سۆران و شه‌قڵاوه‌ جه‌نگی مانه‌وه‌ له‌ ریزی خولی نایابی كوردستان ده‌كه‌ن

سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌، گه‌ڕی 29ـیه‌می خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سۆران و شه‌قڵاوه‌ رووبه‌ڕووی یه‌كترده‌بنه‌وه‌، هه‌ولێریش له‌ پایته‌خت له‌گه‌ڵ هه‌ندرێن یاریی ده‌كات، زاخۆش میوانی چه‌مچه‌ماڵه‌ و له‌ گێژاوی دابه‌زین دایه‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

سۆران دواین یاریی خۆی له‌م وه‌رزه‌ ده‌كات
سۆران له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی شه‌قڵاوه‌ی ركابه‌ر و دراوسێی خۆی ده‌كات، سۆران بۆ مانه‌وه‌ له‌ خولی نایاب پێویسته‌ ئه‌م یارییه‌ بباته‌وه‌، له‌ ئه‌گه‌ری دۆڕانیشی ئه‌وا له‌ دابزین بۆ ریزی پله‌ یه‌كه‌كان نزیك ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام سۆرانییه‌كان به‌ ئاسانی خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ ناده‌ن و جه‌نگی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، 29 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی دوازده‌یه‌من.
شه‌قڵاوه‌، هاوشێوه‌ی سۆران مه‌ترسی دابه‌زینی هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی له‌م یارییه‌ی خۆی ده‌رباز بكات و سۆرانیش له‌ نقوومبوون له‌ گێژاوه‌كه‌ بهێڵێته‌وه‌، شه‌قلاوه‌ له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ ئاماده‌ترن له‌ سۆران، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو له‌ هه‌ندرێنیان بردووه‌ته‌وه‌، شه‌قڵاوه‌ییه‌كان خاوه‌نی 28 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێزده‌یه‌من.

هه‌ولێر و هه‌ندرێن له‌ دێربی پایته‌خت به‌ یه‌كده‌گه‌ن
هه‌ولێر ده‌بێته‌ میوانی هه‌ندرێن، هه‌ولێر ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ هه‌ندرێن له‌ كۆتا ریزبه‌ند خۆی رزگار بكات و تاڕاده‌یه‌ك له‌ دابه‌زین دووربكه‌وێته‌وه‌، گه‌ڕی رابردوو توانی له‌ چه‌مچه‌ماڵ بباته‌وه‌ و خۆی له‌ ركابه‌ره‌كانی نزیك بكاته‌وه‌، ئێسته‌ به‌ بردنه‌وه‌ی له‌م یارییه‌ دۆخی باشتر ده‌بێت و ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی له‌ نایاب به‌هێزتر ده‌بێت له‌ چاو ركابه‌ره‌كانی، 25 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ كۆتا ریزبه‌ند دێت.
هه‌ندرێن، كه‌ له ‌سه‌ره‌تای وه‌رز هه‌مووانی شۆك كرد، به‌ ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی دواتر له‌ قۆناغی دووه‌م به‌ هۆی شكسته‌كانی، به‌ر له‌ 6 گه‌ڕ سه‌رۆكی یانه‌كه‌ ئاڵای سپی هه‌ڵكرد، هێنده‌ی دیكه‌ یاریزانه‌كان له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ رووخان و له‌ بردنه‌وه‌ و ئه‌نجامی باش دووركه‌وتنه‌وه‌، ئێسته‌ به‌ 42 خاڵ له‌ خانه‌ی دووه‌من و كه‌ترسی له‌ ده‌ستدانی خانه‌ی سێیه‌میشیان له‌سه‌ره‌.

زاخۆ میوانی دۆزه‌خه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌
چه‌مچه‌ماڵ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی زاخۆ ده‌كات، چه‌مچه‌ماڵ جه‌نگ له‌سه‌ر پله‌ی دووه‌م و سێیه‌می خوله‌كه‌ ده‌كات، بۆیه‌ هه‌وڵی بردنه‌وه‌ ده‌دات، به‌ڵام رووبه‌ڕووی تیپێك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ شه‌ڕی مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش هه‌ستیاری یارییه‌كه‌ زیاتر ده‌كات، زاخۆ ده‌خوازێت بیباته‌وه‌، تاهه‌نگاوێ له‌ ركابه‌ره‌كانی دووربكه‌وێته‌وه‌، به‌ بردنه‌وه‌شی به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆر مانه‌وه‌ مسۆگه‌ر ده‌كات.

پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان میوانداری برایه‌تی ده‌كات
سیروانی نوێ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی برایه‌تی ده‌كات، تیپه‌كه‌ی رزگار عه‌لی به‌ر له‌ 2 گه‌ڕ، به‌ شێویه‌كی فه‌رمی بۆ یه‌كه‌مجار بوونه‌وه‌ پاڵه‌وان، كه‌ یه‌كه‌م نازناوی فه‌رمیشه‌ له‌ خولی نایابی كوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ شاری سلێمانی، یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌ك ده‌ستی و گوێڕایه‌لی یاریزانه‌كان بۆ ئه‌ركه‌كانی راهێنه‌ر، هه‌وێنی بردنه‌وه‌ی ئه‌م نازناوه‌بوون، خاوه‌نی 51 خاڵن و له‌ پله‌ی یه‌كه‌م دێن.
برایه‌تی ده‌مێكه‌ نه‌یبردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌م یارییه‌ به‌شێویه‌كی باش ده‌ربكه‌ون، ده‌ستكه‌وته‌كانی برایه‌تی، له‌م وه‌رزه‌ دروستكردن و پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاوه‌ بۆ برایه‌تی، كه‌ ساڵانی داهاتووش یانه‌كه‌ سوودێكی زۆریان لێده‌بینێت، به‌ڵام سه‌مه‌د جه‌وهه‌ری راهێنه‌ر بوێرانه‌ یاریی به‌م كۆمه‌ڵێك له‌ یاریزانه‌ لاوه‌كان‌ كرد و پشتی پێبه‌ستن، خاوه‌نی 31 خاڵن و له‌ خانه‌ی یازده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێت. چه‌ند یارییه‌كی دیكه‌ له‌م گه‌ڕه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر میوانداریی شێروانه‌ ده‌كات و سه‌یدسادق میوانی ده‌ربه‌ندیخانه‌ و ئاراراتیش له‌گه‌ڵ دهۆك یاریی ده‌كات.