ڕاپۆرتێكی مێدیایی ئیسپانی، ورده‌كاریی دوائۆفه‌ری یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی بۆ یاریزان ئمباپێی فه‌ره‌نسی ئاشكرا كرد.
دوێنێ یه‌كشه‌ممه 8/5/2022، رۆژنامه‌ی بایسی ئیسپانی، دوائۆفه‌ری یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی بۆ یاریزانی فه‌ره‌نسی یانه‌ی پاریس سان جێرمان كیلیان ئمباپێ ئاشكرا كرد، كه بۆنده‌كه‌ی له هاوینی دادێ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا كۆتایی پێ دێ.
رۆژنامه‌كه باسی له‌وه كردووه، كه دوای نه‌مانی یانه‌ی پاریس سان جێرمان له قۆناغه پێشكه‌وتووه‌كانی چامپیۆنس لیگ، یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید ئه‌وه‌ی قۆستووه‌ته‌وه و له ناوه‌ڕاستی ئاداردا ئۆفه‌رێكی نوێی پێشكه‌شی ئه‌و یاریزانه فه‌ره‌نسییه كردووه بۆ گواستنه‌وه‌ی بۆ یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، كه ورده‌كاریی بۆنده‌كه بریتییه 180 ملیۆن یۆرۆ له پای واژۆكردن بۆنده‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ مووچه‌ی 40 ملیۆن یۆرۆی ساڵانه و 50%ی مافی تایبه‌تیی یاریزانه‌كه.
سه‌رچاوه‌ی نزیكی ئه‌و یاریزانه فه‌ره‌نسییه باسی له‌وه كردووه، كه ئمباپێ پێی وایه بۆندێكی گه‌وره‌یه له‌مێژووی تۆپی پێدا، به‌هۆی ئه‌و بڕه‌پاره زۆره‌وه، به‌ڵام به بڕگه‌ی 50%ی مافه تایبه‌ته‌كانی نیگه‌رانه.
سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه كردووه، كه ئه‌و خاڵه وای كردووه ئمباپێ ماوه‌ی مانگ و نیوێك بیر له نوێكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی بكاته‌وه له‌گه‌ڵ یانه‌ی پاریس سان جێرمان. چاودێرانی وه‌رزشی پێیان وایه، كه ئه‌و یاریزانه 40 ملیۆن یۆرۆ له چاودێری و سپۆنسه‌ری و ڕێكلام وه‌رگرتووه و ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی بۆ 70 ملیۆن یۆرۆ هه‌یه له ساڵانی دداێ، به تایبه‌ت كه چه‌ندان ئۆفه‌ری بازرگانیی بۆ چووه.
چاودێران پێیان وایه، چوونی ئمباپێ بۆ ریاڵ مه‌درید، وا ده‌كا به‌های ده‌ستكه‌وته‌ی تایبه‌تی كه‌م بێته‌وه، به تایبه‌ت كه 50%ی ده‌ستكه‌وت و داهاتی تایبه‌تی بۆ ریاڵ مه‌درید ده‌بێ.
خاتوو دلفین فێرتایدین، پارێزه‌ری تایبه‌تی ئمباپێ و شاره‌زا له مافی وێنه‌یی، رایگه‌یاندووه، ئه‌و یاریزانه پێویستی به ریاڵ مه‌درید نییه بۆ ئه‌وه‌ی له ڕووی بازاڕگێڕییه‌وه له‌م ته‌نه‌مه‌دا زیاتر بچێته پێش.