لە لوتکەی یارییەکانی گەڕی پێشکۆتایی خولی پلەیەکی کوردستان خانەقین میوانداریی ڕانیە دەکات، چوارقوڕنەی پێشەنگی یانەکانیش دەبێتە میوانی بابان

گەڕێکی تری خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەڕێوە ده‌چێت، لە کۆمەڵەی دووەمدا هەریەک لە یانەکانی چوارقوڕنە، خانەقین و ڕانیە ڕکەبەری یەکتر دەکەن بۆ بڕینی ١ پلیتی گەیشتن بە خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتانە بارودۆخی یانەکان و خشتە و ڕیزبەندی یانەکان دەخاتە ڕوو.

چوارقوڕنە بە پاڵپشتی هەزاران هاندەر دەچێتە سلێمانی
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەم و سەرکەوتنی یانەی ئاکرێ بە خولی نایابی تۆپی پێی کوردستان، ئەمڕۆ لە کۆمەڵەی دووەمی خولەکە چەند یارییەکی گرنگ و لوتکەی بەڕێوەدەچن، یانەکانی چوارقوڕنە و ڕانیە و خانەقین لە ڕکەبەری بەردەوامن، چوارقوڕنەی پێشەنگی یانەکان بە پاڵپشتیەکی زۆری هاندەرانی، کە بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی هەولێر زیاتر لە ٣ هەزار هاندەر گەشتی سلێمانی دەکەن، چاوی لەوەیە لەیانەی بابان بباتەوە و خەونی گەیشتنی بە نایابی کوردستان نزیکتر بکاتەوە، هاوکات یانەکانی خانەقین و ڕانیە کە پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە، لە یاری لوتکەی ئەم گەڕەدا ڕووبەڕوی یەکتر دەبنەوە، هەردوو یانەکە چاویان لەوەیە چوارقوڕنە لەسەر دەستی بابان شکست بهێنێت و بەبردنەوەی هەر یەکێکیان پێشەنگی یانەکان لە چوارقوڕنە وەربگرن، لە ئەگەری بردنەوەی خانەقین لە ڕانیە و بردنەوەی چوارقوڕنە لە یانه‌ی بابانی شاری سلێمانی، گەڕی کۆتایی لە نێوانی چوارقوڕنە و خانەقین دەبێتە یاری کۆتایی و یەکلا کەرەوە بۆ دیارکردنی ئەو یانەیەی کە دەگاتە خولی نایاب، لە بەرانبەردا ڕانیە چاوی لەوەیە لە خانەقین بباتەوە و چاوەڕی شکستی یانه‌ی چوارقوڕنە دەکات، تاوەکو هیوای گەیشتنی بە نایابی کوردستان بەڕێژەی ٪٩٠ بۆ بگەڕێتەوە.

خشتەو کاتی یارییەکانی ترت گەڕی پێش کۆتایی
کۆمەڵەیە دووەم:
بازیان – کۆیە/ یاریگەی بازیان
ڕزگاری – هەڵەبجە/ یاریگەی ڕزگاری
سلێمانی – قەڵادزێ / یاریگەی سلێمانی

کۆمەڵەی دووەم:
١-چوارقوڕنە ٣٣ خاڵ لە ١٦ یاری
٢- خانەقین ٣٢ خاڵ لە ١٦ یاری
٣- ڕانیە ٣١ خاڵ لە ١٦ یاری
٤- بازیان ٢٨ خاڵ لە ١٦ یاری
٥- بابان ٢٤ خاڵ لە ١٦ یاری
٦- قەڵادزێ ٢١ خاڵ لە ١٦ یاری
٧- ڕزگاری ٢٠ خاڵ لە ١٦ یاری
٨- کۆیە ١١ خاڵ لە ١٦ یاری
٩- هەڵەبجەی شەهید ١١ خاڵ لە ١٦ یاری
١٠- سلێمانی ٨ خاڵ لە ١٦ یاری
ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەبەشداری ١٩ یانە بەڕێوەدەچێت، بەڵام یانەی ئاڵتون کۆپری لە کۆمەڵەی یەکەم کشایەوە، یانەکان بەشێوازی ناوچەی جوگرافی بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون، یارییەکان بەشێوەی چوون و هاتن ئەنجام دەدرێن و دوو یانە خاوەن پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە ڕاستەوخۆ دەگەنە خولی نایابی کوردستان و دوو یانە ڕیزبەندی کۆتایی هەردوو کۆمەڵەکەیش بۆ ڕیزی یانە پلە دووەکان دادەبەزن.

ھەواڵی زیاتر