پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

یه‌كه‌مین ئه‌پڵیكه‌یشتنی وه‌رزشی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق دامه‌زرا

كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێك ئه‌پڵیكه‌یشنێكی وه‌رزشیان له‌ژێر ناونیشانی “شووت” دامه‌زراند، كه‌ تێیدا ته‌واوی زانیارییه‌كانی په‌یوه‌ست به خوله‌كانی كوردستان و عێراقی له‌خۆگرتووه‌.

ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێكی كورد ئه‌پڵیكه‌یشنی شووتیان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ناساند و ئامانج له‌و ئه‌پڵیكه‌یشتنه‌ ده‌ستخستنی داتا و ئامار و زانیارییه‌ وه‌رزشییه‌كانی كوردستان و عێراقه‌.
له‌ ئه‌پڵیكه‌یشنی شووت ته‌واوی ئامار و زانیارییه‌كانی خولی نایابی عێراق و خولی نایابی كوردستانی تێدایه‌، ته‌نانه‌ت داتایه‌كانی په‌یوه‌یست به‌ خولی پله‌یه‌كی كوردستان و عێراقی له‌خۆگرتووه‌.
له‌ نێو ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كه‌ لینكێك بۆ خولی فووتساڵی خانمانی كچان داندراوه‌ كه‌ تێیدا سات به‌ سات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كان سه‌رجه‌م ئاماری گۆڵ و ئاسیست و كارته‌ ره‌نگاوره‌نگه‌كان و ئه‌نجامی یارییه‌كان ده‌خرێته‌ڕوو. ئه‌پڵیكه‌یشنی شووت ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی زانیاری ئاسان بۆ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان، هه‌ڵبه‌ت سوودێكی باشیش به‌ هه‌وادارانی وه‌رزشی ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌ كه‌مترین كات و به‌ یه‌ك كلیك له‌ نێو مۆبایله‌كه‌ی ته‌واو زانیاری و ریزبه‌ندی و ئامار و ناسنامه‌ی گۆڵكاره‌كان وه‌رده‌گرێت، له‌ ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كه‌ سات به‌ سات خشتەی یارییەکان و ئەنجام و ڕیزبەندی و گۆڕانکارییەکانی خولەکانی کوردستان و عێراق دەگات بە مۆبایلەکەت.