هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هه‌ولێر له‌ یارییه‌كی چاره‌نووسسازدا میوانی یانه‌ی قاسمه‌ و زاخۆش له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زه‌حمه‌تدایه‌

هه‌ولێر رووبه‌ڕووی نزیكترین ركابه‌ری ده‌بێته‌وه‌
له‌ گه‌ڕی 34ـیه‌مینی یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ كاتژمێر(4) له‌ یاریگه‌ی ئه‌لكه‌فل ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی قاسم، بۆ هه‌ردوو یانه‌كه‌ چاره‌نووسسازه‌، چونكه‌ شه‌ڕی مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ ده‌كه‌ن، رۆژی هه‌ینیش له‌ یارییه‌كی گرینگدا زاخۆ ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی قوه‌ی جه‌ویه‌، رۆژی شه‌ممه‌ش نه‌ورۆز له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی میوانی یانه‌ی دیوانیه‌یه‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری له‌سه‌ر یانه‌ كوردستانییه‌كانی به‌شدار له‌ خولی نایابی عێراقی ده‌خاته‌ڕوو.

یانه‌ی هه‌ولێر به‌ بردنه‌وه‌ مانه‌وه‌ مسۆگه‌ر ده‌كات
یانه‌ی هه‌ولێر رۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی قاسم، هه‌ولێر به‌ بردنه‌وه‌ی له‌م یارییه‌ به‌ شێویه‌كی فه‌رمی مانه‌وه‌ی خۆی له‌ خوله‌كه‌ مسۆگه‌ر ده‌كات، نزار مه‌حرووسی راهێنه‌ر بۆ ئه‌م یارییه‌ كێشه‌ی له‌ ناوه‌ڕاست هه‌یه‌، كه‌ ئۆچۆی پیشگه‌ری تۆگۆڵی بۆ یارییه‌كانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام بۆ شوێنی ئه‌و نزاری راهێنه‌ر پشت به‌ تواناكانی شوان مامۆ ده‌به‌ستێته‌وه‌، كه‌ به‌ هۆی پێكان له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی تیپه‌كه‌ دابڕاوه‌، بۆ راهاتن له‌ چیمه‌نی یاریگه‌كه‌ زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی ده‌ستكردی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ پیرمام مه‌شقه‌كانی كردووه‌.
هه‌ولێر له‌ كۆی 33 یاریی رابردوو خاوه‌نی 39 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی دوازده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت، یانه‌ی قاسمیش به‌ 33 یاریی خاوه‌نی 33 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی حه‌ڤده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێت.

زاخۆ له‌ یارییه‌كی زه‌حمه‌تدا میوانی قوه‌ی جه‌وییه‌
رۆژی هه‌ینی له‌ گه‌ڕی 34ـه‌مینی خولی نایابی عێراقی، یانه‌ی زاخۆ له‌ یاریگه‌ی گه‌ل میوانی قوه‌ی جه‌وییه‌، زاخۆ له‌ گه‌ڕی رابردوو له‌گه‌ڵ نه‌فتی وه‌سه‌ت توانی یه‌كسانبێت، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ یانه‌ به‌هێزه‌كانی خولی نایابی عێراقی، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكی باشه‌ تا ئه‌نجامێكی باشتر بۆ یانه‌كه‌ له‌ دژی قوه‌ی جه‌ویه‌ تۆمار بكات، ئێسته‌ پڕ كێشه‌ترین یانه‌ له‌ عێراق یانه‌ی جه‌ویه‌، چه‌ند رۆژی رابردووش سه‌رۆكی یانه‌كه‌ ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، جه‌ویه‌ به‌ 61 خاڵ له‌ خانه‌ی چواره‌می خوله‌كه‌ دێت، ته‌نها خاڵێك له‌ خانه‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندییه‌وه‌ دووره‌، زاخۆ له‌ 33 یاریی خاوه‌نی 44 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی هه‌شته‌م دێت.

یانه‌ی نه‌ورۆز یارییه‌كی ئاسانی هه‌یه‌
رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو، نه‌ورۆز له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته‌ میوانی دیوانیه‌، یارییه‌كش له‌ كاتژمێر (4)ـئێواره‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نه‌ورۆز به‌رده‌وامه‌ له‌ ڕاماڵینی یانه‌گه‌وره‌كانی خولی نایابی عێراقی، ئه‌نجامێكی مێژووی له‌ خوله‌كه‌ تۆماركردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كه‌مجاریه‌تی له‌ نایابی عێراقی یاریی ده‌كات، به‌ڵام بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ترس بۆ یانه‌كانی خوله‌كه‌، یه‌كێك له‌ دیارده‌ تایبه‌ته‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه‌ ده‌ركه‌وتنی یاریزان و هێرشبه‌ری یانه‌ی نه‌ورۆز ئاسۆ رۆسته‌مه‌، كه‌ تاكه‌ یاریزانی كورده‌ له‌ وه‌رزێكدا 17 گۆڵ تۆماربكات، تاكه‌ یاریزانی عێراقیشه‌ له‌م وه‌رزه‌ ئه‌م ژماره‌ گۆڵه‌ی كردبێت، نه‌ورۆز له‌ 33 یاریی رابردووی به‌ راهێنه‌رایه‌تی وه‌لی كه‌ریم 45 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌، له‌ خانه‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
یانه‌ی دیوانیه‌، هه‌وڵی مانه‌وه‌ ده‌دات له‌ خولی نایابی عێراقی، تا ئێسته‌ 5 راهێنه‌ری گۆڕیه‌وه‌، له‌ كۆی 33 یاریی رابردووی ته‌نها 29 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌، له‌ خانه‌ی هه‌ژده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێت.
یانه‌ی شوڕته‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 84 خاڵ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی گرتووه‌ و به‌ شێویه‌كی فه‌رمی بووه‌ته‌ پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراقی، یانه‌ی سامه‌ڕاش ته‌نها بردنه‌وه‌یه‌كی هه‌یه‌ و به‌فه‌رمی بۆ ریزی پله‌ یه‌كه‌كان دابه‌زیوه‌.