ئه‌نجامی قۆناغی دووەمی پاڵەوانیەتی پایسکلسواریی کچانی یانەکانی یانەکانی عێڕاق

بەبەشداری زیاتر لە حەوت یانە ڕۆژی ١٥ ی ئەم مانگە لەشاری هەولێر قۆناغی دووەمی پاڵەوانیەتی پایسکیل سواری یانەکانی عێڕاق لەسەر ئاستی کچان بەڕێوەچوو، پاڵەوانیەتیەکە سێ قۆناغە، ئەمە قۆناغی دووەمی بوو لە قۆناغی یەکەم ١٣ یانە بەشداریان کرد بوو، دوای ڕکەبەریەکی زۆری یانەکان یانەبرایەتی لەسەر ئاستی تاک و گشتی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، بڕیاریش وایە لەسەرەتای مانگی داهاتوو قۆناغی سێیەم هەر لە شاری هەولێڕ ئەنجام بدرێت، بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ هەڵبژاردەی عێڕاق لەسەر هەموو ئاستەکان کەمپی مەشق و ڕاهێنان دەکاتەوە بۆ بەشداریکردن لە چەند پاڵەوانیەتیەکی دەرەوە.

یانەکانی کوردستان ئەنجامی باشیان تۆمارکرد
دەربارەی ئەنجامدانی پاڵەوانیەتیەکەیش لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر موسا موحسین جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیل سواری عێڕاق بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی بەبەشداری ٧ یانەو بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ لەشاری هەولێر قۆناغی دووەمی پاڵەوانیەتی پایسکیل سواری یانەکانی عێڕاق بۆ ئاستی کچان لەسەر شەقامی ١٥٠ م بەڕێوەچوو، هەر یەک لە یانەکانی هەولێر و نەورۆز و برایەتی و کارەبا، دەغارە، ئایش، شەباب، تیایدا لەڕۆژی یەکەم کە بریتی بوو لە پێشبڕکێی تاکی یاریزانان کە ماوەی ١١ کم بوو، یاریزانی یانەی برایەتی داهات کاوە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، زەهرا کەتران لەیانەی نەورۆز پلەی دووەمی بەدەستهێنا، هەدیل نیعمەت لەیانەی برایەتی پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
لەسەر ئاستی لاوانی کچانیش لەسەر ئاستی تاک لەنیا هادی لەیانەی نەورۆز پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، فاتیمە عەلی لە یانەی هەولێر پلەی دووەمی بەدەستهێنا، ئاڤان عەدنان لەیانەی هەولێر پلەی سێیەمی بەدستهێنا.
یارییەکانی ڕۆژی دووەمی پاڵەوانیەتیەکە تایبەت بوو بە پێشبڕکێی تاکی گشتی کە ماوەکەی ٤٥ کم لەسەر ئاستی یانەکان، یانەی برایەتی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، یانەی هەولێر پلەی دووەمی بەدەستهێنا، یانەی نەورۆز پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق ئاماژەی بەوەیش کرد کر قۆناغی سێیەمی پاڵەوانیەتی ئاستی کچان هەر لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، لە ماوەی ١١ تا ١٤ مانگی داهاتوو، پاڵەوانیەتیەکەیش بۆ ئاستەکانی کچان و لاوان و تازەپێگەیشتوان بەڕێوەدەچێت.
عێڕاق بەشداری چەند پاڵەوانیەتیەک دەکات
جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیل سواری عێڕاق هێمای بۆ ئەوەیش کرد بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە بڕیارمانداوە کە کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان بۆ ئاستەکانی کچان و لاوان و تازەپێگەیشتوان هەڵبژاردەی عێڕاق لەشاری هەولێر ئەنجامبدەین، لە ماوەی ٢٠ ی ئەم مانگە تاوەکو ١ ی مانگی داهاتوو بۆ ماوەی ١٠ بەڕێوەدەچێت، هەر یەک لە عەبدولقادر نورەدین وەک ڕاهێنەری لاوان و سیروان سامی و كەنعان ئیسماعیل وەک ڕاهێنەری کچان، زیرەک جوتیار وەک میکانیک دەستنیشانکران.
گوتیشی بڕیاری دروستکردنی هەڵبژاردەی عێڕاق لەسەر ئاستی پێشکەوتوان دراوە کە بەشداری پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی تورکیا دەکات کە لەشاری قەیسەری سەرای بەڕێوەدەچێت، لە بەرواری ١٨ ی ٨ دەبێت، دواتریش هەڵبژاردەکە لە مانگی ١٠ بەشداری پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی دەکات لەشاری قاهیرەی پایتەختی میسر، دواتر هەڵبژاردەی عێڕاق لە مانگی ١١ لە وڵاتی ئیماڕات بەشداری پاڵەوانیەتی عەرەبی دەکات بۆ هەر چوار ئاستی یاری پایسکیلسواری.

ھەواڵی زیاتر