هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

له‌ خولی نایابی تۆپی پێی كوردستاندا گه‌ڕێكی چاره‌نووسساز به‌ڕێوه ‌ده‌چێت

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ گه‌ڕی 27 یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كان له‌ كاتژمێر(3:30) ئه‌نجام ده‌درێن، چه‌ندین رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گرینك و‌ به‌هێزی تێدایه، ره‌نگه‌ ئه‌م گه‌ڕه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر نازناوی پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ دیاری بكات، به‌شێك له‌ یانه‌ گه‌وره‌كانیش شه‌ڕی مانه‌وه‌ و دانه‌به‌زین له‌ خوله‌كه‌ ده‌كه‌ن، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

سیروانی نوێ نایه‌وێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ مێژوویه‌ له‌ ده‌ست بدات‌
سیروانی نوێ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری سه‌ید سادق ده‌كات، رزگار عه‌لی راهێنه‌ری سیروانێ نوێ ده‌یه‌وێت هه‌مان سیناریۆی یاریی چوون و قۆناغی یه‌كه‌م به‌سه‌ر میوانه‌كه‌ی دووباره‌ بكاته‌وه‌، كاتێك به‌ گۆڵێكی بێوه‌ڵام له‌ نێو سه‌ید یادق‌ یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌، كه‌ تاكه‌ تیپیشه‌ له‌م وه‌رزه‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ی له‌ یاریگه‌ی سه‌ید سادق تۆماركردبێت، به‌ بردنه‌وه‌شی له‌م یارییه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوی خولی نایابی كوردستان بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، 47 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پێشه‌نگی خوله‌كه‌یه‌.
سه‌ید سادق، پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كان ئاستێكی نایاب له‌م وه‌رزه‌ پێشكه‌ش ده‌كات، چه‌ندین ئه‌نجامی گه‌وره‌ی له‌ دژی یانه‌كان تۆماركردووه‌، به‌ ئاسانی خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ ناده‌ن، تا دواین خوله‌ك ده‌جه‌نگن، ده‌یانه‌وێت تۆڵه‌ی شكسته‌كه‌ی قۆناغی یه‌كه‌م له‌ سیروانی نوێ بكه‌نه‌وه‌ و دۆخه‌كه‌یان لێ ئاڵۆز بكه‌ن، خۆشیان له‌ پێگه‌ی سێیه‌م به‌هێتر بكه‌ن، كه‌ ئێسته‌39 خاڵیان هه‌یه‌ و هه‌وڵی پله‌ی دووه‌میش ده‌ده‌ن.

ئارارات ده‌یه‌وێت هه‌ولێر له‌ گێژاوی دابه‌زین بهێلێته‌وه‌ و دۆخه‌كه‌ی خراپتر بكات
ئارارات له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ولێر ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ به‌ دێربی هه‌ولێر داده‌نرێت، ئارارات مانه‌وه‌ی خۆی مسۆگه‌ر كردووه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت دۆخی هه‌ولێر ئاڵۆزتر بكات و له‌ ناوچه‌ی دابه‌زین بیهێلێته‌وه‌، راهێنه‌ر عه‌بدوڵڵا مه‌حموود، كه‌ دووه‌م یارییه‌تی سه‌رپه‌رشتی تیپی ئارارات ده‌كات، هه‌وڵدهده‌دات له‌ تیپه‌كه‌ی پایته‌خت بباته‌وه‌، كه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م خۆی سه‌رپه‌رشتی تیپی هه‌ولێر بووه‌، به‌مه‌ش شاره‌زای باشی هه‌یه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ كێشه‌و گرفته‌كانی ئه‌و تیپه‌ له‌ رووی هونه‌رییه‌وه‌ ده‌زانێت و، خاڵه‌ به‌ هێز و لاوه‌زه‌كانی ده‌ستنیشانكردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش یاریزانه‌كانی هه‌ردوولا، به‌ هۆی له‌یه‌كترنزیكیه‌وه‌ شاره‌زای شێوازی یاریكردنی یه‌كترن، ئه‌مه‌ش هه‌ستیاری یارییه‌كه‌ زیاتر ده‌كات، ئارارات له‌ خانه‌ی ده‌یه‌م دێت به‌ 31 خاڵ.
هه‌ولێر له‌ سه‌رتای خوله‌كه‌ تا ئێسته‌ 4 راهێنه‌ری گۆڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی وه‌ك پێویست نین و ئێسته‌ به‌ 22 خاڵ له‌ كۆتا ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت، مه‌ترسی ئه‌وه‌شی له‌سه‌ره‌ بۆ پله‌ یه‌كه‌كان دابه‌زێت، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ناو و شكۆی یانه‌ی هه‌ولێر ناگونجێت، له‌ كاتێكدا سێ جار پاڵه‌وانی خولی نایابه‌، خاڵی لاوازی هه‌ولێرییه‌كان له‌ به‌رگرییه‌، چونكه‌ تا ئێتسه‌ 33 گۆڵی لێكراوه‌، كه‌ زۆرترین رێژه‌ی گۆڵ لێكرانه‌، 12 دۆڕانیشی هه‌یه‌، كه‌ زۆرترین دۆڕانه‌، بژار ئه‌كره‌می راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت هه‌ولێر له‌م دۆخه‌ رزگار بكات و له‌ نایاب بیهێلێته‌وه‌.

هه‌ندرێن میوانی چه‌مچه‌ماڵه‌ و هیوایه‌كی كه‌می بردنه‌وه‌ی خوله‌كه‌ی هه‌یه‌
چه‌مچه‌ماڵ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، چه‌مچه‌ماڵ به‌ هیوای بردنه‌وه‌ له‌م یارییه‌ و شكستی سه‌ید سادق یاریی ده‌كات، چونكه‌ به‌مشێویه‌ ده‌گاته‌ خانه‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌، چه‌مچه‌ماڵ له‌گه‌ڵ یونس سلێمانی راهێنه‌ر ئه‌نجامه‌كانی به‌ره‌و هه‌ڵكشانه‌، بۆیه‌ له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ ئاماده‌ترن له‌ هه‌ندرێن، چه‌مچه‌ماڵ سه‌ره‌ڕای كه‌می داهات و رۆیشتنی چه‌ند یاریزانێكی سه‌ره‌كی له‌ پێكهاته‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی زۆر باشن، 36 خالی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی چواره‌م دێت.
هه‌ندرێن، هیوایه‌كی كه‌می بردنه‌وی نازناوه‌كه‌ی ماوه‌، چونكه‌ ده‌بێ ئه‌م یارییه‌ بباته‌وه‌ و سیروانی نوێش بدۆڕێت، ئه‌وكات جیاوازی خاڵه‌كان له‌گه‌ڵ سیروان ده‌بێته‌ 2 خاڵ و سێ یارییش ده‌مێنێت، هیوای بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ی بۆ زیندوو ده‌بێته‌وه‌، 42 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی دووه‌م دێت.
یارییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م گه‌ڕه‌، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر میوانداری دهۆك ده‌كات، زاخۆش بۆ خۆ رزگاركردن له‌ ده‌ره‌بندیخان یاریی ده‌كات، سۆرانیش له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری برایه‌تی ده‌كات، كه‌ سۆران مه‌ترسی دابه‌زینی له‌سه‌ره‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م یارییه‌ شكست بهێنێت دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌بێت بۆ سۆرانییه‌كان، چونكه‌ یاریی قووڕستری له‌ خوله‌كه‌ ماوه‌، نه‌ورۆزیش رۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی میواندری شه‌قڵاوه‌ ده‌كات.