یانه‌ی بارسێلۆنا له ئێستاوه ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه زۆرترین گۆڕانكاری بكات، میدیایه‌كانی ئیسپانیا ناسنامه‌ی ئه‌و یاریزانانه ئاشكرا ده‌كه‌ن كه بارسێلۆنا هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی بۆ ده‌دات، له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌ڵێت: ئه‌م سه‌رده‌مه كۆتایی هات چیتر یاریزانه‌كانمان له ده‌وری یه‌ك یاریزان كۆناكه‌ینه‌وه و پێكهاته‌یه‌كی نموونه‌یی دروست ده‌كه‌ین.
بارسێلۆنا و ریال مه‌درید بۆ ئه‌م یاریزانه له كێبڕكێ دان
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانیا، یانه‌كانی ریال مه‌درید و بارسێلۆنا به فه‌رمی ئۆفه‌ریان پێشكه‌شی نۆسه‌یر مه‌زراوی به‌رگریكاری یانه‌ی ئا‌یاكس ئه‌مستردام كردووه.
مه‌زراوی به‌رگریكاری مه‌غریبی لای راستی یانه‌ی ئا‌یاكس ئه‌م وه‌رزه له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان له كۆی 31 یاری، 5 گۆڵ و 4 ئاسیستی كردووه.
پێگه‌ی ئاس نووسیویه‌تی: ریال مه‌درید ده‌یه‌وێت ئه‌م یاریزانه له چنگی بارسێلۆنا ده‌ربێنێت، له رێگه‌ی مینۆ رایۆلای به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانییه‌وه گفتووگۆیه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه عه‌ره‌به ده‌ستپێكردووه.
له لایه‌كی دیكه‌وه رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه مه‌زراوی به نه‌خێر وه‌ڵامی ئۆفه‌ره‌كه‌ی ریال مه‌دریدی داوه‌ته‌وه و راگه‌یاندووه كه بارسێلۆنای هه‌ڵبژاردووه.
رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانیا ئاشكرای كردووه بارسێلۆنا په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ مه‌زراوی هه‌یه و رازیكردووه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی چاڤی هێرناندێز له كامپ نوو یاری بكات.
مه‌زراوی ته‌مه‌ن 24 ساڵ، له تازه‌پێگه‌یشتووانی ئا‌یاكس ده‌ركه‌وتووه، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2006ـه‌وه كه ئه‌وكات ته‌مه‌نی 9 ساڵ بووه له یانه‌ی ئا‌یاكس یاریی بۆ سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی ئه‌و یانه‌یه كردووه و له هاوینی ئه‌مساڵ گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئا‌یاكس كۆتایی دێت و بڕیاری داوه گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ نه‌كاته‌وه و یانه‌كه‌ی جێبهێڵێت.
لیڤاندۆڤسكی له بارسێلۆنا نزیكه
بارسێلۆنا له گواستنه‌وه‌ی رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی هێرشبه‌ری پۆله‌ندی نزیك بووه‌ته‌وه و پێشبینی كراوه ببێته سه‌ركرده‌ی هێڵی پێشه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ی چاڤی هێرناندێز بۆ وه‌رزی داهاتوو.
رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا، له راپۆرته هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه كه بارسێلۆنا ئۆفه‌رێكی بۆ چوار وه‌رز تاوه‌كو 2026 پێشكه‌شی رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی 33 ساڵان كردووه.
لیڤاندۆڤسكی ئه‌م وه‌رزه له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان له كۆی 37 یاری، 45 گۆڵ و 4 ئاسیستی كردووه و پێشه‌نگی گۆڵكارانی چامپیۆنزلیگ و بۆندزلیگای گرتووه.
سه‌رچاوه‌كه نووسیویه‌تی: گواستنه‌وه‌ی لیڤاندۆڤسكی قورس نییه و گرێبه‌ستێكی ئاڵۆز نابێت هاوشێوه‌ی هالاند، به‌وپێیه‌ی یاریزانه‌كه بۆخۆشی ئاره‌زووی یاریكردن ده‌كات بۆ یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه.
لیڤاندۆڤسكی له هاوینی 2010 خولی پۆڵه‌ندای جێهێشت و به به‌های 4 ملیۆن یۆرۆ روویكرده یانه‌ی دۆرتمۆند، له‌گه‌ڵ یانه‌ی دۆرتمۆند له كۆی 187 یاری، 103 گۆڵ و 42 ئاسیستی هه‌بوو، دواتر له هاوینی 2014 به به‌های 50 ملیۆن یۆرۆ بۆ یانه‌ی بایرن میونشن گواسترایه‌وه، له‌گه‌ڵ یانه باڤارییه‌كه له كۆی 366 یاری، 339 گۆڵی كردووه.
چاڤی هێرناندێز داوای یاریزانێكی له‌به‌رپرسانی یانه‌كه‌ی كردووه
یانه‌ی بارسێلۆنا له گواستنه‌وه‌ی زستانه 3 یاریزانی له پرێمه‌رلیگه‌وه گواسته‌وه، ئۆبامیانگ له ئارسێناڵ، فێران تۆرێس له مانچێسته‌ر سیتی و ئاداما تراورێ له ولڤرهامتن، پێشبینی ده‌كرێت یاریزانێكی لیدز یونایتد ببێته چواره‌مین یاریزانی پرێمه‌رلیك كه رووده‌كاته بارسێلۆنا.
رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا، ئاشكرای كردووه كه بارسێلۆنا له‌سه‌ر راسپارده‌ی چاڤی هێرناندێز گفتووگۆیه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی رافینهای یاریزانی باڵی راستی لیدزیونایتد ده‌ستپێكردووه كه پێشبینی كراوه ئه‌م یاریزانه له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه یانه‌كه‌ی جێبهێڵێت.
به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه، چاڤی ده‌یه‌وێت له ئێستاوه پلان بۆ شوێنگره‌وه‌ی عوسمان دێمبلی دابنێت كه له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا كۆتایی دێت و هێشتا پێشوه‌چوونێك بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی دێمبلی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا رووینه‌داوه.
رۆژنامه‌ی سپۆرت نووسیویه‌تی: چاڤی چاودێرییه‌كی وردی رافینهای كردووه و له ڕووی لایه‌نی هێرشبه‌ری هونه‌ری تاكه‌كه‌سی و خێراییه‌كه‌ی زۆر به‌و یاریزانه به‌رازیلییه سه‌رسامه و ده‌یه‌وێت به‌خێرایی گرێبه‌سته‌كه‌ی یه‌كلایی بكاته‌وه ئه‌گه‌رنا دوورنییه په‌یوه‌ندی به بایرن میونشن بكات.
رافینهای ته‌مه‌ن 25 ساڵ، له هاوینی 2020 له یانه‌ی رینسی فه‌ره‌نسا به به‌های 18 ملیۆن یۆرۆ روویكرده یانه‌ی لیدز یونایتد، ئه‌م وه‌رزه له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی له كۆی 28 یاری، 9 گۆڵ و 3 ئاسیستی كردووه.
لاپۆرتا: 4 تا 5 یاریزانی دیكه ده‌گوازینه‌وه
خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا له چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا رایده‌گه‌یه‌نێت بارسێلۆنا له هه‌ستانه‌وه‌دایه و ئێستا پێویست ناكات به دوای یاریزاناندا بگه‌ڕێین یاریزانه‌كان بۆ خۆیان په‌یوه‌ندیمان پێوه ده‌كه‌ن.
خوان لاپۆرتا ده‌شڵێت: هیچ یاریزانێك به مانه‌وه ناچار ناكه‌ین، له مانه‌وه‌ی عوسمان دێمبلی دڵنیا نیم، به نیازین 4 تا 5 یاریزان بۆ هێڵی به‌رگری و ناوه‌راست و پێشه‌وه بگوازینه‌وه و چیتریش تیپێك دروست ناكه‌ین بۆ خزمه‌تی یه‌ك یاریزان، به‌ڵكو تیپێكی به كۆمه‌ڵ بنیات ده‌نێین.