موسا موحسین، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواریی عێڕاق بۆ رۆژنامەی هەولێر: لەم مانگەدا هەڵبژاردنی هەڵبژاردنی لقی شارەکانی پایسکلیسواری لە هەموو شارەکانی عێڕاق ئەنجام دەدرێت

فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق یەکێکە لەو فیدراسیۆنانەی کە بەردەوام پاڵەوانیەتی لەسەر ئاستی سەرجەم ئاستەکان دەکاتەوە، کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی بۆتە شوێنێک کە زۆربەی کات بەشێک لەپاڵەوانیەتیەکان لە کوردستان ئەنجام دەدرێن، موسا موحسین جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق باسی دواین پاڵەوانیەتیەکانی فیدراسیۆنەکە دەکات کە ئەمساڵ لەسەر ئاستی یانەکان و هەڵبژاردەی عێڕاق ئەنجام دەدرێت.

کاروچالاکیەکانی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق
دەربارەی ئەو پاڵەوانیەتیانەی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێن (موسا موحسین) جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: لەدواین کۆبونەوەی خۆمان باسی دواین کاروچالاکیەکانمان کرد، ئەو پاڵەوانیەتیانەی کە ئەنجامدراون، هەروەها ئەو پاڵەوانیەتیانەی کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێن، لە ١ ی مانگی داهاتوو قۆناغی دووەمی پایسکیلسواری یانەکانی عێڕاق لەسەر ئاستی کچان لەشاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، قۆناغی یەکەمی ئەو پاڵەوانیەتیە لەشاری بەغدا بەبەشداری ١٢ یانە بەڕێوەچوو، یانەکانی کوردستانیش بەشدارییان کرد و پلەکانی یەکەم تا سێیەمیان بەدەستهێنا، یانەی برایەتی پلەی یەکەم و یانەی نەورۆز پلەی دووەم یانەی هەولێر پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا.

هەروەها بڕیاردرا قۆناغی سێیەمی پاڵەوانیەتی یانەکانی عێڕاق لەسەر هەموو ئاستەکان لەمانگی ٨ بەبەشداری ٣٣ یانە بەڕێوەبچێت، ٧ یانەی کوردستانیش بەشدارن کەم ئەم یانانەن هەولێر، برایەتی، کۆیە، نەورۆز، چوارقوڕنە، ئاڵتون کۆپری، دهۆک، پاڵەوانیەتی یانەکانی عێڕاق قۆناغی دووەمی لە سەرەتایی مانگی ڕابردوو لەشاری بەغداد بەڕێوەچوو بوو کە تیایدا، لەسەر ئاستی پێشکەوتوان یانەی سناعە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا بوو لەو ئاستە یانەی هەولێر توانی پلەی سێیەم بەدەسبهێنێت، لەسەر ئاستی لاوانیش یانەی حدود پلەی یەکەم و یانەی دهۆک پلەی دووەمیان بەدەستهێنا، هەروەها لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتوان یانەی ریفاعی و پلەی یەکەم و یانەی هەولێر پلەی دووەمیان بەدەستهێنا.

هەڵبژاردەی عێڕاق و یاریزانانی کورد
لەبەشێکی دیکەی دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێر موسا موحسین باسی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی عێڕاقی کرد، لەپاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان و بەشداری یاریزانی کورد لە هەڵبژاردەکە و ئاست و ئەنجامیان کرد دەربارەی ئەمە گووتی: دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی دووەمی پاڵەوانیەتی یانەکانی عێڕاق هەڵبژاردەی عێڕاقمان پێکهێنا بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتی تورکی نێودەوڵەتی (خوار ٢٣ ساڵان) بە کەبە ئۆڵۆمپی ناسراوە، بەبەشداری ١٨ وڵات ئەو پاڵەوانیەتیە لە وڵاتی تاجیکستان ئەنجامدرا، کە پاڵەوانانی ئاسیا لەیاری پایسکیلسواری بەشداربوون، یاریزانانی عێڕاق پلەکانی حەوتەم و هەشتەمیان بەدەستهێنا، ئەوەی گرنگ بوو ئەزمونی عێڕاق لەو پاڵەوانیەتیە، دواتر هەر لەوڵاتی تاجیکستان بەشداری پاڵەوانیەتی ماستەری تاجیکستانمان کرد کر ٧ وڵات بەشدار بوون و لەسەر ئاستی تیپ پلەی یەکەم و میدالیای زێڕمان بەدەستهێنا، کە دوو یاریزانی کورد لە یانەکانی کۆیە و هەولێر بەشدار بوون، لەسەر ئاستی تاکیش دوو میدالیای زیو و بڕۆنزمان بەدەستهێنا، دوو یاریزانی کورد و منیش وەکو سەرۆکی شاندەکە بەشدار بووین لە هەردوو پاڵەوانیەتیەکە.

لەتورکیا بەشداری پاڵەوانیەتیەکی نێودەوڵەتی دەکەن
جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق ئاماژەی بەوەیش کرد کە مەشق و ڕاهێنانی هەڵبژاردەی عێڕاق بۆ پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان بەردەوامە و بڕیار وایە لەوڵاتی تورکیا بەشداری پاڵەوانیەتی تەزامونی نێودەوڵەتی بکەین کە پاڵەوانیەتیەکە لە ناوەڕاستی مانگی ٨ بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، هەڵبژاردەی عێڕاقیش بەفەرمی بەشداریدەکات و بەشێوەیەکی باش خۆیان ئامادە کردووە و چاویان لەوەیە کە ئاست و ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنن.

هەڵبژاردنی لقی پایسکیلسواری شارەکان دەکرێت
لەبەشیکی تری قسەکانیدا موسا موحسین باسی لەوە کرد کە لەچەند ڕۆژی داهاتوو لەڕێگەی لیژنەکانە کار لەسەر هەڵبژاردنی لقی شارەکانی پایسکلسواری دەکەن، هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە لە هەموو شارەکانی عێڕاق ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام دەدرێت و هاوشێوەی یارییەکانی تر لقی پایسکیلسواری عێڕاق لەهەموو شارەکانی عێڕاق دەکرێتەوە، بەمەبەستی زیاتر بەرەوپێش بردنی ئەو یارییە و هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان یانەکان و لقی پایسکیلسواری شارەکان، دوای ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بڕیار وایە لە ٢٠ ئەم مانگە هەڵبژاردنی دەسەتی کارگێڕی لقی شارەکانی پایسکیلسواری ئەنجام بدرێت.

ھەواڵی زیاتر