هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نه‌ورۆز و زاخۆ له‌ یاریی لوتكه‌ی خولی نایابی عێراقی رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌

له‌ گه‌ڕی بیسته‌می یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی، رۆژی سێشه‌مه‌ كاتژمێر(1:30)ـی دوایی نیوه‌ڕۆ نه‌ورۆز له‌ مه‌لعه‌به‌كه‌ میوانداری زاخۆ ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ بۆ نه‌ورۆزییه‌كان به‌ یاریی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ داده‌ندرێت، چونكه‌ له‌ قۆناغی چوون به‌ ئه‌نجامی(2-1)، به‌ زاخۆ دۆڕان.

نه‌ورۆ به‌ راهێنه‌رایه‌تی وه‌لی كه‌ریم، له‌ ناوچه‌ی مه‌ترسیدار و دابه‌زین دانه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ ئێسته‌وه‌ به‌ بردنه‌وه‌ له‌ زاخۆ خۆیان له‌ ناوچه‌ی دابه‌زین و سوور رزگار بكه‌ن، چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌یان له‌ پێكهاته‌كه‌ی خۆیان كردووه‌، تا بتوانن له‌ نایابی عێراقی بۆ وه‌رزی داهاتوو بمێنه‌وه‌.
نه‌ورۆز، له‌ كۆی 19 یاریی رابردووی له‌ خوله‌كه‌، 4 بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، 5 یاریی یه‌كسان بووه‌، 10 یارییشی دۆڕاندووه‌، 17 گۆڵی كردووه‌، 26 گۆڵی لێ كراوه‌، به‌ 17 خاڵ له‌ خانه‌ی پازده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
زاخۆ له‌ نێو تیپه‌ به‌شداربووه‌كانی كوردستان له‌ خولی نایابی عێراقی، ئاست و ئه‌نجامی له‌ یانه‌كانی دیكه‌ باشتره‌، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش چه‌ند یاریزانێكی دیكه‌ی خوله‌كانی كوردستانی بۆ ریزه‌كانی گواسته‌وه‌، له‌وانه‌( سه‌فین ئه‌مین و ئاكۆ نوری) له‌ یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، كه‌ له‌ هێلی ناوه‌راست یاریی ده‌كه‌ن، زاخۆ به‌ شێوازێكی به‌رگری تووند و پشت به‌ستن به‌ هێرشی پێچه‌وانه‌ یاریی ده‌كات، له‌ كۆی 19 یاریی رابردووی 7 بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، 9 یه‌كسان و 3 دۆڕانی هه‌یه‌، 18 گۆڵی كردووه‌، ته‌نها 11 گۆڵی لێ كراوه‌، به‌ 30 خاڵ له‌ خانه‌ی چواره‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
له‌ مێژووی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی نێوان نه‌ورۆز و زاخۆ، له‌ خولی نایابی عێراقی، یه‌ك یارییان ئه‌نجامداوه‌، ئه‌ویش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی زاخۆ به‌ ئه‌نجامی (2-1) ته‌واو بووه‌.
یارییه‌كه‌ی هه‌ولێر
رۆژی چوارشه‌ممه‌ هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی مینا ده‌كات، كه‌ له‌ قۆناغی چوون، به‌ بێ گۆڵ یه‌كسان بوونه‌، هه‌ولێر دوای سزا قووڕسه‌كه‌ی و دابڕانی له‌ یاریگه‌ی خۆی بۆ ماوه‌ی مانگێك جارێكیتر له‌ یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری، به‌ هانده‌رانی خۆی شاد ده‌بێته‌وه‌، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر (4:15)ـی ئێواره‌ ئه‌نجامده‌درێت.
یانه‌ی شورته‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 53 خاڵ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ی گرتووه‌، سامه‌راش به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 4 خاڵ له‌ كۆتا ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دێت، مه‌حموود مه‌واس له‌ یانه‌ی شورته‌ به‌ تۆماركردنی 13 گۆڵ گۆڵكه‌ری خولی نایابی عێراقییه‌، شێركۆ كه‌ریم به‌ تۆماركردنی 5 گۆڵ گۆڵكه‌ری یانه‌ی هه‌ولێره‌، ئاسۆ رۆسته‌م به‌ 7 گۆڵ گۆڵكه‌ری یانه‌ی نه‌ورۆزه‌، لۆكاس سانتۆس به‌ 6 گۆڵ گۆڵكه‌ری یانه‌ی زاخۆیه‌.
یارییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌
كاره‌با × ئه‌مانه‌ی به‌غد
ته‌ڵه‌به‌ × شورته‌
نه‌فتی میسان × نه‌فت
نه‌فتی به‌سره‌ × كه‌رخ