سه‌ڵاح؛ گۆڵكار و گۆڵسازی پرێمه‌ر لیگه‌

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

سه‌ڵاح؛ گۆڵكار و گۆڵسازی پرێمه‌ر لیگه‌
محه‌مه‌د سه‌ڵاح، له‌ یاریی ڕابردووی نێوان یانه‌كه‌ی و ئێڤه‌رتۆندا، گۆڵی یه‌كه‌می یانه‌كه‌ی دروست كرد، به‌وه‌ش پێشه‌نگی گۆڵسازانی خوله‌كه‌ی گرت، هه‌ر خۆیشی پێشه‌نگی گۆڵكارانی خوله‌كه‌یه‌.
محه‌مه‌د سه‌ڵاح، دوای دروستكردنی ئه‌و گۆڵه‌ی یانه‌كه‌ی بۆ یاریزانی هاویانه‌ی ئه‌ندی رۆبێرتسۆن له‌ گه‌ڕی 34ی پرێمه‌ر لیگ به‌رانبه‌ر ئێڤه‌رتۆن، چووه‌ پێشه‌نگی گۆڵسازانی خولی ئینگلته‌را، به‌ دروستكردنی 13 گۆڵ له‌م وه‌رزه‌دا.
پێگه‌ی فه‌رمیی فانتازیی پرێمه‌ر لیگ رایگه‌یاندووه‌، ئه‌م وه‌رزه‌ تا ئێسته‌ محمه‌د سه‌ڵاح 13 گۆڵی بۆ یاریزانانی دیكه‌ی هاویانه‌ی دروست كردووه‌ و له‌ پێشه‌نگی خوله‌كه‌دا دێ.
هاوكات محه‌مه‌د سه‌ڵاحی یاریزانی میسڕی، به‌ تۆماركردنی 22 گۆڵ، له‌ پێشه‌نگی گۆڵكه‌رانی خوله‌كه‌دایه‌.
تۆڕی سكواكا بۆ ئامار و داتا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ محه‌مه‌د سه‌ڵاح نه‌ك گۆڵسازی ئه‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌ر لیگه‌، به‌ڵكوو له‌و كاته‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ ریزه‌كانی یانه‌ی لیڤه‌رپووله‌وه‌ كردووه‌، زۆرترین گۆڵی له‌ خوله‌كه‌ دروست كردووه‌، كه‌ 46 گۆڵی بۆ هاوڕێكانی ئاسان كردووه‌ و به‌ جیاوازیی ته‌نیا گۆڵێك به‌سه‌ر هه‌ردوو یاریزان ئه‌لێكسه‌نده‌ر ئاڕنۆڵد و ئه‌ندی رۆبێرتسۆندا سه‌ركه‌وتووه‌.

خیسۆس له‌باره‌ی داهاتوویه‌وه‌ چی گوت؟
یاریزانی به‌ڕازیلی گابرێیل خیسۆس، له‌باره‌ی داهاتوویه‌وه‌ له‌ یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی، ڕوونكردنه‌وه‌ی دا.
ڕاپۆرته‌ مێدیاییه‌كان، باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ هاوینی دادێ خیسۆس یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی جێ ده‌هێڵێ، به‌ تایبه‌ت كه‌ یانه‌كه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌ له‌ بۆندكردن له‌گه‌ڵ یاریزانی نه‌رویژی ئیرلینگ هالاند، هێرشبه‌ری یانه‌ی بوڕوسیا دۆرتمۆند نزیك بووه‌ته‌وه‌.


خیسۆس له‌باره‌ی داهاتووی خۆیه‌وه‌ په‌یڤیوه‌ و رۆژنامه‌ی مانچسته‌ر ئیڤینیگ نیوزی بریتانی قسه‌كانی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێ: بیرم له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و كاتم بۆ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌.
وتیشی: ئێمه‌ له‌ باشترین چركه‌ساتی وه‌رزه‌كه‌داین، ده‌مه‌وێ چێژ و خۆشی له‌م ساتانه‌ وه‌ربگرین و هۆش و هه‌ستم له‌سه‌ر هاوڕێكان و یانه‌كه‌مان بێ له‌پێناو بردنه‌وه‌ی ناسناوی پرێمه‌ر لیگ.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئه‌و ناسناوه‌م سێ جار له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم بردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ باش له‌ خۆشیی ئه‌و هه‌سته‌ تێ ده‌گه‌م، ده‌شمه‌وێ دووباره‌ی بكه‌مه‌وه‌.
ئه‌و یاریزانه‌ به‌ڕازیلییه‌، وتیشی: یارییه‌كی سه‌ختمان له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ (ئه‌مڕۆ) به‌رانبه‌ر ریاڵ مه‌درید له‌ نیوه‌ی كۆتایی چامپیۆنس لیگ هه‌یه‌، ڕكه‌به‌رێكی به‌هێزن و هۆش و سه‌رنجمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌شداریی یارییه‌كان ناكا، وتی: ته‌نیا من نیم، له‌وه‌ته‌ی لێره‌م یاریم زۆر كردووه‌، به‌ڵام یاریزانی زۆر باشیشمان هه‌یه‌ و هه‌مووی ده‌یه‌وێ یاری بكا و توانای یاریكردنیان هه‌یه‌، نه‌ك من، ته‌نانه‌ت موحریز و ستیرلینگ و گریلیشی ده‌ورانیان پێ كراوه‌ له‌م وه‌رزه‌دا.