سبه‌ی هه‌ولێر بێ ئاماده‌بوونی هانده‌رانی هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌ی نه‌فتی وه‌سەت ده‌دات

له‌ گه‌ڕی 31ـی خولی نایابی عێراقی، هه‌ولێر ده‌یه‌وێت له‌ رێگای نه‌فتی وه‌سه‌ته‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی، هه‌ولێر به‌ هۆی سزادانی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ی بێ ئاماده‌بوونی هانده‌ران ئه‌نجام ده‌دات كه‌ له‌ كاتژمێر(7:45) خوله‌كی ئێواره‌ له‌ یاریگه‌ی یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری به‌ڕێوه‌ده‌چێت، زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر دۆخیان باش نییه‌، چونكه‌ له‌ دوو یاریی رابردوو شكست به‌شیان بووه‌، هێڵی به‌رگریان شپڕزه‌بوونه‌ 5 گۆڵیان له‌م دوو یارییه‌ لێكراوه‌، كه‌ نیشانه‌ی لاوازیان ده‌رده‌خات، له‌ هێرشبردنیشه‌وه‌ لاوازن، ته‌نها یه‌ك گۆڵیان كردووه‌.

نزار مه‌حرووس به‌ هۆی یاریكردن به‌ شێوازی به‌رگرییه‌وه‌ ره‌خنه‌ی زۆری له‌ ماوه‌ی دوو یاریی رابردوو ئاراسته‌كراوه‌، هه‌ولێر له‌ پلانه‌كانی پشت به‌ تواناكانی حوسێن جولی گۆڵپارێز و هه‌ردی سیامه‌ند و سه‌عد ئه‌حمه‌د و ئۆچۆی پیشه‌گه‌ر و ره‌وا و ئاكام و یاسین سامیه‌ شێركۆ ده‌به‌ستێ، بارزان شێرزادیشی به‌ هۆی پێكانه‌وه‌، تا كۆتایی وه‌رز له‌ یاریكردن دابراوه‌، ئه‌م یارییه‌ پێویستیان به‌ بردنه‌وه‌یه‌ تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كان و دڵی هانده‌رانی سزادراویش ئاشت بكه‌نه‌وه‌.
هه‌ولێر له‌ 30 یاری رابردووی، خاوه‌نی 9 بردنه‌وه‌ و 9 یه‌كسان و 12 دۆڕانه‌، 36 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی ده‌یه‌م دێت، له‌ 9 یاریی رابردووی نێوانیان هه‌ولێر هیچ بردنه‌وه‌یه‌كی تۆمارنه‌كردووه‌، له‌ 7 ساڵی رابردوو نه‌یتوایووه‌ له‌ نه‌فتی وه‌سه‌ت بباته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ پێویستیه‌تی ئه‌م گرێكوێره‌یه‌ بكاته‌وه‌، له‌ كاتێكدا نه‌فتی وه‌سه‌ت به‌ 55 خاڵ له‌ خانه‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی دێت.

سبه‌ی زاخۆ ئه‌ركی قورسه‌
زاخۆی سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ له‌ به‌غدا له‌ یارییه‌كی گرینگ رووبه‌ڕووی زه‌ورا ده‌بێته‌وه‌، زاخۆ له‌گه‌ڵ راهێنه‌ره‌ تازه‌كه‌ی دوو بردنه‌وه‌ی تۆماركردووه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش توانای یاریزانه‌ پێكراوه‌كان و راگیراوه‌كانی به‌ هۆی كارتی زه‌رد و سووره‌وه‌ بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت یاریزانان ئه‌مجه‌د وه‌لیدی كاپتن و گه‌یلان لوقمانی هێرشبه‌ری كه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌بوونه‌.
ئه‌مه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی فیراس خه‌تیبی راهێنه‌ری سووری زاخۆ داده‌نرێت، كه‌ بتوانێت ئه‌نجامێكی باش به‌رانبه‌ر زه‌ورا به‌ده‌ستبهێنێت. زاخۆ خاوه‌نی 43 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی هه‌شته‌می خوله‌كه‌ دێت.
زه‌ورا ئه‌م وه‌رزه‌ ئاستی وه‌ك پێویست نییه‌، كێشه‌ی زۆری هه‌یه‌، به‌ ئاسانی ناتوانێت بردنه‌وه‌ تۆماربكات، به‌ 51 خاڵ له‌ خانه‌ی پێنجه‌می خوله‌كه‌ دێت.

نوێنه‌ره‌كه‌ی سلێمانی رووبه‌ڕووی ئه‌مانه‌ی به‌غدا ده‌بێته‌وه‌
نه‌ورۆز بۆ ئه‌مانه‌ی به‌غدا ئاماده‌یه‌ و له‌ سلێمانی رۆژی هه‌ینی، كاتژمێر(4:00) میوانداریی تیپه‌كه‌ی سه‌رهه‌نگ موحسینی گۆڵپارێزی ئه‌مانه‌ ده‌كات كه‌ 4 یارییه‌ هیچ یانه‌یه‌ك نه‌یتوانیوه‌ تۆڕی ئه‌و گۆڵپارێزه‌ كورده‌ بهه‌ژێنێت.
نه‌ورۆز له‌ قۆناغی دووه‌م ئاستێكی باشی پێشكه‌ش كردووه‌، له‌ 30 یاریی رابردووی خاوه‌نی 36 خاڵه‌ 9 بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ 12 یاریی دۆڕاندووه‌ له‌ 9 یارییش یه‌كسان بووه‌، گۆڵكه‌ر و باشرین یاریزانی یانه‌كه‌ ئاسۆ رۆسته‌مه‌، كه‌ به‌ تۆماركردنی 12 گۆڵ، دووه‌م گۆڵكه‌ری خولی نایابی عێراقییه‌.
ئه‌مانه‌ی به‌غد هاوشێوه‌ی نه‌ورۆز ئه‌نجامه‌كانی له‌ قۆناغی دووه‌م باشتر بووه‌، سه‌رهه‌نگ موحسینی گۆڵپارێزی یانه‌كه‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ به‌ هێزه‌كانی ئه‌م یانه‌یه‌، كه‌ خاوه‌نی 11 كلین شیته‌، 413 خوله‌كه‌ تۆڕی گۆڵه‌كه‌ی به‌ پاكی هێشتووه‌ته‌وه‌.
ئه‌مانه‌ی به‌غدا به‌ 35 خاڵ له‌ خانه‌ی چوارده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت، یانه‌ی شورته‌ به‌ 76 خاڵ لوتكه‌ی خولی عێراقی گرتووه‌ته‌ده‌ست، ته‌نها یه‌ك دۆڕانی هه‌یه‌، یانه‌ی سامه‌ڕاش به‌ 21 دۆڕان خاوه‌ن زۆرترین دۆڕانه‌ و له‌ خانه‌ی كۆتایی دێت.