چاڤی ترسی له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و هه‌یه‌

یانه‌ی بارسێلۆنا بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یانه‌ی لیڤانتی گه‌شتی شاری ڤالێنسیای كردووه‌، چاڤی هێرناندێز ئه‌م یارییه‌ به‌ یه‌كێك له‌ قورسترین یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ ناوده‌بات، ده‌شڵێت: پێشتر بارسێلۆنا كێشه‌ی جه‌سته‌یی نه‌بوو، به‌ڵكو كێشه‌ی ته‌كتیكی هه‌بوو.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌ گه‌ڕی 31ـی لالیگا، یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی لیڤانتی، بارسا له‌ قۆناخی یه‌كه‌م له‌ كامپ نوو به‌ 3 گۆڵی بێوه‌ڵام سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا بوو.
یانه‌ی لیڤانتی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ خراپترین دۆخ تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام له‌ دوایین یاریی خۆی له‌ لالیگا له‌سه‌ر ئه‌م یاریگه‌یه‌ به‌ 2 گۆڵی خاوێن شكستی به‌ یانه‌ی ڤیاریال هێنا بوو، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ڤیاریال له‌ دوایین یاریی خۆی له‌ چامپیۆنزلیگ له‌ بایرن میونشنی بردبووه‌وه‌.

چاڤی ترسی له‌ یارییه‌كه‌ هه‌یه‌
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و له‌ دژی لیڤانتی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئه‌م یارییه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ قورسترین یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌یان.
چاڤی ده‌شڵێت: ركابه‌ره‌كه‌مان زۆر به‌هێزه‌ و یاریگه‌كه‌ زۆر قورس و سه‌خته‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ كه‌متر له‌ 3 خاڵی یارییه‌كه‌ رازی نابین، دڵخۆشم به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئانسو فاتی، ئه‌و ئێستا زۆر باشه‌، پێویستی به‌ 3 تا 4 یه‌كه‌ی مه‌شقی دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بینه‌وه‌ كه‌ هه‌موو شتێك باشه‌ و ئازاری نییه‌، هه‌روه‌ها دێست و دیپای نزیكن له‌ چاكبوونه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه‌ بانگهێشتم نه‌كردوون.
چاڤی له‌ باره‌ی هێڵی به‌رگری تیپه‌كه‌ی رایگه‌یاند كه‌ جیرارد پیكێ له‌ دوو مانگی رابردوو زۆرترین هێز و وزه‌ی خستووه‌ته‌ خزمه‌تی یانه‌كه‌ی، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ نابێت. له‌ ئێستادا ئێمه‌ له‌ دڵی به‌رگری له‌ باشترین دۆخ داین، له‌گه‌ڵ رێزیشم بۆ كاسێمیرۆ، به‌ڵام سێرجیۆ بۆسكێتس باشترین یاریزانه‌ له‌ شوێنی خۆی، دۆزینه‌وه‌ی یاریزانێكی له‌مشێوه‌یه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ دووباره‌ بێته‌وه‌.
چاڤی ده‌شڵێت: له‌ رابردوو بارسێلۆنا كێشه‌ی جه‌سته‌یی نه‌بوو، به‌ڵكو كێشه‌كانی بارسێلۆنا زیاتر ته‌كتیكی بوون، لێكپچڕانێكی زۆر له‌ نێوان هێڵه‌كان هه‌بوون، خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا كێشه‌كان كه‌مبوونه‌ته‌وه‌.

له‌ باره‌ی چاره‌نووسی عوسمان دێمبلی، راهێنه‌ره‌كه‌ی بارسێلۆنا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ زۆر حه‌ز ده‌كات دێمبلی گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه‌، ده‌شڵێت: دێمبلی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش راهێنان ده‌كات، له‌ڕووی هێرشبه‌رییه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر گرینگه‌، له‌ هه‌مووی گرینگتریش یارمه‌تی هێڵی به‌رگریش ده‌دات.
یانه‌ی بارسێلۆنا ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ كۆی 29 یاری، 16 بردنه‌وه‌، 9 به‌رامبه‌ربوون و 7 شكستی هه‌یه‌، 57 گۆڵی كردووه‌ و 29 گۆڵی لێكراوه‌ و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 57 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی لالیگا دێت و به‌ جیاوازی 12 خاڵ له‌ یانه‌ی ریال مه‌درید پێشه‌نگی خوله‌كه‌ دووره‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی لیڤانتی، شه‌ڕی مانه‌وه‌ له‌ خوه‌كه‌ ده‌كات و له‌ كۆی 30 یاریی ئه‌م وه‌رزه‌ ته‌نیا 4 یاری بردووه‌ته‌وه‌ و 10 به‌رامبه‌ربوون و 16 شكستی هه‌یه‌ و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 22 خاڵ له‌ خانه‌ی پێشكۆتایی ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دێت.

ھەواڵی زیاتر