دوو یانەی خولی یانە پلەدووەکانی کوردستان بڕیاری کشانەوەیان لە خولەکە داوە

ماوەی زیاتر لە مانگێکە بەبەشداری ١٤ یانە قۆناغی کۆتایی خولی یانەی پلە دووەکانی کوردستان دەستی پێکردووە و تا ئێستە ٣ گەڕی یارییەکانی ئەو خولە بەڕێوەچوون، کە یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون، بەڵام لەو ماوەیەدا هەردوو یانەی بابەگوڕگوڕ لەشاری کەرکووک یانەی پەیام لەشاری هەڵەبجە هەریەکەو بە هۆکاری جیاواز لە خولەکە کشانەوە.

دوو یانە لە کۆمەڵەی دووەم کشانەوە
دوای دوو گەڕ لە یارییەکانی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان، یانەی بابەگوڕگوڕ بەهۆی بەشداریکردنی لە دوو خول و خراپی دۆخی دارایی یانە، بڕیاری کشانەوەیان لە خولەکەدا، لەو بارەیەوە نازم عومەر سکرتێری یانەکە بەڕۆژنامەی هەولێری گووت: بەهۆی ئەوەی کە لە خولی یانە پلە سێیەکانی عێڕاق بەشدارین و خەرجیەکی زۆر کەوتۆتە سەر شانی یانەکەمان و هیچ کەسێکیش دەست هاوکاری بۆ یانەکەمان درێژ ناکات، وەک کارگێڕی یانەی بابەگوڕگوڕ بڕیارماندا لە خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان پاشەکشە بکەین و لە خولی یانە پلە سێیەکانی عێڕاق بەردەوام بین.
لەلایەکی تر یانەی پەیامی هەڵەبجە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کشانەوەی خۆی لە خولی یانە پلە دووەکان ڕاگەیاند، دوای ئەوەی یانەی خەڵاتی پێنجوێن پەڵی لە یاریزانێکی ئەو یانەیە گرت بوو، یانەی پەیام بە دۆڕاو هەژمارکرا و سێ خاڵی یاریەکەیان لێ وەرگیرایەوە، یانەکە کشانەوەی خۆی لە خولەکە ڕاگەیاند، یانەکە پێی وایە کە بڕیارەکە دادپەروەرانە نەبووە و بەو هۆیەوە ئەو بڕیارەیان داوە، لەبەشێکی تری بەیاننامەکە هاتووە کە تا ڕۆژی دوو شەممە مۆڵەت دەدەن بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان ئەگەر سێ خاڵی یاریەکەیان بۆ نەگەڕێننەوە ناگەڕێنەوە خولەکە.

بڕیاری پێویست دەدەن
دەربارەی کشانەوەی هەردوو یانەکەو بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان جەلال سەعید وتەبێژی فیدراسیۆنەکە گووتی: لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆمان بڕیار لەسەر کشانەوەی هەردوو یانەکە دەدەین بەپێی ڕێنماییەکانی کە هەیە بڕیار دەدرێت کە ئەو دوو یانە دادەبزن یان ئەنجامی یارییەکانیان ڕەشدەکرێتەوە، گوتیشی چونکە هەردو یانەکە لە یەک کۆمەڵەن کە کشاونەتەوە ڕەنگە گۆڕانکاری لە خشتەی یارییەکانیش ڕوبدات.

ھەواڵی زیاتر