پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

“مباپێ به‌ درێسی ریال مه‌درید هه‌موو ریكۆرده‌كانی لالیگا ده‌شكێنێت”

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌نگۆی رۆیشتنی كلیان مباپێ له‌ یانه‌ی پاریس سانجێرمان تا دێت زیاتر ده‌بێت، زۆرینه‌ی ئاماژه‌كانیش به‌ ئاراسته‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید رێككه‌وتووه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراویش ناوی مباپێ له‌ پاڵ ناوی بارسێلۆناش دێت. یاریزانێكی پیشووی بارسێلۆناش پێیوایه‌ كلیان مباپێ ته‌نیا بۆ ریال مه‌درید گونجاوه‌ و ده‌توانێت هه‌موو ریكۆرده‌كانی لالیگا بشكێنێت.

مباپێ ده‌چێته‌ بارسێلۆنا؟
له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو ده‌نگۆی په‌یوه‌ندیكردنی كلیان مباپێ به‌ یانه‌ی بارسێلۆنا بڵاوكرایه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنیش له‌ باره‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ بۆچوونی بارسێلۆنای وه‌رگرتووه‌. فابریزیۆ رۆمانۆ یه‌كێك له‌ دیارترین رۆژنامه‌نووسه‌كانی ئه‌ورووپا له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاندووه‌ كه‌ بارسێلۆنا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له‌ گواستنه‌وه‌ی كلیان مباپێ ناكاته‌وه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هیچ هه‌وڵێك له‌ لایه‌ن بارسێلۆناوه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌ نه‌دراوه‌.
له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، رۆژنامه‌ی ئیسپانی، له‌ نوێترین هه‌واڵیدا رایگه‌یاندووه‌ كلیان مباپێ له‌ واژۆكردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید نزیك بووه‌ته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا عوسمان دێمبلی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی بارسێلۆناش رازیبووه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پاریس سانجێرمان بكات و ببێته‌ شوێنگره‌وه‌ی كلیان مباپێ.
“ریال مه‌درید باشترین شوێن بۆ مباپێ”
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆچوونی سیسك فابریگاس یاریزانی پێشووی یانه‌ی بارسێلۆنایه‌ له‌ لێدوانێكدا پێشنیاز بۆ كلیان مباپێ ده‌كات له‌ رۆیشتنی بۆ ریال مه‌درید په‌شیمان نه‌بێته‌وه‌ و پێیوایه‌ باشترین شوێنه‌ بۆ ئه‌و هێرشبه‌ره‌ فه‌ره‌نسسه‌.
سیسك فابریگاس یاریزانی ئێستای یانه‌ی مۆناكۆی فه‌ره‌نسا له‌ لێدوانێكدا كه‌ له‌ پێگه‌ی ماركای ئیسپانیا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ چاره‌نووسی كلیان مباپێ نییه‌، به‌ڵام كارێكی باش ده‌كات كه‌ بیر له‌ لالیگا ده‌كاته‌وه‌.
فابریگاس ده‌شڵێت: په‌یوه‌ندیم به‌ ریال مه‌درید نییه‌ و ناشزانم تا چه‌ند بۆ گواسته‌وه‌ی كلیان مباپێ له‌سه‌رهێڵه‌، به‌ڵامن له‌ لالیگا یاریم كردووه‌ و رووبه‌ڕووی ریال مه‌دریدیش بوومه‌ته‌وه‌ و ئه‌زموونیشم له‌ خولی فه‌ره‌نسا هه‌یه‌، پێموایه‌ ریال مه‌درید باشترین شوێنه‌ بۆ كلیان مباپێ و ده‌توانێت له‌ لالیگا هه‌موو ریكۆرده‌كان بشكێنێت.
كلیان مباپێ له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی پاریس سانجێرمان كۆتایی دێت و به‌ گوێره‌ی میدیایه‌كان ئه‌و یاریزانه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید نزیك بووه‌ته‌وه‌.
كلیان مباپێ 23 ساڵان، له‌ یانه‌ی مۆناكۆ ده‌ركه‌وت، دواتر ئه‌م یانه‌یه‌ی جێهێشت و له‌ 2017 به‌ به‌های 120 ملیۆن یۆرۆ بۆ پاریس سانجێرمان گواسترایه‌وه‌، ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان له‌ كۆی 37 یاری، 26 گۆڵ و 17 ئاسیستی كردووه‌.