پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئانچیلۆتی: رێگه‌ ناده‌ین لیڤه‌رپوول نازناوی حه‌وته‌مینی چامپیۆنزلیگ به‌ ئاسانی به‌رز بكاته‌وه‌

راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید كارلۆ ئانچیلۆتی له‌ زنجیره‌یه‌ك لێدوان له‌ باره‌ی یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بیر له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ لیڤه‌رپوول ده‌كاته‌وه‌، ده‌شڵێت: یارییه‌كه‌مان به‌رامبه‌ر چێڵسی زه‌حمه‌ترین یاریی ئه‌م وه‌رزه‌ بوو.

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ئیتاڵی یانه‌ی شایانه‌، پێش یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ رایگه‌یاند له‌ ئێستاوه‌ لیستێكی یاریزانانیان دروستكردووه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و یاریزانانه‌ی لێدانی پێناڵتی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن له‌ ئه‌گه‌ری گه‌یشتنی یارییه‌كه‌ به‌ لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان، گوتیشی: راسته‌ به‌خت له‌گه‌ڵمان بووه‌، به‌ڵام یاریگه‌ی بێرنابیۆ شتێكی جیاوازتره‌ و خاوه‌نی جادووی خۆیه‌تی به‌ هه‌مان شێوه‌ی یاریگه‌ی ئانفیڵد.
كارلۆ ئانچیلۆتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئێستادا مه‌دریدییه‌كان شانازی به‌ تیپه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، گوتیشی: له‌ ڕووی جه‌ستییه‌وه‌ به‌هێزین، دژی تیپه‌ گه‌وره‌كان یارییمان كردووه‌، باشترین و سه‌خترین یاریی ئه‌م وه‌رزه‌مان به‌رامبه‌ر چێڵسی بوو، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌مان ئاست، بیر و هۆشمان بۆ یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ به‌هێز بكه‌ین.
ئانچیلۆتی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ چامپیۆنزلیگ و لالیگا زۆر جیاوازن، له‌ چامپیۆنزلیگ كاتێك تووشی شكست ده‌بیت دوورده‌خرێیته‌وه‌، به‌ڵام له‌ لالیگا ده‌رفه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ت هه‌یه‌.
ئانچیلۆتی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ره‌تی كرده‌وه‌ قسه‌ له‌ باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی كلیان مباپێ بكات و گوتی: قسه‌ له‌سه‌ر یاریزانانی ده‌ره‌وه‌ی تیپه‌كه‌م ناكه‌م، رێز له‌ بڕیاره‌كانیان ده‌گرم.
ئانچیلۆتی له‌ به‌رسیڤێكی دیكه‌ی رۆژنامه‌نووساندا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد خراپترین و ئاڵۆزترین ساته‌كان سێ تا چوار كاتژمێری پێش یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگه‌، ئه‌وكات هیچ چاره‌سه‌رێك نییه‌ بۆ ئه‌و فشاره‌ی روو له‌ یاریزانه‌كان ده‌كات، ده‌بێت به‌رگه‌ بكرین و به‌ متمانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ساتی ده‌ستپێكی جه‌نگه‌كه‌ بكه‌ین.
ئانچیلۆتی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ یانه‌ی لیڤه‌رپوول له‌ ڕووی جه‌ستییه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ باشترین تیپه‌كانی جیهان، جگه‌ له‌وه‌ش له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌سی یانه‌كه‌ له‌ لوتكه‌دایه‌.
له‌ باره‌ی لێدوانه‌كه‌ی محه‌مه‌د سه‌ڵاح كه‌ باسی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی له‌ ریال مه‌درید كرد بوو، ئانچیلۆتی ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌ نیازی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ بن، منیش ده‌مه‌وێت تۆڵه‌ی شكسته‌كه‌ی 2005 بكه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌وكات وه‌كو راهێنه‌ری میلان به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول دۆڕاین، دڵنیام ئێستا هه‌وادارانی ئه‌یسی میلان نایانه‌وێت ئه‌م وه‌رزه‌ لیڤه‌رپوول ببێته‌ پاڵه‌وانی چامپیۆنزلیگ و نازناوی حه‌وته‌مینی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ به‌رز بكاته‌وه‌.
راهێنه‌ره‌ ئیتاڵییه‌كه‌ی ریال مه‌درید ئاشكرای كرد له‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ ئاریگۆ ساكی هاونیشتیمانی كاری كردووه‌ زۆر شتی لێ فێربووه‌، هه‌میشه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ گه‌وره‌یه‌ بووه‌ته‌ پاڵنه‌رێكی به‌هێز له‌ بواری راهێنه‌رایه‌تی.
ئانچیلۆتی له‌ باره‌ی پێكهاته‌كه‌ی رایگه‌یاند رۆدریگۆ هیچ كاتێك كێشه‌ی نییه‌ له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ بێت یان به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی یاریی بكات، ئه‌و رۆڵی خۆی ده‌زانێت، زیاتریش سوودی ده‌بێت ئه‌و كاته‌ی به‌شێوه‌ی یه‌ده‌گ دێته‌ نێو یاریگه‌ و به‌باشی ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات.
ئانچیلۆتی ده‌شڵێت: هیچ كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ ئیسكۆ، یان گاریس به‌یل نییه‌، هازارد و به‌یل بۆ یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ ئاماده‌ن، گرینگ نییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی یان 5 بۆ 10 خوله‌ك یاری ده‌كه‌ن.
رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو كه‌ ده‌كاته‌ 28ـی ئه‌م مانگه‌، له‌ یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ ریال مه‌درید و لیڤه‌رپوول له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و له‌ پاریس رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.
یانه‌ی ریال مه‌درید بۆ ئه‌م یارییه‌ توانایه‌كانی سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا، یانه‌ی لیڤه‌رپوول دڵنیا نییه‌ له‌ به‌شداریكردن ڤان دایك و تیاگۆ ئالكنتارا كه‌ ئێستا له‌ژێر چاودێری پزیشكی دان.