برادۆستی کەرکووک وەک یەکەمین یانە خۆی گەیاندە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان

لە یارییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان و لە یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم، دوو یاری بەڕێوەچوون لەشارۆچکەی کفری یاری نێوان کفری و برادۆست شاری کفری بەڕێوەچوو یانەی برادۆست بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا سەرکەوت بۆ ڕیزی یانەی پلە یەکەکانی کوردستان، یانەی کفریش بەسوود وەرگرتن لە دۆڕانی یانەی خەڵاتی پێنجوێن پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی بەدەستهێناو هیوای گەیشتنی بۆ گەڕایەوە.

برادۆست گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکان
یانەی برادۆستی شاری کەرکووک کە ماوەی ٢ ساڵە دامەزراوە و زۆر بە بەهێزی هاتۆتە ناو کێبڕکێی خولەکانی ئەم وەرزە بۆ یەکەمین جار بەشداری خولی یانە پلە دووەکانی کوردستانی کرد و بە یەک وەرز سەرکەوت بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، یانەکە لە هەمان کاتدا لە خولی یانە پلە سێیەکانی عێڕاقیش بەشداری کردوو دوو هەفتە لەمەو بەر دوای تەواو بوونی یارییەکانی کۆمەڵەی شاری کەرکووک خۆی گەیاندە ڕیزی یانە پلە دووەکانی عێڕاق.
برادۆست لە قۆناغی یەکەمی خولەکە بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوت بۆ قۆناغی دووەم، لەو قۆناغەیشدا ٤ یاری ئەنجامدا ٣ یاری بردەوە و لە ١ یاریشدا یەکسان بوو، بە کۆکردنەوەی ١٠ خاڵ بووە پاڵەوانی کۆمەڵەی دووەم.
برادۆست لە قۆناغی دووەم ١٠ گۆڵی تۆمار کردووە و ٥ گۆڵی لێکراوە، گۆڵکاری یانەکە سالار حوسێنە کە ٤ گۆڵی تۆمار کردووە.
بە گوتەی بەرپرسانی یانەکەیش چاویان لەوەیە کە وەرزی داهاتوویش بەبەهێزی بەشداری خولی یانە پلە یەکەکان دەکەن و چاویان لەوەیە خۆیان بگەیەننە خولی یانە نایابەکانی کوردستان.

ڕیزبەندی کۆتایی کۆمەڵەی دووەم بەمشێوەیە بوو:
١-برادۆست ١٠خاڵ لە ٤ یاری
٢- کفری ٥ خاڵ لە ٤ یاری
٣- خورماڵ ٤ خاڵ لە ٤ یاری
٤- بەختیاری ٤ خاڵ لە ٤ یاری
٥-خەڵاتی پێنجوێن ٤ خاڵ لە ٤ یاری
ئەم وەرزەی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان لەسەرەتادا بەشیوازی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، بەجۆرێک لە هەر پێنج پارێزگاکە یانەکان پاڵاوتنیان کرد و ١٤ یانە سەرکەوتن بۆ قۆناغی کۆتایی، کە ئێستە ئەو ١٤ یانەیە دابەشکراون بەسەر دوو کۆمەڵەدا لە هەر کۆمەڵەیەک ١ یانە سەردەکەوێ بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکان کوردستان و دووەمی هەردوو کۆمەڵەکەیش لە دوو یاری چوون و هاتندا بەیەک دەگەن و براوەیان دەگاتە خولی یانە پلە یەکەکان، بەڵام لەکۆمەڵەی دووەمدا یانەکانی پەیام و بابەگوڕگوڕ لە خولەکە کشانەوە کە بەهۆیەوە لەو کۆمەڵەیە ٥ یانە مانەوە و یانەی برادۆست گەیشتە ڕیزی یانە پلە یەکەکان.

ھەواڵی زیاتر