زۆرترین هەواڵ بە کەمترین وشە

  • ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ورووپا ئه‌م یارییانه‌ ده‌كرێن: ئینگلاند ـ هه‌نگاریا 21:45، ئه‌ڵمانیا ـ ئیتاڵیا 21:45، بۆسنه‌ ـ فنله‌ندا 21:45، توركیا ـ لیتوانیا 21:45، هۆڵه‌ندا ـ وێڵز 21:45، پۆڵه‌ندا ـ به‌لجیكا 21:45.
  • یارییه‌ دۆستانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌مڕۆ: غانا ـ چیللی 09:15 خوله‌كی سه‌رله‌به‌یانی، (ژاپۆن ـ توونس) 12:55 خوله‌كی پاشنیوه‌ڕۆ، (كۆریای باشوور ـ میسر) كات 14:00ـی دوای نیوه‌ڕۆ.
  • مارسێلۆی به‌رگریكاری به‌رازیلی دوای 16 ساڵ و بردنه‌وه‌ی 25 نازناو به‌ گریانه‌وه‌ ماڵئاوایی له‌ ریال مه‌درید كرد.
  • مارسێلۆ به‌رگریكاری به‌رازیلی: من لێرە نیم بۆ ماڵئاواییکردن، چونکە پێموانییە لە ریال مەدرید دەڕۆم، بەڵێنم بەخۆم دا بوو بەشێوەیەکی سرووشتی قسە بکەم، به‌ڵام نه‌متوانی كۆنترۆڵی گریانه‌كه‌م بكه‌م، سوپاسی ریال مەدرید دەکەم، باشترین یانەی جیهان، هەموو رۆژێک لێرە بە پێکەنینەوە لەخەو هەڵساوم، ئەوکاتەی بەڕازیلم جێهێشت بیرم لەوە دەکردەوە لە چامپیۆنزلیگ یاریی بکەم، بەڵام ئەمڕۆ ئێرە جێدەهێڵم وەکو خاوەنی زۆرترین ناسناو، دەمەوێت سوپاسی هەمووان بکەم لە خێزانەکەم و یانەکەم.
  • فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید: ئەزیزەکەم مارسێلۆ، تۆ باشترین یاریزانی لای چەپی لە مێژووی تۆپی پێ و ریال مەدرید، ئێرە هەمیشە ماڵی تۆیە، سوپاست دەکەم بەهۆی ئەو خزمەتەی پێشکەشت کردووین، مارسێلۆ دووبارە نابێتەوە و بۆ هەمیشە شانازیت پێوەدەکەین، مارسێلۆ تۆ لە تەمەنی ١٨ ساڵیەوە هاتیە ئێرە و سەرجەم خەونەکانت بەدی هات و تۆ لە گەورەترین بەرگریکارەکانی لە مێژووی تۆپی پێ و یانەکەمان.
  • یاریزانی سڕبی نیمانیا ماتیچ یاریزانی مانچێشەر یونایتد ئەمڕۆ گەیشتە رۆما لەپێناو ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی و واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ یانەی رۆما، کە گرێبەستی ئەم یاریزانە لە کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ شەیتانەسوورەکان کۆتایی دێت و بە گرێبەستێکی سەربەست روو رۆما ده‌كات، بەپێی سەرچاوەکان گرێبەستەکەی ماتیچ و رۆما بۆ ماوەی تەنیا ساڵێک دەبێت لەگەڵ بژاردەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ساڵیكی دیکە.
  • یانەی بێنفیکای پۆرتوگاڵی لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە داروین نونێز بەرامبەر ٧٥ ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلزیییەوە دەکات، جگە لەو ٧٥ ملیۆن یۆرۆ ٢٥ ملیۆن یۆرۆی دیکەش بەگوێرەی ئاست و دەستکەوتەکانی هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکە بە بێنفیکا دەدرێت.
  • داروین نونێز هێرشبه‌ری نوێی لیڤه‌رپوول، وەرزی رابردوو لەگەڵ بێنفیکا لە ٤١ یاری ٣٤ گۆڵ و چوار ئەسیستی بۆ بێنفیکا کرد کە ئەو هێرشبەرە ٢٢ ساڵانە پێشتر لە ریزی یانەی ئەلمێریای ئیسپانی و پینارۆلی ئۆرۆگوایی یاریی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت نونێز شوێنی سادیۆ مانێ لە لیڤەرپوول بگرێتەوە.
ھەواڵی زیاتر