نهێنیی دانوستانی نێوان زیاش و یانه‌ی میلان ئاشكرا ده‌كرێ

حه‌كیم زیاش، ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی چێڵسی، نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ خولی ئیتاڵی و له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئه‌ی سی میلاندا كه‌وته‌ گفتوگۆ.

سایتی كاڵچیۆ مێركاتۆی ئیتاڵی بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ ئێسته‌ گفتوگۆ له‌ نێوان زیاش و میلان ده‌ستی پێ كردووه‌، بریكاری ئه‌و یاریزانه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ پاولۆ ماڵدینییه‌وه‌ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن میلان خواستی ده‌ستخستنی ئه‌و یاریزانه‌ی هه‌یه‌ یان نا.
یانه‌ی ئه‌ی سی میلان له‌ هاوینی ڕابردوو زۆر هه‌وڵی دا ئه‌و یاریزانه‌ ده‌ست بخات بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ و قه‌ره‌بووی رۆییشتنی هاكان چاڵهانئۆغلۆ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ چێڵسیدا نه‌گه‌یشته‌ رێككه‌وتن و بۆنده‌كه‌ شكستی خوارد.
سایته‌ ئیتاڵییه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان زیاش و تۆماس تۆخێلی راهێنه‌ر، زۆر سارد و خراپ بووه‌ له‌م دوا 12 مانگه‌دا، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ ئه‌و یاریزانه‌ مه‌غریبییه‌ به‌ دوای یانه‌یه‌كی دیكه‌دا بگه‌ڕێت.
كاڵچیۆ مێركاتۆ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ یانه‌ی میلان وای ده‌بینێ بۆندی ئه‌و یاریزانه‌ زۆر باش ده‌بێ بۆ باشتركردنی هێڵی پێشه‌وه‌ی یانه‌كه‌یان، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ مه‌غریبییه‌ ده‌توانێ وه‌كوو یاریساز و یاریزانی باڵه‌كانیش یاری بكا.
هه‌روه‌ها مێدیا ئیتاڵییه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ نوێنه‌ران زیاش، یانه‌ی میلانیان ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌رجی چێڵسی بۆ ده‌ستبه‌ردابوون له‌و یاریزانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ شێوه‌ی خواستن بێ بۆ وه‌رزێك به‌ به‌های 6 یان 7 ملیۆن یۆرۆ، له‌گه‌ڵ مافی كڕینی هه‌میشه‌یی كه‌ دواتر له‌سه‌ری ڕێك بكه‌ون.

ھەواڵی زیاتر