كریستیانۆ رۆناڵدۆ بووه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی جوانترین گۆڵی ساڵ

له‌ دوو رۆژی رابردوو، ئه‌م ناونیشانانه‌ی خواره‌وه‌ زۆرترین سه‌رنجی خوێنه‌ریان بۆخۆیان راكێشاوه‌، به‌تایبه‌تی چاره‌نووسی لیڤاندۆڤسكی و عوسمان دێمبلی له‌گه‌ڵ یانه‌كانیان، هه‌ڵبه‌ت كریستیانۆ رۆناڵدۆش له‌ ماوه‌ی دوو رۆژ دوو خه‌ڵاتی پێبه‌خشرا.

گۆڵێكی كریستیانۆ به‌جوانترینی مان یونایتد دیاریكرا
ماڵپەری فەرمی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بڵاویکردەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵکاری پۆرتوگاڵی یانەکەیان خەڵاتی جوانترین گۆڵی ئەم وەرزەی یانەکەیانی بەدەستهێناوه‌.
لە راپرسیەکەیدا كریستیانۆ رۆناڵدۆ دەنگی زۆرینەی هاندەرانی بەدەستهێنا، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ دۆن هەفتەی رابردووش توانی خەڵاتی باشترین یاریزانی یانەکەی بەدەست بێنێت.
ئەو گۆڵەی رۆناڵدۆ بەرامبەر تۆتێنهام لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد لە گەڕی 29ـی پرێمەرلیگ تۆماری کرد، ئەوکاتەی لەو یارییەدا توانی هاتریک بکات و لە کۆتاییدا یارییەکەیان بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.

عەلیرەزا گه‌ڕایه‌وه‌ خولی ئێرانی
ماڵپەری فەرمی یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی بڵاویکردەوە، لەگەڵ عەلیرەزا بیرانوەند گۆڵپارێزە کوردەکەی پێشووی یانەکەیان گەیشتنە رێکەوتن و ئەو یاریزانە بۆ ماوەی سێ وەرز گرێبەستی لەگەڵ واژۆ کرا.
بیرانوەند وەرزی رابردوو ریزەکانی یانەکەی جێهێشت و ماوەیەک لە خولی بەلجیکا و خولی پۆرتوگاڵ یاریکرد.
گۆڵپارێزە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئێران پێشتر لە مۆندیالی 2018 لە یاریی بەرامبەر پۆرتوگاڵ توانی لێدانی سزای کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگەرێنێتەوە و، لەو کاتەوە ناوبانگێکی زیاتریشی بەدەستهێنا.

سه‌رۆكی بایرن میونشن لیڤاندۆڤسكی شۆك ده‌كات
هاینەر سەرۆکی یانەی بایرن میوشنی ئەڵمانیا رەتیدەکاتەوە ئەم وەرزە دەستبەرداری رۆبیرت لێڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی یانەکەیان بن.
هاینەر سەرۆکی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا لە دیمانەیەکدا باس لە داهاتووی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی هێرشبەری یانەکەی دەکات و دەڵێت ” لیڤا گرێبەستی لەگەڵ ئێمە هەیە و تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئێمە بەردەوام دەبێت، ئێمە پێمان سەیرە یاریزانێک داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بکات، کەچی دەبێت تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی مووچەکەی بدەین، ئەمە یەکسانی نیە”.
سەرۆکی باڤارییەکان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات، باری دارایی ئەوان باشە و هیچ پێویستیان بە فرۆشتنی یاریزان نیە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری لیڤا نابن.

گێنابری حه‌ز ده‌كات به‌ درێسی ریال مه‌درید یاری بكات
سێرج گێنابری حەزی خۆی بۆ یاریکردن لە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشکرا دەکات.
سێرج گێنابری لە دیمانەیەکدا لەگەڵ گۆڤاری GQ Hype حەزی یاریکردنی لە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا ئاشکرا دەکات، کاتێک پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت ئەگەر بیەوێت بۆ یەک خولەکیش بێت لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی بکات، ئایا حەز دەکات لە کام یاریگا بێت، گێنابری یەکسەر دەڵێت: یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ.
گێنابری وەرزی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ باڤارییەکان کۆتایی دێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەکەی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رێکنەکەوتووە، بۆیە دەنگۆیەک هەیە کە ئەم هاوینە ریزەکانی یانەکەی جێبێڵێت.

عوسمان دێمبلی وه‌رزی داهاتوو درێسی بارسێلۆنا ناپۆشێت
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاوی کردووەتەوە عوسمان دێمبلی وەرزی داهاتوو درێسی بارسێلۆنا ناپۆشێته‌وه‌.
دیمبلی لە چەند رۆژی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا بەکۆتا دێت و تاوەکو ئێستاش هیچ نزکبوونەوەیەک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نییە.
بەپێی سەرچاوە کەتەلۆنییەکە یانەی چیڵسی بەتەواوی لە گواستنەوەی دێمبلی نزیک بووەتەوە و بۆ ماوی چوار ساڵ پەیوەندەی بە یانە لەندەنییەکە دەکات.
تۆد بۆیلی سەرۆکی تازەی بلوز گواستنەوەی دێمبلی دەکاتە یەکەم دیاری دەستبەکاربوونی.
جگە لە چێڵسی یانەی پاریس سانجێرمان لەسەرهێڵ بوون بۆ گواستنەوەی دێمبلی، بەڵام بەهۆی پەیوەندی نێوان تۆخێل و ئەم یاریزانە، ئێستا ئەستێرە فرەنسییەکە لە چوونی بۆ چێڵسی نزیکە.

یاریزانێكی ئیتاڵیا نه‌یتوانی وێنه‌ له‌گه‌ڵ مێسی بگرێـت
ویلفرێد گنۆتۆ یاریزانی لاوی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا یەک کاتژمێر چاوەڕێ کردووە بۆ ئەوەی وێنەیەک لەگەڵ مێسی بگرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
ویلفرێد گناتۆ دوای بانگهێشتکردنی لەلایەن رۆبێرتۆ مانسیتی بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، لە یاریی بەرامبەر ئەڵمانیا یەکەم یاریی خۆی کرد و دوای یارییەکەش بە رۆژنامەی توتو مێرکاتۆی گووت” دوای یارییەکە فاینالیزما بەرامبەر ئارجێنتینا، یەک کاژمێر چاوەڕێ کردووە، بۆ ئەوەی وێنەیەک لەگەڵ مێسی بگرێت، بەڵام بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووم”.
ویلفرێدی 18 ساڵان لە یانەی زیوریخی سویسڕی یاریی دەکات و، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لەلایەن راهێنەری هەڵبژاردەکەی بانگهێشتی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا کراوە.

یوڤێنتۆس سووره‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پۆگبا
یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بەردەوامە لەسەر هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی پۆل پۆگبای فەرەنسی.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی ئاشكرای کردووە، کارگێری یانەی یۆڤێنتۆس بەردەوامن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ رازیکردنی پۆل پۆگبا بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو درێسی یانەکەیان لەبەر بکات و، لە پێناو گواستنەوەشی ئامادەن ساڵانە هەشت ملیۆن یۆرۆ سافی لەگەڵ پاداشتەکانی تر وەکو مووچەی پێبدەن، بۆیە چاوەڕێ وەڵامی ئەو یاریزانە دەکەن.
رۆمانۆ ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە، دوای ئەوەی دوێنی بڵاوکراتەوە، گوایە یانەی ریال مەدریدیش ئۆفەری پێشکەش بەم یاریزانە کردبێت.

ھەواڵی زیاتر