ئەمڕۆ پاڵەوانیەتی تیروکەوانی وڵاتانی ئاسیا لە سلێمانی کۆتایی دێت

بەبەشداری ١٦ وڵات و بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ پاڵەوانیەتی تیروکەوانی وڵاتانی ئاسیا لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، وڵاتە بەهێزەکانی جیهانی وەکو هیندستان و بەنگلادیش و کازاخستان و ئێران و سعودیە لە پاڵەوانیەتیەکە بەشدارییان کرد لە هەردوو جۆری ڕکێرف و کۆمباونت، بۆ دوری ٥٠ مەتر و ٧٥ مەتر، وڵاتانی هیندستان و بەنگلادیش لە هەردوو ئاستی کچان و کوڕان ڕکەبەریەکی بەهێز دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پلەکانی یەکەم و دووەم، هەڵبژاردەی عێڕاقیش لەسەر ئاستی کچان ڕکەبەری پلەی سێیەم چوارەم دەکات.

١٦ وڵات لەڕکەبەرییەکانی پاڵەوانیەتیەکە بەشدار بوون
بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی تیروکەوانی ئاسیا و بەچاودێری فیدراسیۆنی تیروکەوانی جیهانی پاڵەوانیەتەیەکە بەڕێوەچوو، کە هەموو پێداویستیەکانی پاڵەوانیەتەیەکە لەلایەن ئەوانەوە دابین کرابوو، فیدراسیۆنی تیروکەوانی عێڕاق لە هەموو لایەنەکانەوە سەرپەرشتی ئەنجامدانی پاڵەوانیەتەیەکەی دەکرد، لەبەر ئەوەی پشتر پاڵەوانیەتی یانەکانی عەرەبی لەیاری تیروکەوانی لەشاری سلێمانی بەڕێوەچووە ئەمە هۆکار بوو بۆ ئەوەی ئەو پاڵەوانیەتیە لە عێڕاق وتایبەتیش لە شاری سلێمانی ئەنجام بدرێت.
کۆی گشتی ئەو کەسانەی لەو ١٦ وڵاتە بەشداری پاڵەوانیەتیەکەیان کردووە، زیاترن لە ٢٠٠ کەس کە جگە لە یاریزانی تیروکەوانی، ڕاهێنەر و کەسانی کارگێڕیشیان لەگەڵە، بەگوتەی سەرپەرشتیارانی پاڵەوانیەتیەکە بەڕێژەیەکی زۆر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە ئاستی داواکاری ئەوان بووە، یاریزانانی جیهانی و خاوەن میدالیە جۆربەجۆرەکان لە پاڵەوانیەتیەکە بەشدارییان کردووە ڕکەبەری پلەکانی پێشەوە دەکەن.
لە پاڵەوانیەتیەکە هەڵبژاردەی عێڕاق لەسەر ئاستی کچان ئەنجامی باشیان هەبوو، ڕکەبەری وڵاتانی تریان کرد، ١ کچە کوردیش لە پاڵەوانیەتیەکە بەشداری کردووە ئەویش هودا ئازادە لەڕیزی هەڵبژاردەی عێڕاق و خەڵکی شاری سلێمانیە.
لە هەردوو جۆری ڕکێرف و کۆمباونت هەڵبژاردەکان لە ئاستی جوت و تاک و تیم ڕکەبەریان دەکرد.

ھەواڵی زیاتر