نادال له‌ خراپترین دۆخ گه‌وره‌ترین ناسناوی تێنسی به‌ده‌ستهێنا

رافایل نادالی ئیسپانیا ناسناوی گراندسلامی 21ـه‌مینی به‌ده‌ستهێنا و ریکۆردی رۆجێر فێدرێر سویسری و نۆڤاک جۆکۆڤیچی تێپەڕاند لە بردنەوەی زۆرترین پاڵەوانییەتیە گەورەکانی تێنس، دوای ئەوەی لە یارییەکی ماراسۆنی کە نزیکەی پێنج کاتژمێر و نیوی خایاند یاریی کۆتایی گراندسلامی ئوسترالیای لە دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی بردەوە و بووە پاڵەوان، له‌ دوای یارییه‌كه‌ش نادال گوتی: ئه‌گه‌رچی یارییه‌كه‌ زۆری خایاند، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاته‌كان زیاتر هه‌ستم به‌ به‌هێزبوون ده‌كرد.

سوودی له‌ نه‌بوونی فێدرێر و جۆكۆڤیچ وه‌رگرت
رافایل نادال تێنسزانی ئیسپانی لە نەبوونی رۆجێر فێدرێر و نۆڤاک جۆکۆڤیچ لە مێلبۆرن پارک لە یاریی کۆتایی تێنسی کراوی ئوسترالیا رووبەڕووی دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی بووەوە.
نادال بەربژێری شەشەمی بردنەوەی ناسناوەکە لە سەرەتای یارییەکەی بەرامبەر مێدڤێدێڤی بەربژێری دووەم خۆی بەدەستەوەدا و سێتی یەکەمی لە ماوەی 42 خولەک بە دوو شەش بەرامبەر تێنسزانە رووسیەکە دۆڕاند.
مێدڤێدێڤ لە چوارەمین بەشداریکردنی لە یارییەکانی کۆتایی گراندسلام رکابەرییەکی بەهێزی ماتادۆرە ئیسپانییەکەی کرد و سێتی دووەمیشی لە تای برێک بە حەوت شەش بردەوە و ئەرکی نادالی لە یارییەکە قوڕستر کرد و خۆیشی لە بردنەوەی ناسناوەکە نزیکتر کردەوە.
بەڵام نادال کە جاری بیست و نۆیەمینە بەشداری لە یارییەکانی کۆتایی گراندسلام دەکات خۆی بەدەستەوە نەدا، کە ئەم دوو تێنسزانە جاری دووەمە لە یاریی کۆتایی گراندسلام بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن.
جاری یەکەم لە یاریی کۆتایی گراندسلامی کراوەی ئەمریکا لە 2019 رووبەڕوو بوونەوە و ئەو کاتە نادال سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
ميدڤێدێڤ کە 12 مانگ لەمەوبەر لە یاریی کۆتایی مێلبۆرن بەرامبەر جۆکۆڤیچ دۆڕا، ئاستی لە یارییەکە دابەزی و نادال سێتی سێیەمی بە 64 خولەک بە شەش چوار بردەوە و جیاوازی ئەنجامەکەی کەم کردەوە.
لە سێتی چوارەمیش نادال بە سوود وەرگرتن لە سێرڤە بەهێزەکانی و هەڵەکانی مێدڤێدێڤ، گەڕایەوە نێو کەشی یارییەکەی و هیوای بۆ گەڕایەوە، نادال ئەم سێتەشی هاوشێوەی سێت سێیەم بە شەش چوار بردەوە جیاوازی کاتەکەش تەنیا دوو خولەک بوو.
نادال بە هیوایەکی زۆرەوە دەستی بە سێتی پێنجەم کرد و بە ئەزموونەکەی توانی تێنسزانە رووسیەکە رابگرێت کە جیاوازی تەمەنیان 10 ساڵە، نادال 35 ساڵ و مێدڤێدێڤ 25 ساڵ.
نادال ریمۆنتادایەکی مێژوویی کرد و دوای کاتژمێرێک سێتی پێنجەمیشی لە تای برێک بە حەوت پێنج بردەوە.
دوای یارییەکی دراماتیکی و ماراسۆنی کە پێنج کاتژمیر و 25 خولەکی خایاند رافایل نادال یارییەکەی بە سێ سێت بەرامبەر دوو سێت بردەوە و بۆ جاری دووەم بووە پاڵەوانی گراندسلامی ئوسترالیا و ریمۆنتادای به‌سه‌ر ركابه‌ره‌ رووسه‌كه‌دا كرد.
نادال بیست و یەکەمین ناسناوی گراندسلامی بەدەستهێنا و ریکۆردی رۆجێر فێردرێری سویسری و نۆڤاک جۆکۆڤیچی سڕبی تێپەڕاند و مێدڤێدێڤیش بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک ناسناوەکەی لەدەستدا.

نادال: نازناوی ئه‌مجاره‌م زۆر سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو
رافاییل نادال، دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ چه‌ندان وێنه‌ی یادگاری له‌گه‌ڵ جامی گراندسلام له‌ نێو شاری مێلبۆرنی ئوسترالیا گرت، له‌ باره‌ی ناسناوه‌كه‌ به‌ میدیایه‌كانی گوت: مەحاڵە بتوانم وەسفی هەستەکانم بکەم، زۆر دڵخۆشم، بردنەوەی ئەم ناسناوە بۆ من زۆر سەرسوڕهێنەرە، هەموو کاتێک بۆ بردنەوەی ئەم جامە جەنگاوم، لە کۆتاییشدا بەدەستم هێنا و پێموایە پێشبینی نەدەکرا من ببمە پاڵەوان، لە ماوەیەکی کەمی ئامادەکاریی ئەم ناسناوەم بردەوە، ئێستا چێژ لەم ساتانە وەردەگرم و پێویستیم بە کات دەبیت بۆ گەڕانەوە.
نادال گوتیشی: یاریی کۆتایی زۆر دوور و درێژ بوو، بیرمە یاریی کۆتاییم لەگەڵ فێدرێر و هەروەها جۆکۆڤیچ لە 2012 هەر بەمشێوەیە بوو، دەتوانم بڵێم یارییەکە درێژتر بوو، بەڵام ئەو کاتە بەتواناتر بووم، ئەمساڵ بۆ من جیاواز بوو. چونکە بە شێوەیەکی نموونەیی ئامادە نەبووم بۆ یارییەکی لەمشێوەیە، ئیدی پێویست بوو کە هەموو توانام بەکاربهێنم و لە کۆتاییدا سەرکەوتم.
نادال ده‌شڵێت: هەندێک جار خەونی زۆر زیاتر بەدی دێ کە لە منداڵی خەونمان پێیەوە بینیوە، ئەوە گرنگ نییە کە 21 ناسناو یان 20 ناسناوم بردووەتەوە، یان یەکێکمان بە 23 و ئەوی ترمان بە 21 ناسناو کۆتایی بە کاروانی یاریکردنمان دەهێنین. گرنگ ئەوەیە کارێکی باشمان بۆ وەرزشەکەمان کردووە، شانازی دەکەم کە بەشێکم لە مێژووی یارییەکە.

ھەواڵی زیاتر