‌ كارده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی باشترین ئاست به‌ رێژه‌ی 100% پێشكه‌ش بكه‌م.
رۆژنامه‌ی گاردیان نووسیویه‌تی: هانده‌رانی ئینگلیزه‌كانی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد داوا ده‌كه‌ن وه‌رزی داهاتوو ده‌رفه‌تی ته‌واو به‌ زیدان ئیقبال بده‌ن و له‌ تیمی یه‌كه‌م یاری بكات، دوای ئه‌و ئاسته‌به‌رزه‌ی به‌رامبه‌ر یانه‌كانی لیڤه‌رپوول و مێلبۆرن پێشكه‌شی كرد و كه‌ پێیانوایه‌ زیدان، پۆڵ سكۆڵزی داهاتووه‌ و پێویستیان به‌ دی یۆنگ نییه‌.

زیدان ئیقبال له‌ ئه‌كادیمیای یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد پێگه‌یشتووه‌، یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیشه‌، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ مان یونایتد گرێبه‌سته‌كه‌ی تا 2025 درێژ كردووه‌، زیدان یەكەمین یاریزانی عێراقییە بە درێسی مانچستەر یونایتده‌وه‌ بەشداری چامپیۆنز لیگ بكات، دووەم یاریزانی له‌ مێژووی تۆپی پێی عێراقە لە دوای هاوار مەلا محەمەد، بەشداری چامپیۆنزلیگی كرد بێت.
زێدان لە هەڵبژاردەی عێراق کەمترین دەفەتی پێدرا بۆیە راهێنەر غەنی شەهد رووبەڕووی رەخنەی زۆری هاندەران بوویەوە