بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان تا دێت گه‌رمتر ده‌بێت

بازاری گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی یاریزانان تا دێت زیاتر گه‌رمتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ پێشبینی ده‌كرێت زۆرترین گرێبه‌ست و گواستنه‌وه‌ی نوێ رابگه‌یه‌ندرێت.

ئاسێنسیۆ زۆرترین داوای كاری له‌سه‌ره‌
مارکۆ ئاسێنسیۆ ناوەڕاستکاری یانەی ریال مەدرید چەند ئۆفەرێکی بۆ هاتووە و ریال مه‌درید نرخی ده‌ستبه‌رداربوونی دیاریكردووه‌.
مارکۆ ئاسێنسیۆ لەوانەیە وەرزی داهاتوو ریزەکانی یانەی ریال مەدرید جێبێڵێت، لەبەر ئەوەی چەندین یانە لەسەر هێلن بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە و دیارترینیان یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵیە و ئەو یانەیە ئامادەیە 30 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی خەرج بکات، بەڵام شاهانەکان بەرامبەر دەستبەرداربوون لە ناوەڕاستکارەکەیان داوای 40 ملیۆن یۆرۆ دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە چەندین یانەی دیکە وەکو مانچێستەر یونایتد، لیڤەرپوول و ئەیسی میلانیش لەسەر هێڵن بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە.

عوسمان دێمبلی له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی نزیك بووه‌ته‌وه‌
عوسمان دێمبلی هێرشبەری فەرەنسی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا کۆتایی ئەم مانگە گرێبەستەکەی لەگەڵ بلاوگرانا کۆتایی دێت، ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا چەندین ئۆفەری یانەکەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردووەتەوە، دەنگۆیەکیش هەیە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەوڵی گواستنەوەی دەدات.
بارسێلۆنا لە پێناو هێشتنەوەی عوسمان دەبێت مووچەیەکی باشی پێ بدات، بەڵام کێشە داراییەکانی ئەو یانەیە بووەتە بەربەست لە بەردەمیان، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەو یاریزانە وەرزی داهاتوو بە درێسی یانەیەکی دیکە دەربکەوێت.

“دی یۆنگ له‌ بارسێلۆنا نامێنێت”
فرانكی دی یۆنگ ناوه‌راستكاری هۆڵه‌ندی شوێنه‌كه‌ی له‌ ژوری جلگۆڕینی بارسێلۆنا چۆڵكرد و په‌یوه‌ندی به‌ مانچێسته‌ر یونایتده‌وه‌ ده‌كات.
رادیۆی كادێنا كۆپی ئیسپانی بڵاوی كرده‌وه،‌ فڕانكی دی یۆنگی ناوه‌ڕاستكاری هۆڵه‌ندی شوێنی خۆی له‌ ژوری جلگۆڕینی بارسێلۆنا چۆڵكردووه‌ و به‌یه‌كجاری رۆیشتنی له‌ یانه‌كه‌ یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر داوای ئێرك تێن هاگی راهێنه‌ری نوێی مان یونایتد په‌یوه‌ندی به‌ شه‌یتانه‌ سووره‌كان ده‌كات.
كادێنا كۆپ ئاشكرای كردووه،‌ دی یۆنگ نایه‌وێت له‌ بارسێلۆنا بڕوات، به‌ڵام مانچێسته‌ر یونایتد 70 ملیۆن یۆرۆ له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری پێشكه‌شی بلاوگرانا كردووه‌ و به‌رپرسانی یانه‌كه‌ش پێیانوایه‌ هه‌لێكی زۆرباشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆریان له‌ فرۆشتنی ناوه‌ڕاستكاره‌ هۆڵه‌ندییه‌كه‌ ده‌ستبكه‌وێت.
فڕانكی دی یۆنگ ساڵی 2019 به‌ هه‌شتا و شه‌ش ملیۆن یۆرۆ په‌یوه‌ندی به‌ بارسێلۆناوه‌ كرد وه‌رزی رابردووش له‌ كۆی 46 یاریی چوار گۆڵ و پێنج ئه‌سیستی هه‌بوو.

فابریگاس یانه‌ی مۆناكۆی جێهێشت
یانه‌ی مۆناکۆ بەفەرمی رۆیشتنی سیسک فابریگاس ناوەڕاستکاری ئیسپانی یانەکەی راگەیاند.
یانەی مۆناکۆی فەرەنسی رایگەیاندووە، فابریگاس دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی ریزەکانی یانەکەمان بەجێدەهێڵێت کە کۆتایی ئەم مانگە گرێبەستی ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە لەگەڵ مۆناکۆ کۆتایی دێت.
فابریگاس ناوەڕاستکاری پێشووی چێڵسی و ئارسێناڵ و بارسێلۆنا پێشتر لە ساڵی ٢٠١٩ پەیوەندی بە ریزەکانی مۆناکۆ کرد و لە ماوەی سێ ساڵ و نیودا لە ٥٤ یاری 3 گۆڵی بە درێسی مۆناکۆ کرد.
فابریگاسی ٣٥ ساڵان لە دوایین وەرز تووشی پێکانێکی سەخت بوو نزیکەی حەوت مانگ لە یاریکردن دوورکەوتەوە.

ئاتاڵانتا گواستنه‌وه‌ی یاریزانێكی توركی راگه‌یاند
ئاتاڵانتا بە شێوەیەکی کۆتایی دێمێرالی بەرگریکاری تورکی لە یوڤێنتۆسەوە گواستەوە ریزەکانی.
ئاتاڵانتای ئیتاڵی لە بەیاننامەیەکی فەرمی رایگەیاند بژاردەی کڕینەوەی دێمیراڵی تورکیان کارا کرد و ئەم یاریزانە بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ بە شێوەیەکی کۆتایی بووە یاریزانی ئاتاڵانتا کە ئەم یاریزانە وەزی رابردووی بە خواستن لە ئاتاڵانتا بەڕێکرد. لە وەرزی رابردووشدا دێمیراڵ لە سەرجەم خول و پاڵەوانییەتیەکان بەشداری 42 یاریی کرد و دوو گۆڵ و سێ ئەسیستی تۆمار کرد.

پاریس سانجێرمان ئامادەیە دەستبەرداری نییمار بێت
رۆژنامەی لیکیپی فرەنسی راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا ئاماژەی بەو فشارە زۆرە داراییە کردووە کە لەسەر پاریس سانجێرمان هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش یانەکە نیازە دەستبەرداری نێیمار داسیلڤا بێت.
نێیمار لە هاوینی ٢٠١٧ بەرامبەر ٢٢٢ ملیۆن یۆرۆ وەکوو گرانترین یاریزانی جیهان پەیوەندی بە پاریس سانجێرمان کرد، نیمۆ مووچەی ساڵانەی لەیانەکە دەگاتە نزیکەی پەنجا ملیۆن یۆرۆ، هەروەها بەرزی مووچەی مباپێ و مێسی کێشەی بۆ یانەکە دروست کردووەو کەوتووەتە ژێر پێشێڵکردنی یاسای دارایی خاوێن، بۆیە یانەکە دەیەوێت لە نێوان مێسی و مباپێ و نێیمار، ئەستێرە بەرازیلییەکە لە یانەکەی بەڕێبکات، بەڵام نیمار ئارەزووی بەردەوام بوونی لە باخچەی شازدەکان هەیە.

ھەواڵی زیاتر