نوێترین و گه‌رمترین ده‌نگۆیه‌كانی گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی یاریزانان 


محه‌مه‌د سه‌ڵاح بووه‌ گرانبه‌هاترین یاریزان له‌ مێژووی پرێمه‌رلیگ
بارسێلۆنا سووپرایزێك پێشكه‌شی هانده‌ران ده‌كات
ه‌ 24 كاتژمێری رابردوو زۆرترین هه‌واڵ و ده‌نگۆی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له‌ میدیایه‌كانی ئه‌ورووپا باسكرا، دیارترینیان نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی محه‌مه‌د سه‌ڵاحی هێرشبه‌ری میسرییه‌ كه‌ بووه‌ گرانبه‌هاترین یاریزان له‌ مێژووی پرێمه‌رلیگ، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ هه‌واڵی گه‌رم له‌ باره‌ی مێركاتۆی هاوینه‌ی بارسێلۆنا به‌ڕێوه‌یه‌، نزیكترینیان گواستنه‌وه‌ی رافینهای یاریزانی باڵی راستی به‌رازیلییه‌.

سه‌ڵاح واژۆی له‌سه‌ر گرێبه‌ستێكی خه‌یاڵی كرد
یانەی لیڤەرپوول لە بەیاننامەیەکی فەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی محەمەد سەلاحی تا 2025 راگەیاند، لەماوەی رابردوو دەنگۆی رۆیشتنی سەلاح لە لیڤەرپوول بڵاوو بووەوە، ئه‌مه‌ش دوای رۆیشتنی سادیۆ مانێ لە یانەکە لیڤەرپوول هەموو هەوڵێکیدا تاوەکو بتوانێ سەلاح لە یانەکە بێڵێتەوە.
به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانیا، سه‌ڵاح ساڵانه‌ 19 ملیۆن یۆرۆ له‌ لیڤه‌رپوول وه‌رده‌گرێت و مووچه‌ی هه‌فتانه‌شی 400 هه‌زار یۆرۆیه‌ ئه‌مه‌ش به‌رزترین مووچه‌یه‌ له‌ مێژووی پرێمه‌رلیگ.

محه‌مه‌د سه‌ڵاح: هه‌ستێكی نایابم هه‌یه‌
محه‌مه‌د سه‌ڵاح هێرشبه‌ری لیڤه‌رپوول دوای نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی گوتی: هەستێکی نایابم هەیە، زۆر بە پەرۆشم بۆ بردنەوەی جامەکان لەگەڵ یانەکه‌مە، بەڵێ ڕۆژێکی خۆشە بۆ هەمووان، زۆر دڵخۆشم کە خۆم لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی گۆڵکارانی مێژووی یانەکەم دەبینم، بە تایبەت کاتێک توانیومە لە ماوەیەکی کورت ئەم ریکۆردە تۆمار بکەم و پێشتریش گوتوومە گرنگترین شت ئەوەیە ناسناوەکان بەدەست بێنیت، بۆیە کاتێک گۆڵ تۆمار دەکەم و دەبینم کە هاوکاری یانەکەی بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکان، ئەوە هەمان ئەو شتەیە کە وا دەکات ناسناوەکان بەدەست بێنیت، بۆیە شانازی بەوە دەکەم.

مان سیتی له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌یه‌ك گه‌یشته‌ رێككه‌وتن
كه‌ناڵی سكای سپۆرتسی به‌ریتانی بڵاوی كرده‌وه‌، كالڤین فلیپس گه‌یشتووه‌ته‌ شاری مانچێسته‌ر و دوای تێپه‌ڕاندنی پشكنینه‌ پزیشكییه‌كان ده‌بێته‌ یاریزانی مان سیتی.
سكای سپۆرتس ئاشكرای كردووه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی ناوه‌ڕاستكاره‌ بیست و شه‌ش ساڵییه‌كه‌ 42 ملیۆن یۆرۆیه‌ و هه‌شت ملیۆنیش گۆڕانكارییه‌ و بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ ده‌بێته‌ یاریزانی مان سیتی.
كالڤین فلیپس یاریزانی ئه‌كادیمیای لیدز یونایتده‌ و له‌گه‌ڵ تیمی یه‌كه‌م به‌شداری 233 یاریی كردووه‌ 13 گۆڵ و 13 ئه‌سیستی هه‌یه‌.

چێڵسی لە گواستنەوەی رەحیم ستێرلینگ نزیک دەبێتەوە
رۆژنامەی دەیلی مەلی بەریتانی ئاماژەی بە ئۆفەرێکی دیکەی یانەی چێڵسی بۆ گواستنەوەی ستێرلینگ کردووە،
رۆژنامەی نووسیویەتی چێڵسی زانیوویەتی یانەی مانچێستەر سیتی جاری رابردوو نەرمی نواند بۆ دەستبەرداربوون لە ستێرلینگ،
بۆیە یانە لەندەنییەکە دەیەوێت ئەم یاریزانە بگوازێتەوە،
بلوز بەسەر پەرشتی تۆماس تۆخێل هەموو هەوڵێک بۆ گواستنەوە ستێرلینگ دەدات و ئامادەیە چل و پێنج ملیۆن پاوەن بە ماچێستەر سیتی بدات،
وەک گرێبەستێکی چوار سالی لەگەل ستڕیلینگ واژوو بکەن.
شه‌یتانه‌كان له‌ گواستنه‌وه‌ی 2 یاریزانی هۆڵه‌ندی نزیك ده‌بنه‌وه‌
مانچێستەر یونایتد نزیکە لە چەند کاتژمێری داهاتوو گواستنەوەی دوو یاریزانی هۆڵەندی بۆ یانەکەی رابگەیەنێت.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی رایگەیاندووە، مانچێستەر یونایتد لە هەموو کاتێک زیاتر نزیکە لەوەی بەفەرمی گرێبەستی فرەنکی دی یۆنگ ناوەڕاستکاری هۆڵەندی لە یانەی بارسێلۆناوە بەرامبەر ٦٥ ملیۆن یۆرۆ رابگەیەنێت.
مان یونایتد و بارسێلۆنا گەیشتوونەتە رێککەوتن، دی یۆنگ بەرامبەر ٦٥ ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی مان یونایتد بکات کە ٢٠ ملیۆن یۆرۆ بەگوێرەی دەستکەوت و ئاستی دی یۆنگ لە گرێبەستەکە جێگیر دەبێت.
له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، مان یونایتد لەگەڵ فێینۆرد رۆتێردامیش گەیشتووەتە رێککەوتن تایرێل مالاسیا دەباتە ریزەکانی. مان یونایتد بەرامبەر ١٥ ملیۆن یۆرۆ مالاسیا دەباتە ریزەکانی و دوو ملیۆن یۆرۆی دیکەش بەگوێرەی ئاست و دەستکەوتەکانی لە گرێبەستەکەی زیاد دەبێت.

لێنگلێت نزیکە لە بارسێلۆناوە بچێتە تۆتێنهام
فابریزیۆ رۆمانۆ رایگەیاندووە، کلیمێنت لێنگلێت بەرگریکاری فەرەنسی لەسەر بەندە کەسییەکانی لەگەڵ تۆتێنهام هۆتسپێرس گەیشتووەتە رێککەوتن و ئەو یاریزانە دڵخۆشە بەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی تۆتێنهامەوە بکات، لێنگلێت لەلایەن ئەنتۆنیۆ کۆنتییەوە داواکراوە و ئێستا بارسێلۆنا و تۆتێنهام لە گفتوگۆی راستەوخۆدان و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو هەردوولا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و گرێبەستەکە رابگەیەنرێت.
پێشبینی دەکرێت تاکو رۆژی دووشەممە لێنگلێت ببێتە یاریزانی یانە لەندەنییەکە کە بە خواستن بەرامبەر پێنج ملیۆن یۆرۆ دەچێتە تۆتێنهام و یانە ئینگلیزییەکە مافی کڕینەوەی یاریزانەکەشی دەبێت.

ئینتەر میلان بە یەکجار دوو یاریزانی نوێی گواستەوە ریزەکانی
یانەی ئینتەر میلان لەم هاوینە لەسەر گرێبەستەکانی بەردەوامە و دوای گواستنەوەی رۆمێلۆ لۆکاکۆ بەفەرمی گواستنەوەی ئاندرێ ئۆنانا گۆڵپارێزی ئەیاکس ئامستەردامی هۆڵەندی و هێنریک مخیتاریان ناوەڕاستکاری ئەرمینی رۆمای بۆ ریزەکانی راگەیاند.
تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوەی رۆمێلۆ لۆکاکۆی بە خواستن گەڕاندەوە ریزەکانی، ئینتەر میلان بەفەرمی دوو گرێبەستی دیکەی بەخۆڕایی واژۆ کرد، ئۆنانی ٢٦ ساڵانی لە ئەیاکسەوە بردە ریزەکانی و مخیتاریانیشی لە رۆما گواستەوە ریزەکانی کە ئەو یاریزانەی پێشووی ئارسێناڵ و مان یونایتد سێ وەرز بوو لە رۆما لە سێریا ئەی یاریی دەکرد و دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆما نوێ نەکردەوە.

ریال مەدرید گرێبەستی مارکۆ ئاسینسیۆ نوێ ناکاتەوە
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، ریال مەدرید هیچ ئۆفەرێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەشی مارکۆ ئاسینسیۆ ناکات کە ئەو یاریزانە هاوینی ٢٠٢٣ گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی دێت و تەنیا ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە.
پێشتر مانچێستەر یونایتد یەکەم یانە بوو بۆ گواستنەوەی ئاسینسیۆ هاتە سەرهێڵ و ئەو یاریزانە ئیسپانییە لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند حەز دەکات لە ریال مەدرید بمێنێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی دەرفەتی یاریکردنی زیاتری پێبدرێت.

كۆرێنتین تۆلیسۆ گه‌ڕایه‌وه‌ لیۆنی فڕه‌نسی
یانه‌ی لیۆن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ تۆلیسۆ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و ئه‌و یاریزانه‌ به‌ شێوه‌ی سه‌ربه‌ست گه‌ڕایه‌وه‌ ریزه‌كانیان.
تۆلیسۆ پێنج ساڵ پێش ئێستا به‌رامبه‌ر 41 ملیۆن یۆرۆ له‌ لیۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بایرن میونشن كرد و دوای پێنج ساڵ ناوه‌ڕاستكاره‌ 27 ساڵییه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ یانه‌كه‌ی پێشووی و بۆ پێنج وه‌رز گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ لیۆن واژۆ كرد.
تۆلیسۆی ناوه‌ڕاستكار له‌ ماوه‌ی پێنج وه‌رز له‌گه‌ڵ بایرن میونشن به‌شداری 117 یاریی كرد به‌هۆی پێكان له‌ زۆرینه‌ی یارییه‌كان دابڕا و پێنج جاریش بوونه‌ پاڵه‌وانی بۆندزلیگا و ناسناوێكی چامپیۆنزلیگیشی له‌گه‌ڵ باڤارییه‌كان به‌ده‌ستهێنا.

کیلینی لەگەڵ یانە نوێیەکەی دەستی بە راهێنانەکانی کرد
جیۆرجۆ کیلینی بەرگریکاری 37 ساڵەی پێشووی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی، دوای 17 ساڵ لە جێهشتنی یانەکەی و پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی لۆس ئانجلۆس ئێف سی ئەمریکی، بۆ جاری یەکەم لەگەڵ ئەو یانەیە دەستی بە ئامادەکارییەکانی کرد، چاوەڕێ دەکرێت بۆ یاریی داهاتووی یانەکەی بەرامبەر لۆس ئانجلۆس گالاکسی لە هەشتی ئەم مانگە بەشداری بکات.
کیلینی ئەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی یۆڤێنتۆس کۆتایی هات، هەردوولا لەسەر نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی رێکەوتن و دواجار ئەو یاریزانە بریاریدا لە خولی ئەمریکی بەردوامی بە یاریکردن بدات.

بارسێلۆنا ناوی یاریگه‌ی كامپ نۆی گۆڕی
یانەی بارسێلۆنا بەفەرمی ناوی یاریگای کامپ نۆی بۆ سپۆتیفای کامپ نۆ گۆڕی، دوای واژۆ کردنی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای موسیقی سپۆتیفای، هەردوولا لەسەر ئەوە رێکەوتوون کە تاوەکو چوار ساڵی داهاتوو ناوی یاریگای کامپ نۆ بگۆڕدرێت سپۆتیفای کامپ نۆ، هەروەها ئەم کۆمپانیایە دەبێتە سپۆنسەری سەرەکی بارسا و ناوی کۆمپانیاکەکەیان لەسەر درێسی تیپەکانی پیاوان و ئافرەتان دەبێت، لە هەمان کاتدا درێسی راهێنانەکانیش بە هەمان ناوی کۆمپانیاکە دەبێت.
کۆمپانیاکە تاوەکو 12 ساڵی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ کردووە، بەڵام بۆ ماوەی چوار ساڵ ناوی یاریگاکەی بلاوگرانا دەگۆردرێت.

بارسێلۆنا له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌ك نزیك بووه‌ته‌وه‌
بارسێلۆنا نزیکە بەرامبەر ٦٠ ملیۆن یۆرۆ رافینها هێرشبەری لیدز یونایتد بباتە ریزەکانی، ئه‌م یاریزانه‌ له‌ دواساته‌كاندا بڕیاره‌كه‌ی له‌ یانه‌ی چێڵسییه‌وه‌ به‌ره‌و یانه‌ كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه‌ گۆڕی.
جیرارد رۆمێرۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی رایگەیاندووە بارسێلۆنا و لیدز یونایتد نزیکن بگەنە رێککەوتن، رافینها هێرشبەری بەڕازیلی بەرامبەر ٦٠ ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات که‌ دیکۆ ئەستێرەی پۆرتوگاڵی پێشووی بارسێلۆنا بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە بەڕازیلییە دەکات و رۆڵی کاریگەری هەیە لەوەی رافینها بچێتە بارسێلۆنا.
فابریزیۆ رۆمانۆ رایگەیاندووە چێڵسی ئۆفەرێکی بە بڕی ٧٠ ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی لیدز یونایتد کردووە، بەڵام رافینها حەز دەکات بچێتە بارسێلۆنا بۆیە لیدز یونایتد نزیکە رازی بێت رافینها بەرەو بارسێلۆنا بەڕێ بکات کە بلاوگرانا بە قیست بە سێ جار پارەی گرێبەستەکەی رافینها دەدات.
رافینها یاریزانی باڵی راستی لیدز یونایتد ته‌مه‌نی 25 ساڵه‌، له‌ هاوینی 2020 له‌ یانه‌ی رینسی فه‌ره‌نسا به‌ 18 ملیۆن یۆرۆ بۆ لیدز یونایتد گواسترایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ له‌ كۆی 67 یاری 17 گۆڵ و 12 ئاسیستی كردووه‌.

ھەواڵی زیاتر