هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئاسۆ رۆسته‌م ریكۆردێكی گه‌وره‌ی له‌ خولی نایابی عێراقدا تۆمار كرد

له‌ گه‌ڕی 33ـه‌می خولی نایابی عێراق، یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی له‌ سلێمانی میوانداریی یانه‌ی نه‌جه‌فی كرد، ئاسۆ رۆسته‌م ئه‌ستێره‌ی كوردی یانه‌ی نه‌روۆز له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌م دووانه‌ی تۆمار كرد و بووه‌ یه‌كه‌مین یاریزانی كورد له‌ مێژوودا 17 گۆڵ له‌ ماوه‌ی یه‌ك وه‌رز تۆمار بكات.

ئاسۆ رۆسته‌م بۆ دووه‌مین یاریی له‌سه‌ریه‌ك له‌ خولی نایابی عێراق دووانه‌ی تۆمار كرد، هه‌فته‌ی رابردوو 2 گۆڵی له‌ نێو یاریگه‌ی شه‌عب له‌ یانه‌ی شورته‌ كرد، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش دوو گۆڵی له‌ نه‌جه‌ف كرد، به‌مه‌ش ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراق گه‌یشته‌ 17 گۆڵ، ته‌نیا به‌ جیاوازی 3 گۆڵ له‌ مه‌حموود ئه‌لمواسی گۆڵكاری خوله‌كه‌ دووره‌، كه‌ ئه‌مه‌ی دووه‌میان هێرشبه‌ره‌ پیشه‌گه‌ره‌ سوورییه‌كه‌ 20 گۆڵی كردووه‌ و گرێبه‌سته‌كه‌شی له‌گه‌ڵ یانه‌ی شورته‌ 900 ملیۆن دیناره‌.
ئاسۆ رۆسته‌م یه‌كه‌مین یاریزانی عێراقیه‌ له‌م وه‌رزه‌ بتوانێت 17 گۆڵ تۆمار بكات، هاوكات یه‌كه‌مین یاریزانی كوردیشه‌ له‌ مێژووی خولی نایابی عێراق بتوانێت له‌ ماوه‌ی یه‌ك وه‌رز ئه‌و ژماره‌یه‌ تۆمار بكات.

ریزبه‌ندی زۆرترین گۆڵی هێرشبه‌ره‌ كورده‌كان له‌ مێژووی خولی نایابی عێراق
1-ئاسۆ رۆسته‌م 17 گۆڵ
2- فه‌رحان شكور 14 گۆڵ
3- یوونس شكور 13 گۆڵ
4- فه‌رحان شكور 12 گۆڵ
5- یوونس شكور 12 گۆڵ
6- میران كه‌ریم 10 گۆڵ
7- زیاد ئه‌حمه‌د 9 گۆڵ
8- شێركۆ كه‌ریم 9 گۆڵ
9- فه‌رحان شكور 9 گۆڵ

یانه‌ی نه‌ورۆز به‌رده‌وامه‌ له‌ راماڵینی یانه‌ گه‌وره‌كانی عێراق
نه‌ورۆز به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ گه‌ڕی 33ـی خولی نایابی عێراقی له‌ دژی یانه‌ی نه‌جه‌ف، توانی بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی یانه‌ی نه‌ورۆز یانه‌یه‌كی شلری سلێمانی له‌ خولی نایابی عێراقی بگاته‌ خانه‌ی هه‌شته‌می خوله‌كه‌، وه‌لی كه‌ریمی راهێنه‌ر له‌ قۆناغی دووه‌م باشترین راهێنه‌ر بووه‌ له‌سه‌ر ئاستی راهێنه‌رانی عێراقی، چونكه‌ 10 یارییه‌ تووشی هیچ شكستێك و دۆڕانیك نه‌بۆته‌وه‌، یاریزانه‌كانیشی یاریی دوای یاریی ئاستیان به‌رو هه‌ڵكشان ده‌چێت، بوونه‌ته‌ دێوه‌زمه‌ی تیپه‌كان، نه‌ورۆز ئێسته‌ نه‌ك مانه‌وه‌ی خۆی له‌ خوله‌كه‌ مسۆگه‌ر كردووه‌، بگره‌ هه‌نگاو ده‌نێت به‌ره‌و نیزكبوونه‌وه‌ له‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی خوله‌كه‌، زۆربه‌ی یاریزانه‌كانی نه‌ورۆز له‌ ئێسته‌دا له‌ لایه‌ن یانه‌ گه‌وره‌كانی خولی عێراقی چاویان له‌سه‌ره‌، تا وه‌رزی داهاتوو گرێبسه‌تیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن.
نه‌ورۆز له‌ 33 یاریی 45 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وای لێكرد پیش یانه‌ی زاخۆ بكه‌وێته‌وه‌، ئێسته‌ له‌ خانه‌ی هه‌شته‌می خوله‌كه‌ دیت و 6 خاڵ جیاوازی له‌گه‌ڵ خانه‌ی حه‌وته‌مه‌ی ریزبه‌نی هه‌یه‌.

زاخۆ بۆ سێیه‌م یاریی نه‌یتوانی بیباته‌وه‌
یانه‌ی زاخۆ بۆ سێیه‌م یاری نه‌یتوانی بردنه‌وه‌ تۆماربكات، له‌ گه‌ڕی 33ـیه‌مینی یارییه‌كان له‌ یاریگه‌ی دهۆك میوانداری نه‌فتی وسه‌تی كرد، كه‌ یانه‌ی میوان له‌ خانه‌ی سێیه‌می خوله‌كه‌ دێت، به‌ڵام زاخۆ نه‌یتوانی جارێكیتر بردنه‌وه‌ تۆماربكات، ئه‌مه‌ پێنجه‌م یارییه‌ فیراس خه‌تیب راهێنه‌ری یانه‌ی زاخۆیه‌، له‌ دوو یاریی سه‌ره‌تای توانی له‌ هه‌ولێر و نه‌فتی به‌سڕه‌ بباته‌وه‌ دواتر به‌ یانه‌كانی قوه‌ی جه‌ویه‌ و زه‌ورا دۆڕا و له‌م گه‌ڕه‌ی كۆتاییش له‌گه‌ڵ نه‌فتی وه‌سه‌ت یه‌كسان بوو.
زاخۆ له‌ 33 یاریی خاوه‌نی 44 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی نۆیه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت، ته‌نها یه‌ك خاڵ له‌ خانه‌ی هه‌شته‌مه‌وه‌ دووره‌، كه‌ به‌ هۆی ئه‌م یه‌كسانه‌وه‌ ئه‌م پێگه‌یه‌ی له‌ده‌ستدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ورۆز.
یانه‌ی شوڕته‌ به‌ 82 خاڵ پله‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ی گرتووه‌ و به‌ فه‌رمی بووه‌ته‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی عێراقی، گه‌ڕی رابردووش له‌یاریگه‌ی خۆی به‌ ئه‌نجامی (2-1) به‌ یانه‌ی كه‌رخ دۆڕا