هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هەندرێن بووە پاڵەوانی قۆناغی یەکەمی خولی نایابی کوردستان

لەیارییەکانی گەڕی پازدەیەمی خولی نایابی کوردستان هەندرێن لە زاخۆی بردەوە و بووە پاڵەوانی قۆناغی یەکەم، شەقڵاوەیش دوای ١٤ یاری یەکەم سەرکەوتنی تۆمار کرد، دەرەبەندیخانیش لەیاری دێربی گەرمیاندا گۆڵبارانی شێروانەی کرد، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتانە، ئامار و زانیارییەکان و ڕیزبەندی یانەکان و گۆڵکار و کۆمەڵێک زانیاری نوێ لەسەر خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو.

هەندرێن بووە پاڵەوانی قۆناغی یەکەم
لەیارییەکانی گەڕی پازدەیەمی خولی نایابی کوردستان کە دواین گەڕی قۆناغی یەکەم بوو هەندرێن بە بردنەوەی لە زاخۆ بووە پاڵەوانی ئەم قۆناغە، سیروانی نوێ و نەورۆز لەدێربی سلێمانیدا بە گۆڵێک یەکسان بوون، ئارارات و سەیدسادق لە لایەک و پێشمەرگەی هەولێر و برایەتی لەلایەکی تر بەهەمان ئەنجام یەکسان بوون، شەقڵاوە دوای ١٤ یاری یەکەم سەرکەوتنی لە خولەکە بەدەستهێنا، دەربەندیخانیش یاری دێربی گەرمیانی لە شێروانە بردەوە و شەش خانە لەڕیزبەندی یانەکان هاتە پێش و پلەی پێنجەمی گەرتووە.
چەند ئامارێک لەسەر خولەکە
لەکۆی ٧ یاری ئەم گەڕەدا، ١٤ گۆڵ تۆمارکراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک، ٢ گۆڵە، بۆ هەر یاریەک، ئەمەیش ڕێژەیەکی زیاترە لە گەڕی ڕابردوو کە ١١ گۆڵ تۆمار کرا بوون، دوای تێپەڕبوونی ١٥ گەڕ لەیارییەکاندا ٢٢ لێدانی سزا بۆ یانەکان هەژمار کراوە.
تا ئێستە ١٠٨ یاری ئەنجامدراون، ٢٠٥ گۆڵ تۆمارکراوە، ڕێژەوی گۆڵ بۆ هەر یارییەک ١،٨ گۆڵە،
یانەی هەندرێن زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە کە ١٩ گۆڵە، زۆرترین یاریشی بردۆتەوە کە ٩ یارییە، سیروانی نوێ کەمترین گۆڵی لێ تۆمارکراوە کە ٧ گۆڵە، یانەی چەمچەماڵ زۆرترین یاری یەکسان بووە کە ٧ یارییە، چەمچەماڵ و هەندرێن کەمترین یاریان دۆڕاندووە کە ٢ یاریە، تەنیا چەمچەماڵ و هەندرێن لەیاریگەی خۆیان نەدۆڕاون، هەولێر زۆرترین یاری دۆڕاندووە کە ٩ دۆڕانە، هەولێر و شەقڵاوە زۆرترین گۆڵیان لێ تۆمارکراوە کە ٢١ گۆڵە، هەندرێن زۆرترین یاری لەیاریگەی خۆی بردۆتەوە کە ٦ یارییە، هەندرێن تاکە یانەیە لەیاریگەی خۆی گۆڵی لێ تۆمارنەکراوە، سەیدسادق ئەم وەرزە ٥ یاری بردۆتەوە هەر ٥ یاریەکە لە یاریگەی خۆی بووە.

ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکە
١- بورهان قادر – یانەی دەربەندیخان ٦ گۆڵ
٢- هێمن فەرەج – یانەی نەورۆز ٥ گۆڵ
٣- دانا کامەران – یانەی برایەتی ٥ گۆڵ
٤- دانا عوسمان – یانەی پێشمەرگەی هەولێر ٥ گۆڵ
٣- پەیام ئەحمەد – یانەی سیروانی نوێ ٤ گۆڵ
٤- عەبدول مونعیم ئەحمەد- یانەی هەولێر ٤ گۆڵ
٥- فەرهەنگ وریا – یانەی پێشمەرگەی هەولێر ٤ گۆڵ
٦- سۆران عەزیز – یانەی هەندرێن ٤ گۆڵ
٧- ماجد ڕاشد – یانەی هەندرێن ٤ گۆڵ
٨- جیهان جەلال – یانەی چەمچەماڵ ٤ گۆڵ
٣یاری دواخراو بەڕێوەدەچن:
بڕیار وایە ڕۆژی شەممەی داهاتوو، ٣ یاری کە لەگەڕی هەشتەم دواخرا بوون لەیەک کاتدا لەکاتژمێر ٢:٠٠ بەڕێوەدەچن و بە ئەنجامدانی ئەو سێ یارییە قۆناغی یەکەمی خولەکە کۆتایی دێت.
چەمچەماڵ – پێشمەرگەی هەولێر/ یاریگەی چەمچەماڵ
دهۆک – نەورۆز/ یاریگەی دهۆک
سەیدسادق – برایەتی/ یاریگەی سەیدسادق
ڕیزبەندی یانەکان بەم شێویەیە:
دوای تەواو بوونی یارییەکانی گەڕی پازدەیەم ڕیزبەندی یانەکان بەمشێوەیەیە:
١- هەندرێن٣٠ خاڵ لە `١٤یاری
٢- سیروانی نوێ ٢٧ خاڵ لە ١٤ یاری
٣- پێشمەرگەی هەولێر ٢٠ خاڵ لە ١٣یاری
٤- نەورۆز ٢٠ خاڵ لە ١٣ یاری
٥- دەربەندیخان ١٩ خاڵ لە ١٤ یاری
٦- چەمچەماڵ ١٩ خاڵ لە ١٣ یاری
٧- سەیدسادق ١٩ خاڵ لە١٣ یاری
٨- ئارارات ١٩ خاڵ لە ١٤ یاری
٩- برایەتی ١٨خاڵ لە ١٣ یاری
١٠- دهۆک ١٨ خاڵ لە ١٣ یاری
١١- سۆران ١٧ خاڵ لە ١٤ یاری
١٢- شێروانە ١٥ خاڵ لە ١٤ یاری
١٣- زاخۆ ١٣ خاڵ لە ١٤ یاری
١٤- هەولێر ١١ خاڵ لە ١٤ یاری
١٥- شەقڵاوە ٩ خاڵ لە ١٤ یاری