سبەی خولی یانە پلە یەکی کوردستان بۆ وەرزی
٢٠٢١ – ٢٠٢٢ کۆتایی پێدێت

لە نێوان چوارقوڕنە و خانەقیندا، یەکێکیان دەگاتە خولی نایابی کوردستان، هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانییش یاریی مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ ده‌كه‌ن

بە ئەنجامدای ٥ یاری تر سبەی کۆتایی بە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان دێت، بەر لە دوو هەفتە یانەی ئاکرێ لە کۆمەڵەی یەکەمدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناو گەیشتە خولی نایابی کوردستان، سبەی لەنێوان چوارقوڕنە و خانەقینیش یەکێکیان دەگاتە خولی نایاب و شەڕی مانەوەیش لە نێوان یانەکانی کۆیە و هەڵەبجە و سلێمانی دەبێت، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتانە بارودۆخی یانەکان و خشتە و ڕیزبەندی یانەکان دەخاتە ڕوو.

چوارقوڕنە بە پاڵپشتی هەزاران هاندەری میوانداری خانەقین دەکات
دوای ئەوەی لە گەڕی پێشوو یانەی خانەقین لە ڕانیە بردەوە، ڕکەبەری گەیشتن بە خولی نایابی کوردستان، کەوتە نێوان چوارقوڕنە و خانەقین، سبەی لە شارۆچکەی چوارقوڕنە لەدواین گەڕی خولەکە هەردوو یانەکە بەیەک دەگەن، براوەی هەر یەکێکیان ڕاستەوخۆ دەگاتە خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو، یەکسان بوونیش لەبەرژەوەندی یانەی خانەقینە، بەهۆی ئەوەی کە بەپێی سیستەمی خولەکە دوو ئەگەر هاتوو دوو یانە خاڵەکانیان وەکو یەک بێت، بەپێی جیاوازی یاری نێوانیان یانەی خانەقین سەردەکەوێت، چونکە لەقۆناغی یەکەم خانەقین لە چوارقوڕنەی بردۆتەوە پێشبینیش دەکرێت ژمارەیەکی یەکجار زۆر هاندەر لەو ناوچەیە و شارەکانی تری کوردستان بۆ بینینی یاریەکە ئامادە بن.
لەلایەکی ترەوە لەشاری هەڵەبجە هەردوو یانەی هەڵەبجەی شەهید و یانەی سلێمانی بەیەک دەگەن، یارییەکە هاوشێوەی یاری نێوان چوارقوڕنە و خانەقین گرنگە، چونکە دۆڕانی هەریەکێکیان مانای دابەزینیەتی لە خولەکە، هەرسێ یانەی کۆیە، سلێمانی، هەڵەبجە ١١ خاڵیان هەیە، لە ئەگەری دۆڕانی کۆیە لەبەرانبەر بە قەڵادزێ و یەکسان بوونی هەڵبجە و سلێمانی یانەی کۆیە دادەبەزێت بۆ ڕیزی یانە پلە دووەکان.

خشتەو کاتی یارییەکانی ترت بەمشێوەیەیە:
بابان – بازیان/ یاریگەی بابان
ڕانیە – ڕزگاری/ یاریگەی ڕانیە
کۆیە – قەڵادزێ / یاریگەی سلێمانی
ڕێزبەندی یانەکان:
١- خانەقین ٣٥ خاڵ لە ١٧ یاری
٢- چوارقوڕنە ٣٤ خاڵ لە ١٧ یاری
٣- ڕانیە ٣١ خاڵ لە ١٧ یاری
٤- بازیان ٣١ خاڵ لە ١٦ یاری
٥- بابان ٢٥ خاڵ لە ١٧ یاری
٦- ڕزگاری ٢٣ خاڵ لە ١٧ یاری
٧- قەڵادزێ ٢١ خاڵ لە ١٧ یاری
٨- کۆیە ١١ خاڵ لە ١٧ یاری
٩- سلێمان ١١ خاڵ لە ١٧ یاری
١٠- هەڵەبجەی شەهید ١١ خاڵ لە ١٧ یاری
ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەبەشداری ١٩ یانە بەڕێوەدەچێت، بەڵام یانەی ئاڵتون کۆپری لە کۆمەڵەی یەکەم کشایەوە، یانەکان بەشێوازی ناوچەی جوگرافی بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون، یارییەکان بەشێوەی چوون و هاتن ئەنجام دەدرێن و دوو یانە خاوەن پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە ڕاستەوخۆ دەگەنە خولی نایابی کوردستان و دوو یانە ڕیزبەندی کۆتایی هەردوو کۆمەڵەکەیش بۆ ڕیزی یانە پلە دووەکان دادەبەزن.

ھەواڵی زیاتر