رۆژ له‌ دوای رۆژ بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان گه‌رمتر ده‌بێت

له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه چه‌ندان یاریزانی ئه‌ستێره‌ و ناودار مافی ده‌ستبه‌رداربوونیان له‌ یانه‌كانیان وه‌رده‌گرن، به‌شێكیان له‌ ئێستاوه‌ خۆیان یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌زموونی نوێ له‌گه‌ڵ یانه‌ و خولی جیاوازتر تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌، پاریس سانجێرمان به‌نهێنی له‌گه‌ڵ ڤینسیۆس له‌سه‌رهێڵه‌ و مووچه‌یه‌كی خه‌یاڵی بۆ ئاماده‌ كردووه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، مارسێلۆی به‌رازیلی له‌ لایه‌ن یانه‌ی ئه‌یسی میلان داواكراوه‌.

لیڤه‌رپوول ئه‌ستێره‌یه‌كی نوێی گواسته‌وه‌
کلاڤین رەمزی بەرگریکارە لاوەکەی یانەی ئابێردینی سکۆتلەندی بە فەرمی بووە یاریزانی لیڤەرپوول، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ سێیه‌مین گرێبه‌ستی ئه‌م هاوینه‌ی تیپه‌كه‌ی یۆرگن كڵۆپی پیاوه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌.
یانەی لیڤەرپوول لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند لەگەڵ یانەی ئابێردینی سکۆتلەندی لەسەر گواستنەوەی کلاڤین رەمزی بەرگریکاری 18 ساڵی گەیشتنە رێکەوتن و بە فەرمی گرێبەستەکەیان واژۆ کرد و بووە سێیەمین گرێبەستی لیڤەرپوول لە گواستنەوەکانی هاوینە ودرێسی ژمارە 22 دەپۆشێت. رەمزی وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەکەی لەسەرجەم خوڵ و پاڵەوانتییەکان بەشداری 33 یاریکرد و توانی نۆ ئاسیست و گۆڵێک تۆمار بکات.

پاریس ده‌یه‌وێت ڤینسیۆس رازی بكات گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ نه‌كاته‌وه‌
پاریس سانجێرمان لە پێناو گواستنەوەی ڤینیسیۆس جونیور، ئۆفەرێکی خەیاڵی پێشکەش ئەو یاریزانە بەڕازیلیەی ریال مەدرید کردووە.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، کارگێری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا، بۆ ماوەی چوار مانگ لە مانگی دوازدە ساڵی 2021 تاوەکو مانگی سێ ئەمساڵ بەردەوام لەسەر هێڵ بوون لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر یاریزانی بەڕازیلی ریال مەدرید و، داوایان لێکردووە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێ نەکاتەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات، بەڵام ئەو یاریزانە داواکەی یانە فەرەنسیەکەی رەتکردووەتەوە و ئامادەنیە یانەکەی جێبێڵێت.
مارکا بڵاویشی کردووەتەوە، شازادەکان ئامادەبوون ساڵانە چوار ئەوەندەی مووچەی ئێستای بە ڤینی بدەن، واتە 40 ملیۆن یۆرۆ.

مارسێلۆی به‌رازیلی بووه‌ته‌ ئامانجی ئه‌یسی میلان
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەیسی میلان لەناکاو بۆ گواستنەوەی مارسیلۆ بەرگریکاری ٣٤ ساڵانی پێشووی ریال مەدرید هاتووەتە سەر هیڵ و دەیەوێت ئەو بەرگریکارە بەڕازیلییە بباتە ریزەکانی، کە ئەم هاوینە دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی مارسیلۆ دوای ١٥ ساڵ ریزەکانی ریال مەدریدی بەجێهێشت.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، میلان دەیەوێت شوێنگرەوەیەک بۆ تیۆ هێرناندێز بەرگریکاری چەپی یانەکەی بدۆزێتەوە و پێیوایە مارسیلۆ بژاردەیەکی باشە، بەڵام کێشەیەکی گەورە لە بەردەم رێککەوتنی نێوان مارسیلۆ و میلان هەیە، مارسیلۆ لە ریال مەدرید ٨ ملیۆن یۆرۆ مووچەی ساڵانەی وەردەگرت و پێویستە مووچەکەی بۆ نیوە کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی میلان بتوانێت گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ مارسێلۆ له‌ لایه‌ن یانه‌ی بێرنلی ئینگلیزیش داوا كراوه‌.

پاریس ریناتۆ سانچێزی لە چنگی ئەیسی میلان رفاند
ماڵپەڕی گۆڵی جیهانی رایگەیاندووە، ریناتۆ سانچێز ناوەڕاستکاری پۆرتوگاڵی پەیوەندی بە پاریس سانجێرمان دەکات نەوەک ئەیسی میلان لەکاتێکدا ئەو ناوەڕاستکارەی لیلی فەرەنسی لەگەڵ ئەیسی میلان رێککەوتبوو بەڵام پاریس سانجێرمان بە زیادکردنی ئۆفەرەکەی لیلی رازیکردووە ریناتۆ سانچێز بەو بفرۆشێت.
پێشتر میلان نزیبوو بەرامبەر ١٥ ملیۆن یۆرۆ ریناتۆ بگوازێتەوە ریزەکانی بەڵام پاریس سانجێرمان ئۆفەرەکەی بۆ دوو هێندە بەرزکردەوە و ٣٠ ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی لیل کردووە.

2 ئه‌ستێره‌ بوونه‌ته‌ ئامانجی ئارسێناڵ
بەپێی رۆژنامەی سەنی بەریتانی ئارسێناڵ ئۆفەرێکی 40 ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی مان سیتی کردووە بۆ گواستنەوەی گابریێل خیسۆس و مان سیتییش داوای 58 ملیۆن یۆرۆی ئامادە کردووە ئارسێناڵیش ئامادەیە بڕەکە بۆ ٤٦ ملیۆن یۆرۆ بەرز بکاتەوە.
هاوکات ئارسێناڵ 25 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی لیساندرۆ مارتینێزی ئەستێرەی ئەیاکس پێشکەش کردووە، بەڵام بەرپرسانی یانە هۆڵەندیەکە رەتیان کردووەتەوە و داوای 35 ملیۆن یۆرۆ دەکەن.

ھەواڵی زیاتر