چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هه‌ولێر گڕی له‌ بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان به‌رداوه‌


پێش كۆتاییهاتنی خولی نایابی عێراقی، ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌ی هه‌ولێر به‌خۆكه‌وتن و چه‌ند یاریزانێكی ئاست به‌رزی یانه‌كانی دیكه‌یان بۆ ریزی زه‌ردپۆشه‌كانی قه‌ڵا گواسته‌وه‌، تا ئێسته‌ نزیكه‌ی شه‌ش یاریزانیان بۆ ریزه‌كانیان گواستووه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ پێگه‌یه‌كی جیاواز یاریی ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانا رۆژی 1-ـ ته‌مووز_ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ عێراق ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام یانه‌كان زووتر كه‌وتوونه‌ته‌ خۆ ئاماده‌كردن بۆ وه‌رزی نوێ، كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.

یه‌كه‌م گرێبه‌ستی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ یاریزان ئه‌حمه‌د ئیبراهیمی 30ـی ساڵانی یاریزانی قوه‌ی جه‌ویه‌ بوو، كه‌ له‌ هێلی به‌رگری یاری ده‌كات، سه‌رتای ده‌ركه‌وتنیشی هه‌ر له‌ یانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ بووه‌، ئێسته‌ش له‌ ریزی هه‌لبژارده‌ی عێراق یاریی ده‌كات، بڕی گرێبسه‌ته‌كه‌شی نزیكه‌ی 200 ملیۆن دیناری عێراقی ده‌بیت.
هه‌نگاوی دووه‌می هه‌ولێر له‌ گرێبه‌ستكردن شۆكهینه‌ربوو، كاتێك 2 یاریزانی پیشه‌گه‌ری له‌ یانه‌ی زاخۆ گواسته‌وه‌، كه‌ بڕۆنۆ ئۆلیڤێرا و هیلیۆ مۆنتێرۆ بوون، هه‌ردوو یاریزانه‌كه‌ به‌ رازیلین و له‌ یانه‌ی زاخۆ یارییان ده‌كرد، له‌ ناوه‌راست و به‌رگری ده‌توانن یاریی بكه‌ن.
له‌ هه‌نگاوی سێیه‌می یاریزان حه‌سه‌ن محه‌مه‌د چه‌لووبی بۆ ریزه‌كانی قه‌ڵای زه‌رد گواسته‌وه‌، كه‌ له‌ هێلی ناوه‌راست یاریی ده‌كات، له‌ دایك بووی 1998ـه‌، یاریی بۆ یانه‌كانی جامعیه‌، زاخۆ، سامه‌ڕا كردووه‌.
له‌ هه‌نگاوی چواره‌میدا، یاریزانێكی گرینگ و ئاست به‌رزی گواسته‌وه‌ ریزه‌كانی، كاتێك نیاز محه‌مه‌دی له‌ یانه‌ی شوڕته‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، كه‌ نیاز، له‌گه‌ڵ شوڕته‌ بووه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی هێراقی بۆ ئه‌م وه‌رزه‌.
محه‌مه‌د موحسینی گواسته‌وه‌ ریزه‌كانی و هه‌نگاوێكی دیكه‌ی گرینگی هاوێشت بۆ تۆكمه‌ كردنی پێكهاته‌كه‌ی، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاست یاریی ده‌كات و ئه‌زموونێكی باشی له‌ خولی نایابی عێراقی هه‌یه‌، یاریی بۆ سناعات كاره‌با و سه‌ماوه‌ و شوڕته‌ و دیوانیه‌ كردووه‌. ئێسته‌ هه‌ولێر هه‌وڵده‌دات یاریزان وه‌لید كه‌ریمی هێرشبه‌ر له‌ یانه‌ی نه‌فت بۆ ریزه‌كانی بگوازێته‌وه‌، ئه‌و یاریزانه‌ له‌ 1997 له‌ دایك بووه‌، كاپتنی یانه‌ی نه‌فته‌، خاوه‌نی 8 گۆڵه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌فت له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عیێراقی.
هه‌ولێر ده‌یه‌وێت دوای كۆتایهاتنی یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی، له‌گه‌ڵ یاریزانه‌ كورده‌كانی نێو پێكهاته‌كه‌ی بكه‌وێـه‌ گفتوگۆ تا گرێبسه‌تیان بۆ وه‌رزی نوێ تازه‌ بكاته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت یاریزانان، شوان مامۆ، هه‌ردی سیامه‌ند، كۆسه‌رت بایز، ئاكام هاشم، هه‌ڵۆ فائیق، شێركۆ كه‌ریم، ره‌وا یوسف، سه‌فین مه‌نسور.
هه‌ولێر گرێبه‌ستی هه‌ریه‌ك له‌ یاریزانان ئه‌حمه‌د سه‌عد و یاسین سامیه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، چاوه‌ڕێده‌كرێت هه‌ولێر به‌ شێوه‌یكی به‌هیزتر بچێته‌ نێو بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان و چه‌ند یاریزانێكی به‌هێز بۆ ریزه‌كانی بگوازێته‌وه‌، نزار مه‌حروسی راهێنه‌ر لیستێكی له‌ یاریزانان ئاماده‌كردوو تا بۆ وه‌رزی نوێ كارگێڕی هه‌ولێر بۆی ده‌ستبه‌ر بكه‌ن و ئاماده‌ی بكه‌ن، ئامانجی هه‌ولێر بۆ وه‌رزی داهاتوو روونه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ كێبڕكێ كردن له‌سه‌ر نازناو و ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی خولی نایابی عێراقی.