رۆدیگێر: بارسێلۆنا داوای منی كرد به‌ڵام من ریال مه‌دریدم هه‌ڵبژارد

له‌ زنجیره‌یه‌ك هه‌واڵی تایبه‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی یاریزانان، ریال مه‌درید به‌رگریكاره‌ نوێیه‌كه‌ی پێشكه‌شی هانده‌ران كرد، بۆ یه‌كه‌مجاریش بارسێلۆنا و بایرن میونشن له‌ باره‌ی لیڤاندۆڤسكی كۆبوونه‌وه‌.

ریال مه‌درید یاریزانه‌ نوێیه‌كه‌ی به میدیایه‌كان ناساند
سەرلەبەیانی دوێنێ دووشەممە ئانتۆنیۆ رۆدیگەری بەرگریکاری ئەڵمانی گەیشتە بارەگای یانەی ریال مەدرید و پشکنینی پزیشکی بۆ کرا، دواتر بە ئامادەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید و یاریزانەکە گرێبەستەکەی نێوانیان واژۆ کرد کە ئەم یاریزانە دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ چێڵسی رووی لە یانە ئیسپانیەکە کرد و لە وەرزی داهاتووشدا ئەم یاریزانە درێسی ژمارە 22 دەپۆشێت،
چەند هەفتەیەک بەر لە ئێستا ریال مەدرید رایگەیاند لەگەڵ رۆدیگەری 29 ساڵان گەیشتنە رێککەوتن و گرێبەستەکەشیان بۆ ماوەی چوار ساڵ دەبێت.
ئەم بەرگریکارە ئەڵمانیه‌ دوای پینج ساڵ لە چێڵسی جیابووەوە و پیش ئەوەی لەگەڵ مێرەنگی رێک بکەوێت لەلایەن یانەکانی بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان و یوڤێنتۆس و بارسێلۆنا هەوڵی گواستنەوەی دەدرا، دواتر بڕیاریدا ریال مەدرید لەسەرووی هەمووان دابنێت و خاوەنی 14 ناسناوی چامپیۆنزلیگی هەڵبژارد.

رۆدیگێر: له‌ منداڵییه‌وه‌ ریال مه‌دریدم خۆشویستووه‌
رۆدیگێر به‌رگریكاری نوێی ریال مه‌درید له‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند گەیشتن بە ئێرە بۆ ئه‌و هەنگاوێکی گرینگ و گه‌وره‌یه‌، ده‌شڵێت: زۆر دڵخۆشم بە پۆشینی درێسی ریال مەدرید، خێزانەکەم بە بڕیارەکەم دڵخۆشن، چونکە دەزانن مەدرید چەندە گرنگە، زۆر شت لەبارەی تۆپی پێ نازانن، بەڵام دەزانن واتای ریاڵ مەدرید چییە، ڕیاڵ مەدرید یاریزانی زۆر باشی هەیە بە تایبەت لە پێگەی من، پێموایە رکابەرییەکی بەهێز دەبێت لەسەر وەرگرتنی شوێنێک لە پێکهاتەی سەرەکی، پێموایە بەرگریکار دەبێت خێرا بێت، چونکە هێرشبەرەکان خێرا و لێهاتوون.
رۆدیگێر گوتیشی: یەکەمجار کە ریاڵ مەدرید پەیوەندی لەگەڵ بریکارەکەمدا هەبوو لە مانگی ئەیلول بوو، دووەمجاریش لەگەڵ ئانچیلۆتی قسەم کرد لە مانگی نیسان بوو، ئەوەی گرنگ بوو بڕیارمدا یاریی بۆ ریال مەدرید و ئانچیلۆتی بکەم، لە بارسێلۆناش هەوڵ هەبوو بۆ گواستنەوەم، بەڵام گوتمە براکەم یان ریال مەدرید یان هیچ یانەیەکی دیکە، هەندێک جار لەگەڵ هاوکارەکانت قسە دەکەیت، بەڵام هاتنم بۆ ئێرە بڕیارێکی تاکەکەسی بوو، لەگەڵ کرۆس و کۆرتوا و هازارد قسەم نەکردووە.
رۆدیگێر ده‌شڵێت: لە دەرەوەی یاریگا هەڵسوکەوتم جیاوازە، من حەزم لە قسەکردن و چات و سەماکردنە، بەڵام لە یاریگادا زۆر جدیم، حەزم لە گاڵتەکردن نییە، من زۆرم حەز دەکەم شۆفێری بکەم، ئێستاش دەمەوێت بە خێرایی خۆم فێری زمانی ئیسپانی بکەم، لە میانەی گفتوگۆ لەگەڵ ئانچیلۆتی پێی وتم کە متمانەی بە من هەیە و چاوەڕێی زۆر شت دەکات و منیش دەتوانم یارمەتیان بدەم،
من حەزم لە ژمارە 2 بوو، کە لێرە ژمارەی کارڤاخالە. لە نێوان 12 و 22 دەبوو یەکێکیان هه‌ڵبژێرم و بڕیارمدا درێسی ژمارە 22 بپۆشم، ده‌مه‌وێت سەرجەم ناسناوەکان لەگەڵ شاهانەکان ببه‌مه‌وه‌.

میلان گرێبه‌ستی ئۆریگی یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌
بەپێی رۆژنامەی کۆرێری دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئۆریگی دەبێتە یەکەمین گرێبەستی ئەم هاوینەی ئەیسی میلان و لە چەند رۆژی داهاتووش پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت.
هێما بۆ ئەوەش کراوە گرێبەستەکەی میلان و ئۆریگی بۆ ماوەی چوار ساڵ دەبێت و مووچەی ساڵانەشی 3.5 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
ئۆریگی بەلجیکی لە ماوەی رابردوو رایگەیاند ریزەکانی لیڤەرپوول جێدەهێڵێت دوای ئەوەی گرێبەستەکەی کۆتایی هات.

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان بارسێلۆنا و بایرن میونشن ده‌ستیپێكرد
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، هەفتەی داهاتوو بەرپرسانی یانەکانی بارسێلۆنا و بایرن میونشن بۆیەکەمجار لەبارەی گواستنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی کۆدەبنەوە.
میدیاکانی کەتەلۆنیا رایانگەیاندووە، بارسێلۆنا سی و دوو ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی لیڤا پێشکەشکردووەو یانە ئەڵمانیاکەش داوای چل ملیۆن دەکات، بەپێی سەرچاوە کەتەلۆنییەکە بایرن لەگەڵ سادیۆ مانێ گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆیە نەرمی نواندووە و دەستبەرداری لیڤاندۆڤسکی دەبێت.
بارسێلۆنا ئەم هاوینە هیچ یاریزانێکی نەگواستووەتەوەو بەتەواوی سەرنجی خستووەتە سەر گواستنەوەی لیڤاندۆڤسکی، پێشوتریش ئەم یاریزانە پۆڵەندییە رایگەیاندبوو نایەوێت چیدیکە لە بایرن یاری بکات و زیاتر لە جارێک ئارەزووی خۆی بۆ رۆیشتن لە یانە باڤارییەکە دووپاتکردبووەوە بەڵام بەرپرسانی بایرن لە سەرجەم لێدوانەکانیاندا رەتیدەکەنەوە دەستبەرداری لیڤابن..

چێڵسی گرێبه‌ستێكی گرانبه‌های بۆ گواسته‌وه‌ی ره‌حیم ئاماده‌ كردووه‌
رۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە یانەی چیڵسی لەسەر داوای تۆماس تۆخێل بۆ گواستنەوەی رەحیم ستێرلینگ هاتووەتە سەر هێڵ، رۆژنامە ئینگلیزییەکە دوو هۆکاری دەستنیشانکردووە کە وادەکات گواستنەوەکە جێبەجێبکرێت.
یەکەمیان رۆیشتنی لوکاکۆ و گەڕانەوەی بۆ ئینتەرمیلان، دووەمیان ستێرلینگ وەرزی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی کۆتایی دێت و هێشتا ئامادە نییە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
مان سیتی دەیەوێت لە فرۆشتنی گابریێل خیسۆس و رەحیم ستێرلینگ زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن یۆرۆی دەستبکەوێت و بەگوێرەی سەرچاوەکانی فانریزیۆ رۆمانۆ مان سیتی داوای ٥٥ بۆ ٦٠ ملیۆن یۆرۆ دەکات، چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا هەردوو یانە دەست بە گفتوگۆ بکەن و بلووز ئۆفەری یەکەمی پێشکەشی سیتیزنس بکات.

ئەم هەفتەیە چارەنووسی رۆمێلۆ لۆکاکۆ یەکلا دەبێتەوە
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی ئیتاڵی رایگەیاندووە، گفتوگۆیەکانی نێوان ئینتەر میلانی ئیتاڵی و چێڵسی ئینگلیزی بۆ گەڕانەوەی رۆمێلۆ لۆکاکۆ بۆ ریزەکانی ئینتەر بەردەوامن، چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەفتەیە پرۆسەی گەڕانەوەی لۆکاکۆ بە خواستن بۆ ریزەکانی نێرادزۆری یەکلا بێتەوە.
رۆژنامەنووسەكه‌ی كه‌ناڵی سكای سپۆرتس ئاشکرایکردووە، یەکەم ئۆفەری ئینتەر میلان بۆ خواستنی لۆکاکۆ بریتیبوو لە پێنج ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ دوو ملیۆن یۆرۆی دیکە وەکو پاداشت و زیادە بەگوێرەی ئاست و دەستکەوتەکانی وەرزی داهاتووی هێرشبەرە بەلجیکییەکە لە ئینتەر.

ھەواڵی زیاتر