هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بۆچی گه‌ڕانه‌وه‌ی مێسی بۆ به‌رشلۆنه‌ مه‌حاڵ نییه‌؟

هه‌رچه‌نده‌ له‌ هاوینی ڕابردوو، كه‌ ریزه‌كانی به‌رشلۆنه‌ی به‌ره‌و پاریس سان جێرمان به‌جێهیشت، ڕووداوێكی سه‌یر و له‌ناكاو بوو بۆ چاودێر و شاره‌زایانی وه‌رزشی، به‌ڵام ئه‌وه‌ مه‌حاڵ نییه‌ جارێكی تر مێسی بگه‌ڕێته‌وه‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌.

به‌پێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامه‌ی لۆ باریزیانی فه‌ره‌نسی، مێسی بێزار و نیگه‌رانه‌ له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ مێدیای فه‌ره‌نسی له‌گه‌ڵیدا ده‌یكه‌ن، واشیداده‌نێ كه‌ رۆژنامه‌ و مێدیاكان، له‌ ڕه‌خنه‌لێگرتنی، زیاده‌ڕه‌وی ده‌كه‌ن، به‌ واته‌یه‌كی دیكه‌، مێسی به‌رگه‌ی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی مێدیای فه‌ره‌نسی ناگرێ.
هۆكارێكی تری ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی مێسی بۆ به‌رشلۆنه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێسته‌ ئاستی به‌رشلۆنه‌ به‌رز بووه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی چاڤی هێرناندێز بووه‌ راهێنه‌ر و چه‌ند گۆڕانكارییه‌كیان كرد و یاریزانی تازه‌یان برده‌ ریزه‌كانی، ئه‌مه‌ وای كردووه‌ كه‌ هانده‌رانی به‌رشلۆنه‌ له‌م كاته‌دا هیوا و ئاواتی ئه‌وه‌ بخوازن، مێسیش له‌م پێكهاته‌یه‌دا بێ، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ یارمه‌تیده‌رێكی دیكه‌ی یانه‌كه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ به‌رشلۆنه‌ ده‌ستی به‌و هه‌نگاوه‌ كردووه‌، وه‌كوو ئاستی پێشووتری لێ بێته‌وه‌، ئه‌و ئاسته‌ی مێسی تێیدا دره‌وشایه‌وه‌.
پێش چه‌ند رۆژێكی كه‌م، لیۆنێل مێسی له‌ شاری به‌رشلۆنه‌ بوو، بۆ ئاهه‌نگی ساڵڕۆژی له‌دایكبوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ڕوونه‌ كه‌ مێسی ده‌یتوانی ئه‌و كاره‌ له‌ فه‌ره‌نسا و شاری پاریسیش بكات، به‌ڵام ئیسپانیای هه‌ڵبژارد، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بوونی هاوڕێی خۆشه‌ویستی وه‌كوو سیسك فابریگاس و لویس سوارێز. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكرێ، ماڵبات و خێزانی مێسی، له‌ پاریس ئاسووده‌ نین.
ئه‌م هۆكارانه‌ی باس كرد، ڕه‌نگه‌ وا بكه‌ن، مێسی بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌رشلۆنه‌ و سه‌رله‌نوێ له‌ ریزه‌كانی بلوگرانا ده‌ست به‌ یاریكردن بكاته‌وه‌.
مێسی، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر چه‌ندان جار دووپاتی ده‌كرده‌وه‌، كه‌ تا كۆتایی كاروانی یاریكردنی هه‌ر له‌ به‌رشلۆنه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام هاوینی ڕابردوو، به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ، مێسی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا، نه‌مانی له‌ به‌رشلۆنه‌ و چوونی پۆ پاریس سان جێرمان راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كه‌ به‌رشلۆنه‌ له‌و كاره‌دا خه‌تاباره‌ و نه‌یانتوانیوه‌ به‌ده‌میه‌وه‌ بچن، له‌و كۆنگره‌یه‌دا مێسی به‌ كوڵ گریا و به‌ گریانه‌وه‌ ماڵئاوایی له‌ هانده‌رانی كرد.