ئه‌مڕۆ عێراق به‌ هیوایه‌كی كه‌مه‌وه‌ رووبه‌ڕووی لوبنان ده‌بێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، له‌ قۆناغی گه‌ڕانه‌وه‌ و گه‌ڕی هه‌شته‌می یارییه‌كانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌بێته‌ میوانی هه‌ڵبژارده‌ی لوبنان، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر 3ـی ئێواره‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، عێراق و لوبنان به‌ هیوایه‌كی كه‌مه‌وه‌ یاریی له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ن.

هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌ راهێنه‌رایه‌تی پیترۆڤیچ، له‌ دۆخیكی خراپ دایه‌، ماوه‌ی 11 یارییه‌ هیچ بردنه‌وه‌یه‌كیان تۆمار نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش هێنده‌ی دیكه‌ دۆخی شێره‌كانی رافیدیه‌نی ئاڵۆزتر كردووه‌، له‌ رووی هێرشبردنیشه‌وه‌ كه‌مترین گۆڵیان كردووه‌، كه‌ ته‌نها 3 گۆڵه‌ له‌ به‌رگریش زۆر خراپن و 10 گۆڵیان لێ كراوه‌.
هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ حه‌وت گه‌ڕی رابردوویان ته‌نها 4 خاڵیان هه‌یه‌، له‌ خانه‌ی پینجه‌مه‌ی گرووپه‌كه‌یان دێن، بۆ ئه‌م یارییه‌ش به‌هۆی كارتی زه‌رده‌وه‌ له‌ تواناكانی به‌شار ڕه‌سه‌ن بێبه‌ش ده‌بن، هه‌روه‌ها شێركۆ كه‌ریمی تاكه‌ یاریزانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ و یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر به‌هۆی كۆروناوه‌ ناتوانێت یاریی بكات، ته‌نانه‌ت گه‌شتی بۆ وڵاتی لوبنانیش نه‌كردووه‌، ئه‌مجه‌د عه‌توانی ناوه‌ڕاستكاریشی به‌هه‌مان هۆكاری شێركۆ ناتوانێت به‌شداربێت، كه‌ خاڵێكی به‌هێزی هه‌ڵبژارده‌كه‌یه.
هه‌ڵبژارده‌ی لوبنان، دۆخی تۆزه‌ك له‌ عێراق باشتره‌، چونكه‌ دوای 7 گه‌ڕ خاوه‌نی 5 خاڵه‌، 4 گۆڵیان كردووه‌ و 7 گۆڵیان لێ كراوه‌، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 5 خاڵ له‌ خانه‌ی چواره‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی خۆی دێت، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی لوبنان و عێراق، چاوین له‌ خانه‌ی سێیه‌می ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌، تا دواتر له‌ رێگه‌ی یارییه‌كی چون و هاتن له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دیكه‌ بتواننن سه‌ربكه‌ون و بۆ یاریی پله‌ی ئۆف له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی كیشوه‌ری ئه‌مریكای باشوور، ئینجا له‌وێوه‌ بگه‌نه‌ مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر.
رێگای سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ بڕینی بلیتی پاشكۆی مۆندیال، پێویسته‌ له‌و 3 یارییه‌ی ماویه‌تی سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات و چاوه‌ڕێی شكستی هه‌ڵبژارده‌ی ئیماراتیش بكات.
له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ به‌هێزترین هه‌ڵبژارده‌ی كه‌ ئێران بوو، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 19 خاڵ به‌ر له‌ 3 گه‌ڕ گه‌یشتنی بۆ مۆندیال مسۆگه‌ر كردووه‌، له‌ دوای ئه‌ویش هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باشوور دیت، كه‌ 17 خاڵی هه‌یه‌ و پێویستی به‌ 3 خاڵی دیكه‌یه‌ تا به‌ فه‌رمی هاوشانی ئێران بۆ مۆندیال سه‌ربكه‌وێت، هه‌ڵبژارده‌ی ئیماراتیش به‌ 9 خاڵ له‌ خانه‌ی سێیه‌م دێت، سووریاش به‌ 2 خاڵ له‌ كۆتا ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
یارییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مرۆی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌
سووریا × كۆریای باشوور
ئێران × ئیمارات